ئەفسانە بایزیدی، کچە زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی کرمانەوە رەنجامەیەکی ناردە دەرەوە

0
2157

ئەفسانە بایزی کچە خوێندکاری زیندانیکراوی کوردی خەڵكی بۆکان کە لە ماوەی رابردوودا ٤ ساڵ زیندانی و دوورخرانەوەی بۆ زیندانی کرمان بۆ بڕایەوە، لە رەنجنامەیەکدا باسی بەسەرهاتی ئەشکەنجەگاکان و دڵڕەقی تیرۆریستەکانی جەماران دەکات.

دەقی نامەی ئەفسانە بایەزیدی، کچە خوێندکاری بەندیکراوی کورد کە لە لایەن ناوەندی ڕۆژی کوردەوە کراوە بە کوردی، بەو شێوەی خوارەوەیە:

ئەو ئەشکەنجە و مەینەتیانەی ئیتلاعات بەسەری هێنام بە زمانێکی ساکار بۆتانی دێنمە زمان.

من ئەفسانە بایزیدی، کچە کوردێکی خەڵکی کوردستانی بەش مەینەتی ئێرانم، لە چینی هەژار و بێ دەرەتانی خەڵکی کوردستانم و پڕ بەدڵ هەستم بە چەوسانەوەو نایەکسانیی دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان کردووە و بینیومە.

هەر لە منداڵییەوە تووشی بەش‌مەینەتی و کوێرەوەری بووم و تەمەنم ٧ ساڵ بوو کە باوکم لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا گیانی لەدەست دا و ئیتر دایکم بوو بە ڕووگەی من و بوو بە باوکێکی دڵسۆز و هاوکات داکێکی خەمخۆر، بەڵام زۆر ژیانێکی پڕمەینەتی و ناخۆشمان تێپەڕ کرد، لە بیرم دێ کە دایکم بە شەو و ڕۆژ کاری دەکرد هەتا من و شاهۆی برام چاومان لەدەستی کەس نەبێ و سەربەرزانە بژین. دایکم هەمیشە ئاواتی ئەوە بوو کە من بخوێنم و بچمە زانکۆ و سەرەنجام لە سایەی زەحمەت و ئارەقی دایکم توانیم بچمە زانکۆ، بەڵام هەر زۆر زوو لە زانکۆ ڕێگەی من بەرەو ئاقارێکی دیکەدا چوو.

هەمیشە هەوڵم ئەوە بوو کە لە نێو خەڵکی کوردی خۆمدا بژیم، ئەو کوردستانەی کە ٣٧ ساڵە لە زەلکاوی ڕژیمی ئیسلامیی‌دا پەلەقاژەیەتی.

لە ماوەی ٩٠ ڕۆژی ئەشکەنجە و لێدان و سووکایەتی کردندا کە ئیتلاعات بەسەری ‌هێنام، بە هەموو شێوەیەک کە بیری لێ دەکەیتەوە ئەشکنجە درام. لە سەرەتای دەستبەسەر کردنمدا ئەشکەنجەکان ئەونەدە قورس بوون توانای ڕێ ڕۆیشتنیشم نەبوو. لاق و دەست و پشتم هەموو ڕەش هەڵگەڕابوون. ئەشکەنجەکان ئەوەندە زۆر بوون لووت و زارم بەردەوام خوێنیان لێ دەچۆڕا. دڵڕەقی بە ڕادەیەک بوو کە دڵۆپێک بەزەییم تێدا نەدەبینین. ئەشکەنجە لە پێی خستم و هەتا لێواری مەرگیان بردم و مەرگ ئەوەندە نزیک ببۆوە کە ١٥ ڕۆژ لە بێهداریی گرتووخانەی ئیتلاعاتی ورمێ دەرمانیان کردم. بەڵام هەمیشە بە بیری خۆمم دێنایەوە کە من کوردم و ئەمەش خۆی تاوانە و کورد بەشی لەناوچوونەو بۆیە دوژمنیش قەت وەکوو بەشێک لە وڵات چاویان لێ نەکردووە، ئەگەریش وا نەبوایە، من و سەدان کەسی دیکەی سەربەرزیان بەم دەردە نەدەبرد.

هەر جارەی کە ئەشکەنجەکان لە توانام دەچوونە دەرەوە، ناوی خودام دێنا، بەڵام دەیانگوت ئیتلاعات خودای لێ نییە و لێرە ئەگەر بتهەوێ کیلۆی بە چەندە خودات پێ بفرۆشین؟

دوو جار و هەر جارەی لانیکەم ٢ کاتژمێر بە دەست و لاق هەڵیانواسیم. لە هەمووی ماوەی لێپرسینەوەو ئەشکەنجەدانەکەمدا چاوم بەسترابوو، کە بەداخەوە چاوم کەم حوکم و سۆمای چاوم کز بووە. ماوەی ٤ ساڵە تووشی نەخۆشیی پشوو سواربوون هاتووم، بەڵام دەواو و دەرمانەکەیان پێ نەئەدام هەتا بەدەم ئازاری تەنگە نەفەسییەوە بناڵێنم ئێستاش کەپسوولەکانمیان لێ بڕیوم.

هەرچی جۆری ئەشکەنجە  بوو لەسەریان تاقی کردمەوە، هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکی و کوشتنیان لێکردم، گوتیان دایکیشت، واتا تاقە ڕووگەم، دەخەینە زیندان، ١١ ڕۆژ لە ئاودەستی ئیتلاعاتی ورمێدا ڕاگیرام و هەر لەوێدا خواردنیان پێ ئەدام. پێموانییە  قەت لەگەڵ دڕندەرین ئاژەڵێکیش بەو شێوەیە هەڵسووکەوت بکرێ.

هەموو شەوێک پاسدارەکان لەقەیان بە دەرگای ژوورە تاکەکەسییەکەمدا دەدا کە نەتوانم تاوێک ئارام ببمەوە و چاوێک بنێمە سەر یەک. هەموویان بە قەحبە “فاحشە” بانگیان دەکردم. ڕۆژی ڕەش و سەختم تێپەر کرد، زۆر ئەشکەنجە کرام، هەڵسووکەوتی نەشیاوی ئیتلاعاتییەکان زۆر ئازاری دەدام، زۆر سەخت و ناخۆش بوو و چەندها جار سووکایەتییان پێکردم، ئەمانە هەر لەو دەسەڵاتەدا پەروەردە بوون و هەر بە دەستی ئەم کەسانە کە هەر وەکوو عەلی خامنەیی کە بە کەڵک وەرگرتن لە ئایین وئایینزا خەڵک هەڵدەخەڵەتێنێ، ئەشکەنجە کرام. بە گوشار  ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملی و درۆ کرام هەتا بتوانن دۆسیەیەکم بۆ ساز بکەن و توانیان پیلانەکەیان جیبەجێ بکەن.

من هەمان ئەو کچە کوردەم کە ئیتر هیچ شتێکم بۆ گرینگ نییە  لە دەستی بدەم، ئەشکەنجە، هەڕەشە بە زیندان، دەستدرێژی و کوشتن و دوورخستنەوەم لێکراو مەحكوومیشیان کردم و هەرچی خراپە بەسەریان هێنام. کەوابوو نە ترسێکم هەیە و نە بۆم گرینگە چی ڕوو دەدات، بۆیە دەبێ هەموو ڕاستییەکان باس بکەم.

 تەنیا چالاکانی کوردن کە لە پیسترین ئەشکەنجەگاکاندا ئەشکەنجە دەدرێن و بۆ ماوەی دوورودرێژ لە ژووری تەنگ و تاریکدا ڕادەگیرێن و زیندانی درێژماوەو دوورخستنەوە بۆ ناخۆشترین و خراپترین زیندانەکانیان بەسەردا دەسەپێ. ئەم ڕەوتە زیاتر لە 3 دەیەیە  بەرۆکی کوردی گرتووە و دەستی ناوەتە قوڕگی کوردستان.

من هەر ئەو کچە خوێندکارەم کە ئیستا لە زیندانی کرمانم و مافی سەردان و چاوپێکەوت و تەنانەت مافی تەلەفۆن کردن بۆ دایکیشم نییە. ئێستاش لە ڕێگەی چەند هاوڕێیەکی کوردەوە ئەم نامەیە دەنێرمە دەرەوە، هەتا بەشێک لەو ئازارانەی بەسەریان هێنام و هەتا لێوارەکانی مەرگ بردیانم بۆتانی بگێڕمەوە.

بەڵام زاڵم و زوڵم و نابەرابەری و چەوسانەوە قەت هەتا سەر نین و بە زوویی بنەبڕ دەکرێن.

بەڵام شتێک کە دەمهەویست باسی بکەم و پێشتر باسم نەکردووە، ڕاست ئەو کاتەی کە بەدەستی دوژمنەکانم ئەشکەنجە دەکرام، برا گەورەم کاک چەکۆ ڕەحیمی، ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران کۆچی دوایی کرد و ماڵاوایی لێ کردین و ئیتر لە نێوماندا نییە. من چەند جارێک لەگەڵ ئەو پیاوە مەزنە قسەم کردووە و چەند قسەیەکی بۆ کردم کە بۆ هەمیشە لە زەینمدا دەمێنێتەوە، بەڵام بۆچی؟ بۆچی وا زوو ڕۆیشتی؟ گوتت تۆش کچی منی. دواتر لەم زیندانە دوو هاوڕێ، هەواڵی کۆچی دوایی تۆیان پێدام و هەزاران ئەسرینم بۆ ڕژاندی و هەزاران نەفرەتم بۆ دوژمنانی کوردستان نارد. بەڵام کاک چەکۆ، قەت دەنگەکەت لە یاد ناکەم کە پێت گوتم شێرە کچەکەی موکریان. هەزاران دروود دەنێرم بۆ تۆ و خەباتەکەت  و هەمیشە بەرزی دەنرخێنم. ڕوحت شاد

بەڵام بەداخەوەشم کە تۆ ڕۆیشتی و هێندێک کەس بۆ دەسەڵات، حیزبی دیمۆکراتیان بەرەو دیکتاتۆری برد. بەداخم بۆ ئەو کەسەی پێی گوتم کە تۆ هێشتا منداڵی و بۆت نیە ڕەخنە لە دێموکرات بگری.

هەزاران دروود بۆ شەهیدان قاسملوو، شەرەفکەندی، فوئاد مستەفا سوڵتانی، جەعفەر شەفیعی و هەزاران شەهیدی ڕێگەی ڕزگاری و ئازادی….  .

ئەفسانە بایزیدی

زیندانی ناوەندیی کرمان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت