یازدە هەزار مامۆستا بە تاوانی پەیوەندی لەگەڵ پ ک ک، دەرکران

0
929

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەی “بیرگون”، 11 هەزار و 500 مامۆستا بە تاوانی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان، لە کار دەرکراون.

هەروەها دەگوترێ جیا لەو 11 هەزار و 500 کەسە لیستەیەکی درێژی تریش ئامادە کراوە و لە وەزارەتی پەروەردەوە بۆ پەروەردەی باژێڕەکان، ڕەوانە کراوە.

بینالی یلدریم لەمبارەوە گوتوویەتی کە ئەو لیستەیە دەگاتە 14 هەزار کەس.

بینالی یلدریم، سەرۆک وەزیرانی تورکیە لە میانەی ئاخاوتنێکی خۆی لە باژێڕی “دیاربەکر” لەمبارەوە گوتوویەتی: “پێش بینی دەکرێ لە سەرجەم مامۆستاکانی ئەو هەرێمە، 14 هەزار مامۆستا پەیوەندییان بە تیرۆرەوە هەبێ، بەڵام لە ئێستادا خەریکی لێکۆڵینەوەین لەمبارەوە و دواتر دیاری دەکا پەیوەندییان هەبووە یان نا”.

مەبەستی یلدریم لە تیرۆر، پارتی کرێکارانی کوردستان بووە کە ئەو زاراوەیە بە بەردەوامی لەلایەن کاربەدەستانی حکومەتی تورکیە لە هەمبەر پارتی کرێکارانی کوردستان بەکار دێت.

بە سەرنجدان بە کرانەوەی قوتابخانەکان لە ماوەیەکی کورتدا، یلدریم گوتی: “ئەو مامۆستایانە لە کار دەرکراون و ئیزنیان نیە بگەڕێنەوە سەر کار، ئێمە مامۆستای خۆمانیان دەنێرینە شوێن و ئەو مامۆستا نوێیانە شوێنی ئەوان دەگرنەوە”.

ئەو کردەوەیەی حکومەتی تورک و دەوڵەتی ئاکەپە لە دوای پاکسازیی ئەرتەشی ئەو وڵاتە هاتۆتە ئاراوە و بەو شێوەیە لە کوردستانی باکووریش دەستیان کردووە بە گۆڕنکاری و سەرەتای گۆڕانکارییەکانیش لە پەروەردەڕا دەستی پێکردووە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت