دوای ٢ حەوتوو هێشتاش ئاگر لە جەستەی قەرەسەقەل هەڵدەستێ و ڕژیم کەمتەرخەمە/لێدوان

0
998

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە شنۆ کە بە شێوەی مەیدانی سەردانی گوندی قەرەسەقەلی کردووە، دوای تێپەڕبوونی نزیک بە دوو حەوتوو لە شەڕی نیوان هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و جاش و پاسدارەکانی ڕژیم لە گوندی قەرەسەقەل لە گوندی قەرەسەقەل لە شنۆ،  ئێستاش لە زۆرشوێنی وێرانکراوی ئەو گەندە ئاگر هەر دایسێ و ڕژیم هیچ هەنگاوێکی بۆ خاوێن کردنەوەی زبڵ و زاڵ و ڕووخاوەکانی ئەو گوندە نەناوە.

لە هەمان کاتدا  ئاکنجیەکانی گوندی قەرەسەقەل لەبەر بوونی مادە نەتەقێنراوەکانی وەک گوللە ئاڕپی‌جی و گولە کاتیۆشا و گولە تۆپ ناوێرن لە شوێنەکە نزیک بنەوە و بچنەوە ناو ماڵەکانی خۆیان.

ئەوە لە کاتێکدایە کە دوای شەڕ بەشێک لە بەرپرسانی سەربازیی ڕژیم بەڵێنی چاک کردنەوە و ئاوەدان کردنەوەی گوندەکەیان بە خەڵکی ئەو گوندە دابوو.

لە لایەکی ترەوە کۆمەڵیک لە چالاکانی ژینگەپارێز و لایەنگرانی ژینگە لە نامەیەکدا داوای ئاوەدان کردنەوەی ئەو گوندە و پێشگرتن لە کاول کاریی زیاتری ژینگەی ئەو گوندەیان کردبوو.

هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

هەڵمەت مەعرووفی، ڕۆژنامەوانی کوردستانی خۆرهەڵات، لە لێدوانێک بۆ ڕۆژی کورد باسی لە ئەرکی ژینگەپارێزان و چالاکانی مەدەنی و لایەنگرانی خەباتی مەدەنی کرد و گوتی: “لە کوردستانی خۆرهەڵات باس لە بوونی خەباتی مەدەنی بە چڕی لە ئارا دایە بەڵام ئەوەی دەبیندرێ خاوترین و نزمترین شێوەکانی خەباتی مەدەنین و لێرەدایە پێویستە ئەو خەباتە مەدەنی نزمەی کە بوونی هەیە پێ بنێتە قۆناغێکی نوێوە.”

مەعرووفی لە درێژەی لێدوانەیەکی خۆیدا گوتی: “ژینگەپارێزانی کورد دەتوانن بە ڕێچکەهەڵگری لە وڵاتانی تر هەم لە کاتی شەڕ و پێکدادان و هەم لە دوای شەڕ و هەمیش بەر لە شەڕەکان وەک کۆسپ و تەگەرێک بکەونە نیوان دوو لایەنی شەڕ و پێکدادانەکە و بە هەڵگرتنی درووشم و تراکت و بە ئامادەبوونی مەیدانی لە شوێنی ڕووداو و پێکدادانەکان، پێش بە کوشتن و برینداربوونەکان بگرن و لە هەمان کاتیشدا ژینگەی کوردستان بپارێزن.”

ئەو ڕۆژنامەوانە کوردە لە درێژەی لیدوانی خۆیدا گوتی: “ژینگەپارێزی کورد یان بە گشتی چالاکانی کورد نابێ دەوری کارای خۆیان نەبینن و بە هەر هۆکارێک چ ترس لە گیران و چ لە کوژران و هەر هۆکارێکی تر نابێ ببێتە کۆسپ بۆ ئەوەی کە ئەوان لەمە بەدوا بە شێوەی جەستەیی لە ناو ڕووداوەکاندا نەبن و لەمپەر و کۆسپی مرۆیی بۆ ڕژیم ساز نەکەن، ئەوان دەبێ بەر لە کوژاندنەوەی ئاگر یان نووسینی نامە و سکاڵا و داواکاری ببن بە کۆسپ بۆ ڕوودانی ئاسان و بێخەمی شەڕەکان و سووتاندن و ئاگرتێبەردانەکان، لە لایەکی تریشەوە ژینگەوانان و چالاکانی کورد لە هەندەران دەبێ نموونەی وەک قەرەسەقەل و ئاگرتێبەردان لە ژینگە و لێڕەوارەکانی کوردستان وەک جەنایەتی شەڕ  بە ڕێکخراوە جیهانیەکان بناسێنن و لەو ڕێگایەشەوە گوشار بخەنە سەر ڕژیم، پێویستە گوشارەکان هەمە لایەنە بن.”

qew1

qere4

qere3

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت