هەڵەسوونی ڕووباری گادەر زیانی گیانی و ماڵی لێکەوتەوە+ڤیدیۆ

0
1225

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە شاری شنۆ، بە هۆی هەڵەسوونی ڕووباری گادەر، زیانێکی زۆری مادی لە گوندنشینانی دەڤەری شنۆ و هەروەها دەڤەری مەڕگەوەر کەوتووە و ڕێژەیەکی زۆر زەوی و زار و هەروەها ماڵ و بیانی هاووڵاتییان کەوتۆتە بەر لافاو و لە ناو چووە.

لە هەمان کاتدا، مێرمنداڵێکی ١٢ ساڵانەی خەڵکی ئەو دەڤەرە بە هۆی ئەو لافاوەوە خنکاوە و تا ئێستاش تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.

هرووژمی لافاوەکە بە ڕادەیەک زۆرە، کە زۆرێک لە هاووڵاتییانی ئەو گوندانە تا ئێستاش نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە ناو ماڵەکانی خۆیان.

جیا لە زەوی و زار و بینای ماڵەکان، ڕێژەیەکی زۆریش لە هەنگ و مێشی هاووڵاتیان وەبەر لێفاو کەوتووە و لەناو چووە.

هەروەها هاووڵاتیانی بەشێک لەو گوندانە ڕایانگەیاندووە بە هۆی هەبوونی مەترسیی هەڵەسوونی دووبارەی ڕووباری گادەر، ناوێرن جارێ بگەڕێنەوە ناو ماڵەکانیان و ناو گوندەکانیان.

بە هۆی لافاوی ڕووباری گادەر، لە ئێستادا ڕێگای هاتووچوو نێوان پیرانشار و شنۆ قەپات بووە.

گوندەکانی، نەڵۆس، پردان، ئاسناوێ، شێخان، سەوزە، سەرگیز، پووشاوێ و چەندین گوندی تری شنۆ، ئەو گوندانەن کە بە هۆی هەڵسوونی ڕووباری گادەر، زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.

ئەندازیارێکی کشت و کاڵ لەمبارەوە بە ناوەندی ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند، بە سەرژمارێکی سەرەتایی، ڕێژەی خەسارە مادیەکان، زیاتر لە ٤ میلیارد تمەن ئەژمار دەکرێت.

تا ئێستا ناوەندە بەرپرسەکانی ڕژیم لەو دەڤەرە، هیچ ئاوڕێکی جیدیان لە هاووڵاتیان و کێشەکانیان و هەروەها نیشتەجێ کردنی کاتیی هاووڵاتیانی خەسارپێگەیشتوو نەکردۆتەوە و تەنیا هەیڤی سوور (هیلالی ئەحمەر) لە رێگای فەرمانبەرە خۆجێیەکانیەوە، تا ڕادەیەکی یارمەتیی سەرەتایی هاووڵاتیانیان داوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت