ئێران پێشنیاری دامەزراندنی سپای پاسداران لە عێراق دەکات

0
656

موحسێن ڕەفیق دوست، فەرماندەی پێشووی سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ڕژیمی ئێران پێشنیاری داوە تا بە یارمەتیی ئێران “سپای پاسدارانی عێراق” دابمەزرێندرێ.

ڕەفیق دۆست لە وتووێژی تایبەتیی بۆ “باشگای خەبەرنیگارانی جەوان” ـی سەر بە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی: “ئەگەر سپای پاسدارانی عێراق دابمەزرێندرێت، ئەوا ئێمە ئامادەین بە هەموو هیز و توانامانەوە یارمەتیدەر و هاریکار بین بۆ دامەزراندنی”.

ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئێران هەروەها گوتی: “ئەگەر عێراق بیهەوێ سپای پاسداران دابمەزرێنێ ئەوا ئێران ئامادەیە سەرجەم ئەزموونی خۆی لەو بارەوە لە خزمەت ئەو وڵاتە بهاوێ”.

ڕەفیق دوست هەروەها لە درێژەدا گوتی: “سپاسی پاسدارانی ئێمە، ڕێچکەیەکی یەکجار باشە، سەرکەوتوو بووە و لە گۆڕەپانی ناونەتەوەییدا ئامادەیە و دەتوانێ ڕێچکەیەکی هەلێک باش بی بۆ ناوچەکە و لە تاقیکارییەکاندا سەرکەوتوو بوو”.

 شایانی ئاماژەیە کە لە ئێستادا هێزەکانی “حەشدی شەعبی” کە هێزێکی شێوەسەربازین لە عێراق لە ژێر چاوەدێری و کۆنترۆڵی ئێراندان و دابین دەکرێن، تا ئێستاش پێشێلکاریی زۆریان کردووە و تاوانبارن بە کۆمەڵکووژیی عەرەبە سووننەکان و هەروەها تا ئێستا چەند جار لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستانی باشووریش دەرگیر بوون.

سپای پاسدارانی ئێران، لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی درووست بووە و تا ئیستا بە سەرەکیترین هیزی ئێران لە بواری سیاسی و ئابووری و سەربازییەوە دەناسرێت و لقێکی هەیە بە ناوی لقی “سپای قودس” لە خەریکی بەڕێوەبردنی پیلانەکانی ڕژیم لە جیهان و ناوچەیە و تا ئێستا دەیان تیرۆری لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران ئەنجام داون.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت