گەڕانەوەی قاسم سلێمانی بۆ عێراق و مەترسیی کوشت و بڕی خەڵکی مەدەنی

0
871

ڕۆژی کورد: بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی هەواڵدەریی ئەلعەڕەبیە، قاسم سلێمانی فەرماندەی سپای قدسی ئێران، لەم حەوتوویەدا گەڕاوەتەوە عێراق و لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە نەجەف و کەربەلا لەگەڵ سیاسەتوانە شیعەکان و فەرماندەکانی حەشدی شەعبی کۆبۆتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری عێراقی لەمبارەوە بە ئەلعەڕەبیەی گوتووە: “سلێمانی بە هۆکاری تەناهی، زۆر لە دەرەوەی ئێران نامێنێتەوە و زۆربەیسەفەرەکانی ٣ تا ٤ ڕۆژ زیاتر ناخایەنن. بۆ ماوەی ئەوتۆ کورت دێتە دەرەوەی ئێران و دواتر دەگەڕێتەوە و پاش ماوەیەک سەرلەنوێ بۆ بەدواداچوونی پێ ئەسپێدراویە دەرەکییەکانی خۆی و سپای قودس دێتەوە سەردان دەکاتەوە”.

لە لایەکی ترەوە، ئەندامێکی پارلمانی عێراق بە ڕۆژنامەی “شەرقولئەوسەت”ـی گوتووە کە مەبەستی قاسم سلێمانی لە سەردان بۆ عێراق و سەفەر بۆ نەینەوا، شناسایی ناوچەکە و شرۆڤەی ئەگەری ئازادبوونی موسڵ ـە. ئەو ئەندامەی پارلمان هەروەها گوتووشیەتی کە سلێمانی و هاوڕێکانی و هێزە پارێزەرەکەی بێ ئەوەی بچنە بەغدا، لە ڕێگای سنووریی “ئەلمەنزەریە” لە پارێزگای دیالە و لە سنووری ئێران و عێراق، لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، هاتوونەتە ناو خاکی ئێرانەوە و ڕاستەوخۆ چوونە کەرکووک و لەوێوە چوون بۆ نەینەوا.

ئەو ئەندام پارلمانە کە سەر بە فراکسیۆنی “یەکگرتوویی هێزەکانی عێراقی”ـە و نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێ، پێداگری کردۆتەوە کە یەکێک لە هێزەکانی سنووروانیی عێراق لە خاڵی سنووریی ئەلمەنزەریە هەواڵی هاتنی سلێمانی و هاوڕێکانی بۆ ناو ئاخی عێراق لە ڕێگای ترۆمبیلێکی تایبەت و بە پلاکی ئێرانیەوە، پێداون. ئەو سنووروانە هەروەها گوتووشیەتی کە سلێمانی پاسپۆرتی نەداونێ و ناوەندە ئەمنیەتیە پەیوەندیدارەکانی عێراق لە ڕێگای تەلەفوونەوە پێیان گوتوون کە بە سەرنج دان بەوەی کە ژنرال قاسم سلێمانی، ڕاوێژکاری حکومەتی عێراقە، ئیزنی ئەوەی هەیە کە بە بێ پاسپۆرت بێتە ناو خاکی عێراقەوە”.

ئەو ئەندام پارلمانە هەروەها گوتووشیەتی: “ئەو سنووروانە ئەندامی خێڵەکەی منە، هەموو باسەکەی بۆ گێڕاومەوە و کاتێک کە من ئەو باسەم لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی بەغدا هێنایە ئاراوە گوتیان بە هۆی ئەوەی کە سلێمانی وەک ڕاوێژکاری سەربازی لە شەڕی دژ بە داعش بەشدارە، هەر هەموو چەشنە ئیزن و مۆڵەتێکی بۆ هاتنە ناو خاکی عێراق، لە لایەن حکومەتەوە پێدراوە.

بەر لەوەش ئەحمەد ئەلئەسەدی، وتەبێژی چەکدارەکانی حەشدی شەعبی لەمەڕ بەشداریی ئەو هێزانە لە شەڕی ئازادکرانی موسڵ گوتبووی، قاسم سلێمانی فەرماندەیی ئەو شەڕانە وەئەستۆ دەگرێ و گوتبووشی کە سلێمانی تەنیا ڕاوێژکاری سەربازیی حەشدی شەعبی نیە بەڵکوو ڕاوێژکاری ئەرتەش، پۆلیس و ڕێکخراوی دژەتیرۆری عێراقیشە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە بنکە و سازیەکانی مافی مرۆڤ لەمەڕ پێشێلکرانی سەرلەنوێی مافی مرۆڤ بە دژی شارۆمەندانی عێراقی، هۆشدارییان دابووە و دیدەبانی مافی مرۆڤیش داوای کردبوو کە حەشدی شەعبی کە ئەو جینایەتانەی بە دژی شارۆمەندانی موسڵ ئەنجام داوە، نابێ بەشداری شەڕی ئازادکردنی موسڵ ببێ، هەواڵەکان باس لە بەشداریی حەشدی شەعبی و سپای پاسدارانی ئێران بە ڕێبەریی قاسم سلێمانی لەو شەڕانەدا دەکەن.

سیاسەتوانانی عێراقیش هۆشدارییان داوە کە ئەگەر قاسم سلێمانی، فەرماندەی سپای قودس، لە شەڕی ئازادکردنی فەلوجەدا بەشدار بێ ئەوا ئەگەری سەرلەنوێ دووپات بوونەوە و هاتنە ئارای جینایەتی شەڕ بە دژی شارۆمەندان، ڕێک وەک ئەوەی لە فەلوجە ڕووی دا، لە ئارا دایە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت