مزگەوتەکانی سەقز و سنە ناچار کران بە دژی دێموکرات و کۆمەڵە وتار بدەن

0
638

ڕۆژی کورد: “ناوەندی ئیسلامیی گەورەی ڕۆژئاوای ئێران” لە نامەیەکدا کە بە فەرمانی حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای ڕژیم نووسراوە، پێش نوێژی مزگەوتەکانی دوو باژێڕی سنە و سەقزی ناچار کردووە کە لە هەر مانگدا لانیکەم دەبێ  یەک جار لە  وتاری نوێژی هەینیدا بە دژی سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە، وتار بدەن.

هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە باژێڕی سنە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند کە لە نامەیەکەدا کە بەدەست پێش نوێژەکانی دوو باژێڕی سنە و سەقز گەیشتووە، فەرمانیان پێدراوە کە دەبێ بە شێوازێکی دیاریکراو و ناڕاستەوخۆ هێرش بکەنە سەر دوو حیزبی کۆمەڵە و دێموکرات و ڕەخنەیان لێبگرن.

لەو نامەیەدا دوو حیزبی نەتەوەیی دێموکرات و کۆمەڵە بە ناوی «احزاب ضاله» واتا حیزبە ڕێگا لێ بزربوویەکان، ناو براون.

ئەو نامەیە لەلایەن مەلا سەید محەممەد حوسێنی شاهروودی، نوێنەری وەلی فەقێ لە  پارێزگای سنەوە واژۆ کراوە کە هاوکات سەرۆکی ناوەندی گەورەی ئیسلامیی ڕۆژئاوای ئێران ـە. لەو نامەیەدا پێداگری کراوە کە “پێش نوێژ و وتارخوێنەکان دەتوانن دەورێکی بنەڕەتییان لە فەرهەنگ سازی بە دژی دوو حیزبی مونحەلەی کۆمەڵە و دێموکرات هەبێ و هەر بۆیە پێویستە بۆ شاد کردنی ڕوحی ئیمامی زەمان، لانیکەم هەر مانگەی جارێک لە وتاری هەینیدا لەو بارەوە وتار بدەن”.

کۆماری ئیسلامی لە دوای هاتنە سەرکارییەوە، دوو حیزبی کۆمەڵە و دێموکراتی بە مونحەلە واتا هەڵوەشاوە لە قەڵەم داوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی سیاسەتەکانی خۆی ئەو قسەی خۆی بەرپەرچ دەداتەوە و لە ئێستاشدا داوا لە مەلا و پێش نێوەژەکان دەکا وتار بە دژی دوو حیزب بدەن کە لە ڕوانگەی ئەوانەوە نەماون و هەڵوەشاونەوە.

محەممەد حوسێن شاهروودی لەم نامەیەدا پێداگری کردووە کە ئەگەر بێت و کۆمەڵە و دێموکرات بتوانن شەڕی نەرمی خۆیان لە ناو خەڵکدا دابەزێنن و لەمبارەوە سەرکەوتوو بن، ئیتر نابێ چیتر هیوامان بە گەنجەکان بێت، هەر بۆیەش دەبی وتارخوێن و پێش نوێژەکان، ئەرکی خۆیان لەمبارەوە بە باشی بەجێ بێنن.

لەو نامەیەدا هەروەها هەڕەشە لە پێش نوێژ و وتارخوێنەکانی ئەو دوو باژێڕە کراوە کە ئەگەر بێت و ئەو فەرمانە بەجێ نەهێنن ئەوا مۆڵەتی پێش نوێژییان لێ دەستێندرێتەوە.

لە کۆتایی نامەکەدا هەروەها پێداگری کراوە کە پێکهێنانی دۆخێکی مەزهەبی و خوناسانە، ئەرکی گشت لایەکمانە  تا بتوانین تێیدا بەسەر دوژمنانی ئیسلامدا سەرکەوین.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.