مانگرتنی خەڵکی “دزڵی” بە هۆی داخرانی سنوورەکانی کوردستان

0
1039
بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵدەریی ڕۆژی کورد، ئەمڕۆ پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، خەڵکی دزڵی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر داخستنی سنووری “مڵەوەرد” لەبەر دەرگای دێهیاریی ئەو گوندە کۆبوونەوە و دواتر وەک چالاکییەکی ناڕەزایەتییانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر، ڕێگای “پاوە ــ مەریوان”یان داخست.
بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە دزڵی، خەڵکی گوندەکە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر نەیانهێشت هیچ ماشینێکی حکوومی و ئیداری و سەربازی بە ڕێگای پاوە – مەریوان و گوندی “دزڵی”دا دەرباز بێت.
ئەو مانگرتن و ڕێگا داخستنەی خەڵکی دزڵی بە بۆنەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر داخرانی دوو ساڵەی سنوورەکانی ئەو ناوچەیە ئەنجام داراوە، ئەوەش لە حاڵێکد دایە کە هەر بنەماڵەیەک کارتی هەیە و لە هەفتەیەکدا حەقی هێنانی پەنجا کیلۆ کەلوپەلی هەیە.
ماوەی دوو ساڵە بەرپرسان و مەئموورانی ڕێژیم سەرەڕای هەبوونی مۆڵەتی فەرمی، ئیزنیان بە خەڵکی دزڵی سەر بە شاری مەریوان، نەداوە لەسەر سنوورەکان و بۆ دابینکردنی بژیویی ژیانی خۆیان، کار بکەن. زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە بڕیارە سبەینێش ئەو هەوڵە مانگرتنە ناڕەزایەتی و چالاکییە مەدەنییە هەر بەردەوام بێت و نەهێڵن ماشینی حکوومی هاتوچۆ بکات.
سنووری مڵەوەرد بۆ گوندەکانی هەورامانی تەخت، دەرەکێ، دەمەیەو، دزڵی، بارام ئاوا و هەتا دەگاتە سێ ڕێیانی بییەکەڕە بە فەرمی ناسێنراوە کە خەڵکی ئەم گوندانە بتوانن لەو سنوورە کەڵک وەرگرن.

dzli

dzli3

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.