ئەفسەرێکی پلەبەرزی سەعوودیە: ئێران دابەش دەبی بۆ ٦ وڵات

0
812

ئەفسەرێکی پلە بەرزی عەڕەبستانی سەعوودی باس لەوە دەکا کە بەپێی گەڵاڵەیەک کە “سیا” کاری لەسەر دەکا، دەبێ ئێران ببێتە ٦ وڵات و دابەش بکرێت.

ئەنوەر ماجید عیشقی، سەرلەشکری خانەنشین کراوی سەعوودی کە بەم دواییانە لەگەڵ یەکێک لە بەرپرسانی ئەمریکا چاوپێکەوتنی کردووە باسی لەوە کردووە کە بەرپرسانی پێشوو و ئێستای “سیا” کار لەسەر گەڵاڵەیەک دەکەن کە بەپێی ئەو گەڵاڵەیە، سێ وڵاتی خۆرهەڵاتی ناڤین نامێنن و ئێرانیش دابەش دەبێ بۆ شەش وڵات.

عیشقی لە لاپەڕەی ئینتێرنێتیی خۆیدا نووسیویەتی: “ئێران دابەش دەبێ بۆ شەش وڵات کە ناوی ئەو وڵاتانە، ئازەربایجان، تورکەمەنستان، کوردستان و عەرەبستان و بەلووچستان و فارس دەبێ”.

عیشقی هەروەها نووسیویەتی لە وڵاتانی عەرەبیش قەیران ساز دەبێ، کوردستانێکی مەزن لە کوردەکانی سووریە و ئێران و تورکیە پێکدێت.

ئەو ئەفسەرەی سەعوودیە پاییزی ساڵی پار بە هەواڵدەریی واڵ ستریت ژورناڵـی گوتبوو کە عەرەبستان و ئیسراییل لەمێژە ستراتژییەکی گرنگیان داڕشتووە تا بەپێی ئەو ستراتژییە، بێ ئەوەی کە پێویستییان بە خۆتێهەڵقووتان و بەشداریی ڕاستەوخۆی ئەمریکا هەبێ، سەرەتا خۆ بخزێننە ناو ئێرانەوە و دواتر ڕادەی هێزی ئێران لە ناوچەکە کەم بکەنەوە و بەم جۆرە بە کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ئێران پێشی پێ بگرن.

سەرەکیترین کاری ناو بەرنامەی ئیسراییل و عەڕەبستان بریتیە لە لابردنی بابەتی فەلەستین، ئەوەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی تواناییەکانی ئێران و دەسەڵاتەکەی لە ناو وڵاتانی ئیسلامیە.

ئیسراییل و سعوودیە لە جیاتی کردەوەی ڕاستەوخۆ بە دژی ئێران کە لە توانایی ئەواندا نیە، چەقیان بەستۆتە سەر سووریە و هاوکاریی عەڕەبەکان لەگەڵ ئیسراییل بە دژی حیزبووڵا کە یەکێک لە لقەکانی ئەو بەشەیە.

 عیشقی لەمەڕ قۆناغەکانی دواتری ئەو ستراتژییە پێداگری دەکات کە ڕەوتی سڕینەوەی ئێران لە قۆناغی یەکەمدا، هێرش کردنە بۆ سەر هێزی ناوچەیی ئێران واتا عێراق. لەو ناوەدا دەوری ئەمریکا، چالاکیی سیاسییە لە ناوچەکەدا.

عیشقی بە هەواڵدەریی واڵ ستریت ژورناڵی گوتبوو: “هەر ئەوەی کە توانیمان لە یەمەن پێش بە ناردنی یارمەتییەکانی ئێران بۆ شیعە حوسییەکان بگرین، خۆی سەرکەوتنێکی مەزن بوو”.

 ئەو ئەفسەرە پلەبەرزەی سعوودیە هیواشی خواست کە ڕووسیە مامەڵە لەگەڵ ئەوان لەسەر وەرگرتنی پارە و هاوکاریگەلی ئابووری و هەروەها دڵنیابوونەوە لە کۆنترۆڵی تەکفیرییەکان لە قەفقاز لە بەرانبەر دەست کێشانەوە لە سووریە و ئێران، قەبووڵ بکات.

ماوەیەک بەر لە ئێستا، مایکل هایدن، سەرۆک پێشووی “سیا” باسی لە گەڵاڵەیەکی ٥ ساڵە کردبوو کە بەپێی ئەو گەڵاڵەیە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە خۆرهەڵاتی ناڤین دێتە ئاراوە. هایدن گوتبووی: “خۆرهەڵاتی ناڤینی هەنووکە، ڕێک وەک سەردەمی پاش شەڕی جیهانیی دووهەمە کە زۆربەی وڵاتان پێبەندی یاسا ناونەتەوەییەکان نەبوون”.

زۆرێک لە فەرماندەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە وڵامی زۆرێک لە کەسایەتی و میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، زۆر جار پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە کە ئەگەر ئێمە ئێستا لە سووریە و عێراق شەڕ نەکەین ئەوا ناچار دەبین لە کرماشان و هەمەدان و تەنانەت لە شەقامەکانی تاران لەگەڵ “دەستدرێژکەران” ڕووبەڕوو ببینەوە و شەڕ بکەین.

لینکی تویتێری ئەنوەر ماجید عیشقی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت