کچە خوێندکارێکی کورد دەستبەسەر کراوە و ٢ حەوتوویە چارەنووسی نادیارە

0
733

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە شاری سەقز، کچە خوێندکارێکی بواری بەڕێوبەربەریی بازرگانیی زانکۆی تەورێز بە ناوی “سەحەر فەیزی”، کچی مستەفا و تەمەن ٢٤ ساڵان لە لایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سەقز، دەستبەسەر کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە ناوەندی ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند: “ڕۆژی چوارشەممە 23ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، مەئموورە جل شەخسییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیم، بە هۆی بەشداریی چالاکانە لە مانگرتنی ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، سەحەر ـیان دەستبەسەر کردووە و تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەمەڕ شوێنی ڕاگیران و دۆخی ناوبراو لەبەردەستدا نیە”.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها گوتیشی: “مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات بە بێ هەبوونی مۆڵەت و ئیزنی یاسایی و دادوەری، هێرشیان بردۆتە سەر ماڵی ئەو خوێندکارە کوردە و ماڵەکەی بەتەواوی گەڕاون و هەندێک کەرستەی شەخسی وەک لەبتاب، موبایل و چەند پەرتووکیشیان دەست بەسەردا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە”.

دەگوترێ لە کاتی دەستبەسەرکردنی سەحەردا، مەئموورەکانی ئیتلاعات بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی سەحەر و بنەماڵەکەی بە دەستبەسەرکرانی و نەبوونی مۆڵەتی یاسایی، تووند وتیژییان بەکار هێناوە.

هەر ئەو سەرچاوەش بۆ ڕۆژی کوردی ڕوونکردەوە کە: “ئێستا ٢ حەوتوو لە کاتی دەستبەسەر کرانی سەحەر تێدەپەڕێ بەڵام تا ئێستاش ئیزنی سەردان یان گرتنی پارێزەر بە سەحەر نەدراوە و دۆسیەکەشی نەچۆتە دادگا و هیچ کام لە بەرپرسانی ئەمنیەتی و دادوەریی سەقز هیچ وڵام و ڕوونکردنەوەیەک لەمەڕ تاوان و هەروەها شوێنی ڕاگیرانی سەحەر نادەن بە بنەماڵەکەی”.

.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت