ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی باشوور، وڵامی لێدوانی موحسێن ڕەزایی داوە

0
608

ڕۆژی کورد” شەوی هەینی لەسەر شەممە، ٢٦ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، موحسێن ڕەزایی بەڕێوەبەری دەستەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێم، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ڕەسمیی تەلەفزیۆنی ڕژیم ، هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان کرد.

ڕەزایی لە لوێدوانەی خۆیدا گوتی: ” ئەگەر ڕێگە لە جموجۆڵی دیموکرات و کۆمەڵەکان نەگرن، “عەمەلیاتی لەناوبردن” ی ئەو حزبانە و “بنکەی ڕاهێنانی سەربازی” سعوودیە لەناو خاکی هەرێمی کوردستانی عێراقدا ئەنجام دەدەن.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی باشوور لە ڕاگەیێندراوێک کە لە ماڵپەڕی فەرمیی حکومەتی هەرێمدا بڵاو بۆتەوە، وڵامی ئەو لێدوانەی موحسێن ڕەزایی داوەتەوە.

دەقی ڕاگەیێندراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان باشوور بەو شێوەی خوارەوەیە:

بەڕێز موحسن ڕەزایی ئەمینداری ئەنجومەنی تەشخیسی مەسڵەحەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی شەبەكەی یەكی وڵاتەكەی باسی لەوە كردووە كە وڵاتی سعوودیە یارمەتیی حزبە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئێرانی داوە و لە شاری هەولێر دوو حزبی كوردی ڕۆژهەڵاتی چالاك كردووە و بنكەیان لە نزیك سنوورەكان ئێران دامەزراندووە و ئەگەر ئەوان هەر بەردەوام بن و حكوومەتی هەرێم بیرێك لەم بابەتە نەكاتەوە، ئەوا بەمزووانە لەدژیان ئۆپه‌راسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدەین و ئۆباڵەكەیش دەخەینە سەر شانی سەرۆك بارزانی.

لە وەڵامی ئەو بەرپرسەی كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایدەگەیه‌نین كە:

یەكەم: سەرتاپای ئەو زانیاری و لێكدانەوانەی بەڕێز موحسنی ڕەزایی لەبارەی ڕووداوە سنوورییەكانی ئەم دواییه‌وە كە لە چاوپێكەوتنەكەدا باسی كردووە هەڵەن و هیچ بنەمایەكی نییە.

دووەم: كۆمیتەیەكی هاوبەشی ئەمنی لەنێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی كوردستاندا هەیە. هەر گرفت و كێشەیەك هەبێت لەو كۆمیتەیەدا باس دەكرێ و چارەسەر دەكرێ. ئەگەر یەك بەڵگە هەبێت لەسەر ڕاستیی قسەكانی بەڕێز ڕەزایی، با كۆمیتەی هاوبەشی ئەمنی بەدواداچوونی بۆ بكات.

سێیەم: بەلای هەرێمی كوردستانەوە ئاساییش و سەقامگیریی كۆماری ئیسلامیی ئێران گرنگە و بایەخی هەیە و بە ئاساییشی ئێران ئاساییشی ناوچەكەیش پارێزراو دەبێت. لەگەڵ ئەوەیشدا هەر لایەنێك دەبێ خۆیشی بتوانێ هۆكاری گرفتەكان بدۆزێتەوە و كار بۆ چارەسەركردنی بكات.

چوارەم: پەرۆشین بۆ قووڵكردنەوەی پەیوەندییەكان و كاری هاوبەش و دۆستایەتیی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی كوردستان.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان.
18/7/2016

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت