چما ئێران دوای ٢٠ ساڵ، سەرلەنوێ لەگەڵ ئەو گرووپە کوردیانە شەڕ دەکاتەوە؟/وەرگێڕدراو لە ئینگلیسییەوە

0
914

ڕۆژی کورد: لەو ڕۆژانەی دواییدا، شیکارانی سیاسی لە ئاستی جیهاندا، بۆچوونی خۆیان لەمەڕ شەڕی نێوان حدکا و ڕژیمی ئێران، دەخەنە ڕوو، نووسەران و شیکارانی میحوەری ڕووسیە، عەرەبستان وەک پشتیوانی و هاندەری سەرەکیی ئەو شەڕ و پێکدادانانە دەناسێنن، بابەتی بەردەستیشتان یەکێک لەو بابەتانەیە کە بەپێچەوانەی ئەو بۆچوونە بە بەڵگە و شیکاری، ئەو گریمانەیە کە عەرەبستانی سعوودی و ئیسراییل لە پشت ئەو خەباتە نوێیەی کوردستانی ڕٶژهەڵات بن ڕەت دەکاتەوە، بەپێی گرینگیی باسەکە، ڕۆژی کورد ئەو بابەتەی لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ کوردی وەرگێڕاوەتەوە. شایانی باسیشە کە لە سەرەتای وتارەکەدا هەندێک هەواڵ لەمەڕ پێکدادان و شەڕەکان نووسراوە کە بە هۆی ئەوەی کە ئامانجی سەرەکی لە وەرگێڕانی ئەو بابەتە بەشی ئێستای، واتا شرۆڤەی هەبوون یان نەبوونی پشتیوانیی دەرەکی لەو خەباتەیە، بەشی تایبەت بە هەواڵەکان وەرنەگێڕدراوەتەوە و بەشی سەرەکی کراوەتە کوردی کە لەبەر دەستتانە.

Robert Andrea

July 28, 2016

ئەگەر بێت و ئەو شەڕانەی دوایی نێوان حدکا و ئێران، پشتیوانییەکی دەرەکی هەبێ، بێ گومان و بێ ڕاوەستان دوو وڵاتی ئیسراییل و سعوودیە بەر لە هەر وڵاتێکی تر دەورووژێنە ناو مێشک.

هەرچەند هەر دوو وڵاتی سعوودیە و ئیسراییل پێوەندییەکی ئاڵۆز و لێڵیان لەگەڵ ئێران هەیە، بەڵام ئەگەر بێت و لە پشت ئەو شەڕ وپێکدادانانەی نێوان ئێران و حدکادا بن، لە ڕووی ژیۆپۆلتیکەوە هەر دوو وڵات دەکەونە مەترسییەوە، ئەو مەترسیانەش وادەکا کە بە ڕای من ئەو دوو وڵاتە لە پشت ئەو پێکدادان و شەڕانە نەبن.

ئیسراییل:

ئیسراییل پەیوەندیی قووڵ و درێژخایەنی لەگەڵ کوردەکان لە ئێران و عێراق دا هەیە کە ئەو پێوەندییانە دەگەڕێتەوە بۆ ١٩٦٠ی زایینی. تێلاڤیڤ نیشانی داوە کە هەم توانایی و هەم حەزی بۆ بەکارهێنانی حیزبە کوردیەکان بۆ ئەنجام دانی عەمەلیاتی نەهێنی لە ناو خاکی ئێراندا هەیە. بەڵام هەروەک گوترا لەو کاتە زەمەنییەی ئێستادا پشتیوانی لە جووڵانەوەی حدکا لە لایەن ئیسراییلەوە، مەترسی بۆ سەر ئیسراییل هەیە و وێڕای ئەوەی کە مەترسی زۆرە، کەڵک و براوەبوونیشی بۆ ئیسراییل کەمە و لەخوارێیە.

سەرەتا: ئەو شەڕ و پێکدادانانە ڕێک کاتێک هاتنە ئاراوە کە ئیسراییل و تورکیە خەریکی بەئەنجام گەیاندنی گەڵاڵەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماتیکیەکانی نێوان خۆیان بوون. ئەوە بەو واتایە نیە کە ئەگەر بێت و ئیسراییل پشتیوانی لە کوردەکان لە ئێران کردبێت ئەوە پەیمانی خۆی لەگەڵ تورکیە شکاندووە بەڵام پشتیوانی کردن لە کوردەکان لانیکەم بۆ ئانکارا خاڵێکی بەژانە. گەڕاندنەوە و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیی دیپڵۆماتیک لەگەڵ تورکیە بۆ ئیسراییل و واژۆ کردنی بە واتای بەرژەوەندیی ژیۆپۆلیتیکیی گرنگە بۆ ئیسراییل کە لە بەراورد لەگەڵ ئەو بەرژەوەندی و قازانجانە کەمەی کە پشتیوانی کردن لە کوردەکانی ئێران بۆ ئیسراییلی دەبێ یەکجار زۆر مەودای هەیە. بۆیە وێناچێ ئیسراییل لە شەڕی نێوان حدکا و ئێراندا هیچ دەورێکی هەبووبێت.

عەرەبستانی سعوودی:

لە لایەکی ترەوە، عەرەبستانی سعوودی، یەکێک لەو وڵاتانەیە کە سرنجی مرۆڤ بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ کە هاریکاریی حدکای لەو شەڕە دابێ.

سەرەتا و گرنگتر لە هەرهەمووی: پشتیوانی و پشتگیری لە شەڕی حدکا لەگەڵ ئێران و هەر پێدادانێکی تر لە ناو خاکی ئێران، زۆر لەگەڵ هێڵی بەربەرەکانیی سعوودیە لەگەڵ ئێران و بۆ ڕوونەڕووبوونەوەی ئێران (کە هەندێک کەس پێیان وایە سعوودیە نەترسانە ڕووبەڕووی ئێران دەبێتەوە) کە سرووشتی ستراتیژیی نوێی سعوودیە لە هەمبەر ئێرانە یەک بگرێتەوە کە بریتیە لە: هەر شتێک کە دەزانی ئێرانی پێ تووڕە دەبێ، بیکا، کەواتە سعوودیە هاتووە و پشتیوانیی ئەو حیزبانەی کردووە بۆ ئەنجامدانی کارێکی ئەوتۆ کردووە کە وڵامێکی نەزانانەی بەدوادا دێت.

بۆ نموونە دەڵێن سووتاندنی سەفارەتخانەی سعوودیە لە تاران و ئاگرتێبەردانی یەکێک لەو هۆکارانەیە.

پشتیوانی کردنی سعوودیە لە کوردەکانی ئێران وێدەچێ هەروەها بە هۆی ستراتیژیی درێژخایەنی سعوودیە لە هەمبەر ئێرانەوە بێت. عەرەبستانی سعوودی هەروەها حەزێکی لەمێژینەی بۆ گۆڕانی ڕژیم لە تاران هەیە و هیچ کاتیش ئەو حەزەی خۆی نەشاردۆتەوە و شەرمیشی لە گوتنی نیە. ئەنوەر ئەشکی سەلەشکری خانەنشین کراوی سعوودی، لە لێدوانێکدا لەگەڵ شۆڕای پەیوەندییەکانی دەرەوە لە کۆتایی مانگی ژوئەن، باسی لە چەند ئامانجی مەزنی سەعوودیە لە ناوچەکەدا کرد و گوتیشی سعوودیە دەتوانێ وەدەستیان بهێنێت. دوو دوانە لە بەرچاوترینیان بریتی بوون  لە: “گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە ئێران” و “کارکردن بۆ پێکهێنانی کوردستانی گەورە لە ڕێگای ئاشتیانەوە کە ئەوە دەبێتە هۆی لاواز بوونی سەرەڕۆییەکانی ئێران”.

ئەگەر ئەو ئامانجانە هێشتاش ئامانجی ستراتژیکی ڕیاز لە ناوچەکەدا بن ئەوا دەکرێ بە سانایی بێژین ئێران لە پشت ئەو شەڕ و پێکدادانانەی نیوان ئێران و حدکایە کە لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران و دەکرێ ئەو پێکدادانانە وەک مانیفێستی سعوودیە لەو ستراتیژیەدا لەبەرچاو بگیردرێن.بەڵام پێویستە ئەو کەسانەی کە بە پێی “تەوەهومی تەوتەئە” چاو لە باسەکان دەکەن، چاوێک لە کاتی ئەو پێکدانانەش بکەن، ئەگەر بێت و سعوودیە لە پشت ئەو پێکدادانانە بێت، سەردەمی پێکدادانەکان بە باشی بۆمان دەردەخات.

لە مانگی فێبریوەردا، عەرەبستانی سعوودی، کونسولگەری خۆی لە هەولێر واتا لە پێتەختی کوردستانی عێراق،کردەوە ئەوە لە ڕواڵەتدا زۆر ساناتر ئەوەمان بۆ دەردەخا کە سعوودیە لە پشت ئەو بەرنامە و کردەیەی حدکا لەو دیوی سنوورەکان لە ئێران بێت.

لە تەنیشت یەکتری دانانی هەموو ئەو ڕاستیانە هیچ گومان لەوەدا ناهێڵێتەوە کە ئیتر ئەوە سعوودیەیە لە پشت ئەو هێرشانەی حدکایە و بە باشترین شێوەش ئەو کارەی کردووە. بەڵام لە ئێستادا هیچ بەڵگەیەک لەمەڕ پەیوەندیی نێوان سعوودیە و ئەو چالاکییە سەربازییانە لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران، بوونی نیە. سەرەڕای ئەوەش بەرنامەیەکی ئەوتۆ دەبێ کارێکی کورت خایەن بێ کە مەترسیەکی زۆری لە پشتە و براوەییەکی کەمیشی هەیە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە درێژماوەدا پەیوەندییەکی باشی لەتەک ئێراندا هەبووە تا ئێستا دژایەتی کردووە و ئیزنی نەداوە هیچ کام لە حیزبەکانی دژبەری ئێران لە خاکی هەرێمەوە هێرش بکەنە سەر ئێران. عەرەبستانی سعوودیش حەزێکی زۆری بە پەرەپێدانی پەیوەندییە بەرەوزێدەبوونەکانی خۆی لەتەک حکومەتی هەرێمی کوردستان دا هەیە، لە ئەگەری ڕێکخستن و پشتگرتنی کوردەکانی ئێران ئەوا سعوودیە لەگەڵ مەترسیی پچڕانی ئەو پەیوەندییە ڕووبەڕوو دەبێ، ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەر دوو ڕکەبەرەکەی سعودیە واتا ئێران و تورکیە هێڵی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کوردەکانی عێراق بەهێز کردووە.

کەواتە لەگەڵ ئەوەیدا کە زۆر بە سانایی و بەبێ لێکدانەوە دەتوانین ئەو پێکدادان و شەڕانەی ئەو دواییانە بە شەڕی نیابەتیی نێوان ئێران و دژبەرەکانی لە قەڵەم بدەین بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە بەڵگەی یەکجار بەرچاو و سەرنجڕاکێش و بەپێز هەن بۆ ئەوەی کە بیسەلمێنین نە ڕیاز و نە تێلاڤیڤ (دوو گومان لێکراوی سەرەکی لەو بارەوە)، هیچکامیان لە پشت ئەو شەڕ و پێکدادانانە نین، هەرچەند لە ناخی خۆیاندا حەزیان لەوە هەیە پشتگیرییەکی ئەوتۆ بکەن.

پرسی کورد، بەرخودانی کورد

لەگەڵ ئەوەی دا کە ڕق و بێزاریی ئەو کەسانەی کە بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکانی خۆرهەڵاتی ناڤین دەکەن بە هۆی شەڕە نیابەتییەکانی سعوودیە و ئێران، لە زێدەبوون دایە، بەڵام کۆمەڵێک بەڵگە و ڕێنمایی بنەڕەتی لەبەر دەستدا هەیە کە دەریدەخات کە لە پلەی یەکەمدا بڕیاری ناوخۆیی حدکا، هۆکاری سەرهەڵدانەوەی ئەو چالاکییانەیە لە ناوخۆی ئێران. لە ڕاستیدا، حدکا خۆی لە بنەڕەتدا ئەو بڕیارەی داوە. لە بابەتێکدا کە سەرەتای مانگی جولای لەلایەن ئەو ڕێکخراوەوە بڵاو بۆوە، حدکا گوتبووی کە: “بە مەبەستی پێکهاتنی کەمپەینێکی ناونەتەوەیی بۆ دۆزینەوەی هاوپەیمان لە خۆرهەڵاتی ناڤین و لە لایەکی ترەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران ئەو خەباتەی دەست پێکردۆتەوە”. لێدوانێکی ئەوتۆ لە لایەن ئەو گرووپەوە دەریدەخات کە ئەوان لە سەرەتاوە هیچ پشتگیریەکی دەرەکیان بۆ دەست پێکردنەوەی ئەو چالاکیانەیان نیە.

هەروەها شێوەی ئەو شەڕە کە لە نێوان ئێران و حدکا هاتە ئاراوە ئەو واتایە کە پێی دەگوترێ شەڕی نیابەتی، ڕەت دەکاتەوە.  بەپێی قسەکانی مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حدکا، حدکا سەرەتا ئەو شەڕانەی وەک بەرگری لە خۆیان ئەنجام داوە. ئەو هەروەها شی کردەوە کە لە چالاکیەکانیاندا زۆر بە کەمی هەوڵ دەدەن لەگەڵ ئێران ڕووبەڕووبوونەوە دروست ببێت و هەوڵ دەدەن لەگەڵ کوردەکان و کۆمەڵگای کوردی لە ئێران پەیوەندی بکەن و ئەگەر لە لایەن ئێرانەوە هێرشیان بکرێتە سەر ئەوا بەرگری لە خۆیان دەکەن کە ئەو لێدوانە لە قسەکانی سپای پاسدارانی ئێرانیشدا لەو شوێنە کە باس لە چۆنیەتیی وەدواکەوتن و شوێن پێ هەڵگرتن و هێرش کردنە سەر شەڕڤانەکانی حدکا دەکا، پشتڕاست دەکرێنەوە. خاڵێکی گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ئەو شەڕ و پێکدادانانە وەک ئەوەی کە لە لایەن پژاک یان حیزبوڵاوە ئەنجام دەدرێ، لە ناوچە سنوورییەکان ئەنجام نەدراون. لە بەرانبەردا ئەو شەڕ و پێکدادانانە بە مەبەستی چوونەوە ناو خەڵکی کورد لە ئێران بە شێوەیەکی سیاسی ئەنجام دراون.

بەکارهێنانی ئەو تاکیتیکانە و هەروەها ئەو لێدوانە کە ئەوان دەیانهەوێ پشتیوانیی دەرەکی بەدەست بێنن، هیچ وەک ئەو تاکتیکانە ناچێ کە لە شەڕی نیابەتیدا کە وڵاتانی بیانی لە پشتن بەکار دێت و کەڵکی لێ وەردەگیردرێت.

بانگەشەی ئەوەی کە پەرەسەندنی چالاکییەکانی حدکا لە ناو ئێران شەڕێکی نیابەتی بێ، بەو واتایەیە کە ئەو گرووپە هیچ سەربەخۆییەکی بڕیاردانی نیە ئەوە لە حاڵێکدایە کە هیچ بەڵگەیەک ئەوە پشتڕاست ناکاتەوە. ئەوان هەروەها ئەو ڕاستیە لەبەر چاو ناگرن کە حدکا بەپێچەوانەی نموونەکانی ئیسراییل و سعوودیە کە لەسەرەوە باسمان کرد، ژینگەی ژیوۆپۆلتیکی ئەو دواییانەی ناوچەکە، تەنیا هۆکارێکە کە حدکای هان داوە ئەو چالاکیانەی خۆی –بە پشتیوانی یان بێ پشتیوانیی دەرەکی- بە دژی تاران دەست پێبکاتەوە کە ئەو دۆخەی ئێستای ناوچە بۆ سعوودیە و ئیسراییل بۆ ئەنجامدانی چالاکی بە دژی ئێران نالەبار و نەگونجاوە.

