داعش ئەمیرێکی کوردی خۆی کوشت

0
627

رێکخراوی تیرۆریستی داعش ئەمیرێکی کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و 7 کەسی دیکەی کە دەیانهەویست لە شاری ڕەقەی سوریا هەڵبێن دەستگیر  کرد و کوشتنی.

سەرچاوەیەک لە شاری ڕەقە لە پەیوەندییەک لەگەڵ ناوەندەی هەواڵدەریی کوردپای گوتوویەتی: “چەند رۆژ پێش ئێستا ئەمیرێکی کورد بە ناوی محەمەد جۆشکار ناسراو بە “ئەبوسوهەیب سنندجی” بە دەستی هێزەکانی داعش کوژراوە.”

ئەو سەرچاوەیە گوتووشیەتی: “ئەبو سوهەیب سەنەندجی” خەڵکی شاری سنەی کوردستانی ڕۆژهەڵات بوو و ماوەی 3 ساڵە چووبووە نێو رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ـەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، لەگەڵ ئەو ئەمیرە کوردە 7 کەسی دیکە کە سەرجەمیان عەرەب بوون بە دەستی داعش کوژراون.

ئەبوسوهەیب و 7 کەسەکەی تر ویستوویانە ڕیزەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش جێ بهێڵن و لەشاری ڕەقەی سوریا هەڵبێن و خۆیان ڕادەستی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک بکەن، بەڵام لەلایەن هێزەکانی داعشەوە دەستبەسەر و پاش یەک ڕۆژ کوژراون.

لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی شاری ڕەقەی پایتەختی خەلافەتی داعش زیاتر بووە و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بەردەوام بە خستنەخوارەوەی بەیاننامە و نووسراوە داوا لەخەڵکی ئەو شارە دەکەن کە شارەکە چۆڵ بکەن.

شایانی ئاماژەیە کە ڕۆژی شەممە ٣١ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی لە شنۆوە هەواڵ بە ناوەندی ڕۆژی کورد گەیشت کە گەنجێکی تەمەن ٢٤ ساڵانی خەڵکی گووندنی جاشیرانی شاری شنۆ بەناوی کاروان مەحموودی لە تورکیاوە پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە کردووە کە دەڕوا بۆ داعش.

عیرفاب ڕەهنموون، چالاکی سیاسی و هەروەها پسپۆڕ لە بواری ئیسلامی لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژی کورد لە بارەی پرسی پەیوەست بوونی هەندێ کوردی کوردستانی خۆرهەڵات بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەڵێ: “گرنگترین و سەرەکیترین هۆکار ڕەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە هەندێ لە هاووڵاتییانی سووننە مەزهەبی ڕۆژهەلات و بەتایبەت ئەو کەسانەی کە باکگراوەندێکی سەلەفیی-جیهادییان هەیە، خۆیان لە بەرامبەر بنئاژۆخوازیی دەوڵەتی شیعەی ئێراندا پێناسە دەکەن. بە واتایەکی دیکە، هەڵاواردنی مەزهەبی لە ئێراندا پاڵ بە بڕێک مرۆڤی مەزهەبیی کوردەوە دەنێ بۆ وەرگرتنی شوناسێکی مەزهەبیی سوونەی توندئاژوو.”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.