داواکاریی چالاکانی مەدەنی و سیاسی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە سەرۆکی هەرێم

0
742

دۆخی محەممەد سەدیق کەبوودوەند، باوکی مافی مرۆڤی کوردستان، هەر دێت و خراپتر و ئاڵۆزتر دەبێ، لەو سەردەمەدا بەپێی هەواڵەکان، بڕیارە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی باشوور، سەردانی ئێران بکات، چالاکوانانی ژمارەیەک چالاکوانی مەدەنی و مافی مرۆڤ و رۆژنامەنووسی رۆژهەڵاتی کوردستان کەمپەینی تا ڕزگاری کەبوودوەند/تا رهایی کبودوند، نامەیەکی فەرمیان ڕوو لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی باشوور بڵاو کردۆتەوە کە وێنەیەکیشیان بۆ ڕۆژی کورد ناردووە.

 دەقی نامەکە بەو شێوەی خوارەوەیە:

سڵاوورێز بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان

ئێمە وەکوو کۆمەڵێک لە چالاکوانی مەدەنی و مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوا لە بەڕێزتان وەکوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە لە سەردانە چاوەڕانکراوەکەتاندا بۆ ئێران داوای ئازادکردن و پێداچوونەوە بەدۆخی محەممەد سدیق کەبوودوەند سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە بەرپرسانی تاران بکەن.

بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

 محەممەد سدیق کەبوودوەند، ماوەی زیاتر لە ٩ ساڵە بەهۆی چالاکی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە و کاتی خۆی حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، ئێستا کە بەرەبەرەی تەواوبوونی حوکمەکەیەتی کە لە ڕاستیدا هەموو ئەو ١٠ ساڵەش بە ناڕەوا بەندکراوە، بەرپرسانی دەزگای دادوەری ئێران دۆسێیەکی دیکەیان بۆ کردۆتەوە و دەیانهەوێ بە تۆمەتێکی دیکە دادگایی بکەنەوە، هەر ئەوەش وایکردووە محەمەد سدیق کەبوودوەند، مان لەخواردن بگرێت و گیانیشی لەمەترسی دایە.

جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

 محەممەد سدیق کەبوودوەند هەموو چالاکییەکانی ڕۆژنامەوانی و مەدەنی و مافی مرۆڤی بوونە و لە دەرەوەی سیاسەت باسی لە گرفت و داخوازییە مەدەنییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، سەرەتا لەرۆژنامەی (پەیامی مردم)،و دواتر دوای داخرانی ئەو ڕۆژنامەیە لە ڕێگەی ماڵپەری (رنج مردم، روزگار مردم، روز کرد و روزنامەنگار کرد) باسی لە داخوازییە مەدەنییەکانی خەڵکی کوردستان دەکرد، دوای ئەوەش کەبوودوەند لە شاری تاران لەساڵی ٢٠٠٩ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند و هەر ئەوەش وایکرد تاکوو ئێستا لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بمێنێتەوە.

 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

 وەکوو چالاکوانانی مەدەنی و مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوامان لە جەنابتان ئەوەیە کە لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەتاندا بۆ تارانی پایتەختی ئێران داوای پێداچوونەوە بەدۆخی باوکی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان و لەئەنجامدا ئازاد کردنی کەبوودوەند بکەیت.

 سوپاس و رێز ژمارەیەک چالاکوانی مەدەنی و مافی مرۆڤ و رۆژنامەنووسی رۆژهەڵاتی کوردستان

کەمپەینی تا ڕزگاری کەبوودوەند/تا رهایی کبودوند

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.