دەقی وەرگێڕدراوی نامەی ئەفسانە بایەزیدی، خوێندکاری زیندانیی کورد لە زیندانی کرمان

0
903

ئەمە دەقی وەرگێڕدراوی نامەی ئەفسانە بایەزیدی، خوێندکاری کوردە کە ٤ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ کرمانی بەسەردا سەپاوە.

دەقی نامەکە بە فارسی نووسراوە و لە لایەن ڕۆژی کوردەوە کراوە بە کوردی.

 دەقی نامەکە بە کوردی:

 بە زمانێکی زۆر ساکار باسی ئەو ئازارانەتان بۆ دەکەم کە لە بەندیخانە بەسەرم هاتوون، لە قوژبنی زیندانەوە بۆتان دەنووسم.

“من ئەفسانەی کوردستانم، کچە گەنجێک لە کوردستانی بێبەشی ئێران  لە ناو چینی هەژاری کۆمەڵگا لە دایک بووم و لەگەڵ نادادوەری و زۆردارییەکانی ئەو دەسەڵاتە فێڵبازە ئاشنا بووم.

لە ناخی هەژاری و دەست کورتیدا ژیاوم.

ئەفسانەیەک کە لە منداڵیەوە لەگەڵ دەرد و ئازار، گەورە بووم، ٧ ساڵان بووم، باوکم لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا لە دەست دا و هەر لە تافی منداڵیمەوە دایکم ڕووگەم بوو، هەم دایکم بوو و هەم باوکێکی دڵسۆز بەڵام ڕۆژگارێکی تاڵم ڕابواردووە، ڕۆژ و شەوانێک کە دایکم بۆ دابین کردنی تێچووی من و شاهۆ کاری دەکرد و هەموو هەوڵی ئەوە بوو دەست بۆ کەس درێژنەکەین و بە شەڕەف بژین، دایکم هەمیشە ئاواتی دەخواست بخوێنم، بچمە زانکۆ و لە ئەنجامدا بە هەوڵ و شەونخونییەکانی دایکم، چوومە زانکۆ بەڵام ڕێگای ژیانم بەرەو ئاقارێکی تر ڕۆیشت و بەرەو ئاسۆیەکی تر هەنگاوم نا.

بەردەوام هەوڵم داوە لە لای خەڵکی خۆم بم و هەر لەو کوردستانەدا کە 37 ساڵە لە ناو زەلکاوی کۆماری ئیسلامیدا ڕۆچووە و خنکاوە، بەشدار بم.

بەڵێ، من ئەفسانەی کوردستان کە ساڵیانی ساڵ لە ژێر زۆرداری و چەتری سەرەڕۆکان، وەک سەدان منداڵ و لاو، پیرێژن و پێرەپیاو لە کوردستانی بێنەش و زۆرلێکراو کە هەر جارەی نیسێی ڕەشی مەرگ لەسەر سەرمان بووە، ژیاوم.

بەڵێ من هەر ئەو ئەفسانەیەم، بۆ 90 ڕۆژ ئەشکەنجە و ئازار، لە سەرجەم ئەو ماوەیەی کە لە بازداشگەدا بووم بە هەموو چەشن و هەر کەرەستەیەک، ئەشکەنجە دراوم. یەکەم ڕۆژەکانی دەستبەسەربوونم، ئاستی ئەشکەنجەکان بەڕادەیەک بوو کە تەنانەت نەمدەتوانی بەڕێگاشدا بڕۆم. لاقەکانم و پشتم شین و ڕەش هەڵگەڕابوون. ئەوەندەیان لێدابووم کە لووت و زارم، خوێنێ لێدەچۆڕا، بەقەرا سەرە دەرزییەکیش بەزەییان پێمدا نەدەهات و ١٥ ڕۆژی ڕەبەق لە بێهداریی بازداشگەی ئیتلاعاتی ورمێدا لەژێر دەرمان دابووم، چیان بەسەر نەهێنام؟ من و مەرگ یەک هەنگاومان مەودا بوو، بۆ؟ تەنیا بە هۆی کوردبوونم. گەرەکە لە یادمان بێ کە کوردبوون تاوانێکی لێنەبووراوە و دوژمنی هەیە و دوژمنەکانی هیچ کات کوردەکان بە ئەندامێکی ئێران نازانن و بە فەرمی ناناسن. ئەگەر شتێک جیا لەوە با، ئەوتۆیان بەسەر من و سەدان کەسی جێگای ڕێز نەدەهێنا.

لە کاتی دەستبەسەربوونمدا هەر کات کە ناوی خوام دەهێنا، ئەشکەنجەکان زێدەتر دەبوون، بەردەوام دەیانگوت لە ئیتلاعات، خوایەک بوونی نیە، خوا کیلۆی چەند؟ بە چەند پێتی بفرۆشین کڕیاری؟

لانیکەم 2 جاران بە دەست و پێ هەڵیانواسیوم. لە تەواو ماوەی دەستبەسەربوونم لە ئیتلاعات و لە ماوەی ئەشکەنجەدانم، چاویان بە چاوبەستێک بەستبووم، ئێستاش بەو هۆیەوە چاوەکانم ئازاریان هەیە و وا هەست دەکەم بیناییم کز بووە. ٤ ساڵ دەبێ هەناسەم سوارە و لەگەڵ نەخۆشی هەناسەسواری دەستە لە ملانم، ئێستاش کە کەپسوولەکانم نادەنێ، لەو پەڕی ئازاردام.

بۆ ئەوەی کە دان پێدانانم لێوەگرن، هەرچی شێوازی نامرۆڤانە و نایاساییە گرتیانە بەر، لە لایەن دوژمنانمەوە زیاتر لە ٣ مانگ لە ژوورەتاکەکەسییەکانی بازداشتگەی ئیتلاعاتی بۆکان و ورمێدا بووم، “هەڕەشەی دەستدرێژی کردنە سەریان لێکردم”، هەڕەشەی مەرگ و هەڕەشەی زیندانی کردنی تاکە ڕووگەم واتا دایکم، 11 ڕۆژ لە ناو ئاودەستی باداشتگەی ئیتلاعاتی ورمێ دا ڕایانگرتم، هەر لەو ئاودەستەشدا نان و ئاویان دەدامێ، کەس وا لەگەڵ ئاژەڵیش ناجووڵێتەوە، نەشیاوترین کردەوەکانیان لە ئاستی مندا کرد.

من هەر ئەو ئەفسانە، کچی کوردستانم کە هەموو شەوێک، مەئموورەکان بە شەق لە ژوورەتاکەکەسییەکەمیان دەکوتا تا خەوم لێ حەرام بکەن، هەموویان بە ناقی قەعبە بانگیان دەکردم. بەڵام من خۆم لەبەر ناخۆشترین و تووندترین لێکۆڵینەوە دڕندانەکانی ئیتلاعاتی ورمێ، ڕاگرت. خۆڕاگرتنێک کە گەلێک دژوار بوو بەڵام ئەوەی منی ئازار دەدا بێ شەڕەفیی بەرپرسانی ئیتلاعات بوو، گەلێک ڕەزیلیان کردم بەتایبەت ئەو کاتە کە مەئموورێکی بێ سەروبەری ئیتلاعات بۆت لە ئیسلام دەدوێ و ئەشکەنجەت دەکا کە لە دەسەڵاتێکەوە فێر بووە و ڕێک وەک ڕێبەرەکەی، عەلی خامنەیی کە ئایین وەک ئامرازێک بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک بەکار دێنێ. بە زۆرەملی ناچاریان کردم تا دان بە شتگەلێکی درۆ و دەلەسە بنێم تا بتوانن دۆسیەیەکم بە دژی ساز بکەن کە هەرواش ئەو فرت و فێڵە نامرۆڤانەی ئەوان وەدیهات.

من هەر ئەو کچەی کوردستانم کە ئیتر هیچ شتێکم بۆ گرنگ نیە و هیچم نیە بۆ دۆڕاندن، هەڕەشەی ئەشکەنجە و دەستدرێژیان لێ کردم و بە دوورخستنەوە و زیندان مەحکوومیان کردم، خراپترینەکانیان بەسەر هێنام. ئیتر هیچ ترس و دڵەڕاوکێیەکم نیە، ئەوجار مافی منە ڕاستییەکان بدرکێنم.

تەنیا و تەنیا چالاکانی کوردن کە بە چەند حەوتوو و چەند مانگ لە ژوورە تاکەکەسییە درێژخایەنەکاندا دەکەونە بەر ئازار و ئەشکەنجە قێزەونە ترسهێنەرەکان و زیندانیی درێژخایەن و سێدارەیان بەسەردا دەسەپێ.

هەمووی ئەوانە بۆ ئەوەیە کە ڕق و قینەکانی ویلایەتی فەقێ، زیاتر لە ٣ دەیەیە لە کوردستان بەردەوامە و کردەوەی تووندوتیژانە و زۆرداریانەی کۆماری ئیسلامی هیچ کات لە بیر ناچێتەوە.

من ئەفسانە، هەمان کچە خوێندکارە کوردەکە کە ئێستا لە بەندیخانەی کرمان مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تەلەفوونی لەگەڵ بنەماڵەکەشم نیە و لێی بێبەشم و ئەمڕۆش ڕێزی هاوڕێ و خوشکێکی کوردم بوو تا ئەو نامەم بۆ بگاتە دەرەوەی زیندان بەڵکوو بەشێکی کەم لە ئازارەکانم خستبێتە بەر باس و گوێتان لە چیرۆکی مەرگ و ژیانم بێت.

بەڵام زۆرداری تا سەر هەر نابێ، بەڵکوو زۆر بە زوویی لە بن دەردێ.

قسەیەکی نەگوترام هەیە دەمهەوێ باسی بکەم، برای گەورەم کاک چەکۆ ڕەحیمی ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ڕەحمەتی خودای چوو، ڕێک لەو کاتەدا کە من بە دەست دوژمنانم ئەشكەنجە دەکرام، ڕاست ئەو کات ماڵئاوایی لێکردین و ئیتر چیتر لە لامان نیە، من چەند کەڕەت قسەم لەگەڵ ئەو شۆڕشگێڕە گەورەیە کردووە، قسەگەلێک کە بۆ هەمێشە دەمێننەوە بەڵام چما؟ چما وا زوو ڕۆیشت. خۆ کوتت من کچی تۆم، بەڵام لە بەندیخانە دوو هاوڕێی بەوەفا هەواڵی کۆچی دواییی تۆیان پێ ڕاگەیاندم، ئەسرینم وەراند و هەزاران جار لەعنەتم بۆ دوژمنانی خەڵکی کوردستان هەنارد، بەڵام کاک چەکۆ، دەنگ و ڕوخسارت هیچ کات لە یادم ناچێ، تۆ بە منت گوت “شێرە کچی موکریانی” . هەزاران دروود دەنێرم بۆ تۆ و بۆ هەمیشە ڕێز لە خەباتت دەگرم. ڕوحت شاد.

بەڵام هەزاران داخ کە کەسانی وەک تۆ لەم دونیایە دەڕۆن و هەندێ کەس کە بۆ هێز، حیزبی دێموکراتیان بۆ لای دیکتاتۆری ڕاکێشاوە، ماون، بەداخەوەم.

داخێک بۆ یەو کەسەی کە بە منی گوت، تۆ منداڵی و نابێ ڕەخنە لە حیزبی دێموکرات بگری.

تاسف برای همان کسی که به من گفت؛ من بچه ام و نباید انتقاد کنم از حزب دمکرات.

هەزاران دروود بۆ ڕووحی پاکی شەهیدانی کوردستان، شەهیدان د. قاسملوو. د. شەڕەفکەندی و فواس مستەفا سوڵتانی و د. جەعفەر شەفیعی و هەزاران شەهیدی شۆڕشگێڕی ڕێگای ئازادی …..

ئەفسانە بایەزیدی

زیندانی ناوەندیی کرمان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت