لە باژێڕەکانی باشووری عێراق، وێنەی خومەینیان هێنایە خوارەوە
ڕۆژی کورد: شەوی هەینی ١٩ی جۆزەردان، سەدان کەس لە ناڕازییانی عێراقی کە ڕێپێوانێکیان لە شارەکانی باشووری عێراق پێکهێنابوو، وێنە و پۆستێری خومەینی و خامنەییان هێنایە خوارووە خستیانە ژێر پێیان و بێ ڕێزیییەکی زۆریان پێ کردن.
ڕێپێوانچیەکان دواتر هێرشیان کردە سەر بارەگای چەند حیزبی عێراقی و یەک لەوان حیزبی دەعوەی نزیک بە ڕژیمی تاران.
دوابەدوای ئەو ڕێپێوانە، نووری ئەلمالکی بە دەرکردنی ڕاگەیێندراوێک، ئەو ڕێپێوانەی مەحکووم کرد و ڕەخنەی تووندی لێگرت و گوتی “کردەوە و جوولانەوەی ئەوانە وەک هی لایەنگرانی سەددان حوسێن ـە”.
لە لایەکی ترەوە، حەیدەر ئەلعەبادی، سەرۆک وەزیرانی ءێراقیش لە ڕێگای ڕاگەیێندراوێکەوە گوتی کە لە هەمبەر کردەوەی ئەوتۆ دەوێستێتەوە و گرووپی نەناسراو بە بەرپرسی سووتاندنی نووسینگەی حیزبە سیاسییەکان دەزانێ .
شایانی ئاماژەیە کە ئەو ناڕازییانە زۆربەیان لایەنگرانی موقتەدا سەدر بوون کە پێشتریش لایەنگرانی سەدر پارلمانی عێراقیان داگیر کردبوو و درووشمیان بۆ چاکسازی دەدا.
شایانی ئاماژەیە کە، ئەبوولوەلا ئەلوەلایی، سکرتێری گشتیی گوردانەکانی “سەیدووشوهەدا”ـی عێراق، وێڕای ئەوەی کە پشتڕاستی کردەوە کە ئەوان یارمەتیی ماڵی و سەربازی لە ئێران وەردەگرن، گوتی: “زۆربەی حیزبەکانی عێراق و لە نیاویاندا حەشد شەعبی، یارمەتی لە ئێران وەردەگرن.
بەپێی قسەکانی ئەبوولوەلا، وەرگرتنی ئەو یارمەتییە ماددیانە لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە دەستی پێکردووە.