لەو دواییانەدا، لە زۆربەی شوێنەکان وێدەچێ لانیکەم لە ناوچەکەدا، بەشداریی کوردەکان لە زێدەبوو دایە. لە سوریە، ڕاگەیاندنی فیدرالیی باشووری سووریە- ڕۆژئاوا-، لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا یەکێک لە بەرچاوترین نیشانەکانی پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی کوردەکان لە پاش دەیەی ٩٠ـەوەیە، واتە ئەو کاتەی کە کوردەکانی عێراق ئوتۆنۆمیان لە ناوچەکانی خۆیان دەست پێکرد و ڕاگەیاند. هەم لە عێراق و هەم لە سووریە گرووپێکی زۆری کوردەکان و پێشمەرگەکانیان، خۆیان وەک ڕێکخراوەگەلێکی جێگای بڕوا و بەتوانا لەمەڕ بەربەرەکانی و وەستانەوە بە دژی ڕێکخراوی داعش بۆ هاوپەیمانەتی نێشان داوە (بێ بوونی تورکیە). ناتوانین ئەو ڕاستییە باس نەکەین کە کورستانی عێراق لە چاو هەر هەموو وڵاتی عێراق، ڕۆژ بە ڕۆژ و بە شێوەیەکی خەیاڵی بەرەو پێش دەڕوات. لە دۆخێکی ئەوتۆدا، حدکا هاندەرێکی یەکجار زیاتری هەیە کە بوونی خۆی لێرەدا دەربخات و بەرزی بکاتەوە و بۆ ئەو کارەش پێویستی بە هیچ کەس نیە تا پێی بڵێ چ کارێک بکات یان نا.

کاتێک کە چاو لە ویستی عەرەبستانی سعوودی بکەن کە دەڵێ دەمهەوێ کوردستانی مەزن پێکبێنم ئەوەش بۆ لاوازکردنی ڕکەبەرە ناوچەییەکانی خۆی واتا ئانکارا و تاران، و ئەو ڕاستیەش کە ڕۆژئاوا (کە پێی دەگوترێ ئەمریکا)، پێدەچێ و دیارە کە لە شەڕ بە دژی داعش دا لە سووریە و عێراق، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە جاران، بڕوا بە یەکینەکانی پێشمەرگە دەکات و ئاساییە کە حدکاش لەو کاتەدا وا بیر بکاتەوە کە کات لە هەمیشە گونجاوترە بۆ خۆدەرخستن و پشتیوانیی دەرەکی پەیدا کردن. ئەگەر حدکا بتوانێت پشتیوانییەکان لە ناوخۆی کوردستانی ئێران لە خۆی بەرین بکات و بتوانێ لەم ڕووەوە ببێت بە سەرئێشە بۆ تاران ئەوا دەتوانێ پشتیوانییەکی ڕۆژهەڵاتی/ڕۆژئاوایی وەک ئەوەی کە کوردەکانی سووریە و عێراق ئێستا هەیانە و پێی دڵشادن، بۆخۆی دەستەبەر بکات.

ئەوە بەو واتایە نیە کە هیچ کام لە ڕکەبەرە ناوچەییەکانی ئێران، ڕۆژێک لە ڕۆژان بڕیار نادەن کە پشتیوانیی حدکا بۆ لاوازکردنی تاران بدەن. بەپێی ئەو بەڵگانەی کە لەبەردەستن، واوێدەچێ کە ئەو شەڕ و پێکدادانانەی ئەو دواییانە نموونەی دۆسیەیەکن کە گرووپێکی نادەوڵەتی/باژێڕێ ئەنجامی داوە و لە ڕاستیدا لەسەر پێی خۆی و بە توانایی خۆی ئەنجامی داوە نەک ئەوەی کە یاریەک بێ کە سیاسەتی هێزە ناوچەییەکانی لە پشت بێ.

ئەوە نموونەیەک بوو بۆ ئەو کەسانەی کە بەدواداچوونی ڕووداوەکانی ڕٶژهەڵاتی ناوین دەکەن و دەرکەوت کە ئەوان بێ بەدواداچوون و خوێندنەوەیەکی قووڵ، بەپەلە و بەپێی خوو بڕیار لەسەر ڕووداوەکان دەدەن.

بۆ خوێندنەوەی دەقی ئینگلیسیی بابەتەکە لێرە کرتە بفەرموون

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت