بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد لە ئێران 

0
903
د. كامڕان ئه‌مین ئاوه‌
د. كامڕان ئه‌مین ئاوه‌

” ئەرک و دەرفەتەکان “

مێژوو شتێک بێجگە لە چالاکیی مرۆڤ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی نییە!”

  کارل مارکس

پێشەکی

چارەنووسی سیاسی کورد بە هۆی دابەشکران و سەرلەنوێ دابەشکرانەوەی کوردستان لە دوو قۆناخی مێژوویی واتە شەری چاڵدەڕان[ڕێکەوتی ٢٣ی ئووتی ١٥١٤ی زایینی] و کۆتایی هاتنی شەری یەکەمی جیهانی و قەبووڵی پێمانی تەوابوونی شەر لە ڵایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە[ڕێکەوتی ٣١ ئوکتۆبری ١٩١٨ی زایینی] گرێدراوە بە چارەنووسی سیاسی ئەو چوار وڵاتەی کە خاکی کوردستانیان بە پانتایی ٥٠٠ هەزار کیلۆمیتری چوار گۆشە دابەشکردوە کە بەراوەرد دەکرێ لەگەڵ کۆی خاکی فەرەنسە و سپانیا. لە تەواوی ئەم ساڵانەدا کوردستان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شایدی شۆرش و خەباتی بێ پسانەوەی گەلێک بووە کە بۆ ئازادی و ڕزگاری وڵاتەکەی ساتێک ملی نەداوە. بێ گومان بزووتنەوەی کورد لە هەر چواربەشیدا بە پێی ڕادەی ئاگایی نەتەوەیی، زاڵبوونی ڕێبەریی سەرۆک عەشیرە یاخود حیزبێکی سیاسی، لەباربوونی بارودۆخی نێوخۆیی، ناوچەیی و جیهانیی، هەروەها بوون لە بازنەی سیاسەتی نیوجێهانیدا، قۆناخی جۆڕاوجۆڕی تێپەرکردوە. سەرەرای تەواوی هەورازو نشێو و گۆڕانگارییە جۆڕاوجۆرەکانی ژیانی سیاسی، بۆ تێکۆشەرانی کورد هەمیشە و لەهەر حاڵەتێکدا ڕزگاری نەتەوەیی چرا و رێنمای خەباتی سیاسی بووە. لەم ڕەوتەدا زۆر جار حیزب و کەسایەتییەکانی کورد بە پێ بیرو هزری جۆڕاوجۆڕ خەباتیان کردوە و بزووتنەوەی کورد لە ژێر کاریگەری ئەوان و هاوڕێژەیی هێزەکانی دژبەر و گۆڕانکارییە سیاسییەکان تووشی سەرکەوتنی کاتی یاخود شکان هاتووە، بەڵام سەرەرای هەمووی ئەوانەش، گەیشتن بە ماڤی چارەی خۆنووسین تەوەرەی سەرەکی خەباتی هێزە سەرەکییەکانی کوردستانی پێکهێناوە. لە تەواوی ساڵەکانی پاش رووخاندنی کۆماری کوردستان [١٩٤٦زایینی] و لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد و هاورئیانی، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەسەڵەی ئێرانی یان کوردستانی بوون، شێوەی خەباتی سیاسی[چەکداری‌و ئاشتیخوازانە]، پێوەندیی خەباتی نەتەوەیی و چینایەتی، هەروەها هەڵبژاردنی ڕێبازی سیاسی و درووشمی سەرەکی، کاریگەری لە سەر خەباتی گەلی کورد داناوە. پاش ڕووخاندنی کۆماری کوردستان هەتا ئەم دووایانە، درووشمی دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان و گرێدانی چارەی کێشە کورد بە بزووتنەوەی سەرتاسەری، هەروەها دەستەڵات لە تاران و هەبوونی دێموکراسی، تەوەرەی سەرەکی بووە. ئێستاش درووشمی فیدراڵیزم یان بە وتەیەکی دیکە خودموختاری بۆ تەواوی نەتەوکانی ئێران بۆتە درووشمی سەرەکی زۆرینەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. چەند حیزب و گرووپێکی سەربەخۆیخوازیش لە دەرەوەی ڕۆژهەلاتی کوردستان پێکهاتوون کە بەرنامە، میکانیزم یاخود پڕۆژەیەکی ڕوونیان لە پێوەندیی لەگەڵ قۆناخە جۆڕاوجۆڕەکانی خەبات و ڕێکخستنی خەڵکی لە دەوری درووشمی سەربەخۆیی نییە.

درێژەخایەندنی خەبات و ڕادەی ڕاست‌بینی سیاسی

همتم بدرقە راە کن! ای طاير قدس

 کە دراز است رە مقصد و من نو سفرم

حافظ

بێ‌گومان ڕەوتی خەبات و سەرکەوتنی هێزی پێشکەوتنخواز زۆرجار ماوەیەکی زۆرتر لەوەی کە خەڵک یاخود ئازادیخوازان دەیخوازن، دەخایەنێ، ئەم کاتە ئەگەر بەراوەرد لەگەڵ ماوەی تەمەن و ژیانی مرۆڤ بکرێ گەلێک دوور و درێژ دێتە بەرچاو، بەڵام بۆ هێزێکی سیاسی بەرپرس کاتێک ئەم چەشنە دیاردەیە لە ڕەوتێکی مێژوویی لەبەرچاوبگیرێ، درێژەخایەندنی خەباتی سیاسی نە تەنیا نابێتە هۆی خەمۆکی سیاسی، بەڵکوو دەبێ ببێتە هۆی بەکارهێنانی تەواوی هێزو وزەی حیزب بۆ پەروەردە‌کردنی کادر و ئەندامەکانی، ئامادەکاریی بۆ کارو چالاکی پێویست لە کاتی گونجاودا، کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتە سیاسییەکان، بردنە سەرەوەی ئاگایی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی – سیاسی خەڵک، ڕێکخستنی خەڵک لە نێو ڕێکخراوە جۆڕاوجۆڕەکانی حیزب یاخود یاریدەدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و مەدەنییەکانی نیو وڵات، و بەم پی‌یە  بەشداریی ئاشکرا  و نه‌هێنی لە ژیانی سیاسی کۆمەڵگا  و هتد … . لەم پێناوەدا پێویستە حیزبێکی سیاسی دووربینی و تاکتیک و ستراتێژی ڕوونی بۆ خەبات بێ‌ و وڵامی پرسیارگەلێک بداتەوە کە پێوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ژیانی سیاسی حیزب و خەڵک لە قۆناخە جۆڕاوجۆڕەکانی خەبات هەیە. زۆرجار دیکتاتۆرەکان بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی سەدان ساڵەی هێزە سەرکوتکەرەکان و بە یاریدەی دوکتورین و پسپۆرە بەکرێگیراوەکان، بەکارهێنانی شێوە جۆڕاوجۆرەکانی سەرکووت، هەروەها بێ‌ئەزموونی و هەڵەی سیاسی و نەبوونی یەکیەتی هێزە پێشکەوتنخوازەکان، دەتوانن دەستەڵاتی سیاسی و حکوومەتی خۆیان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بپارێزن. لەم ڕەوتەدا هێز یاخود بزووتنەوەیەکی پێشکەوتنخواز ناتوانی بە شێوەیەکی وۆلنتاریستی واتە خۆویست حکوومەتیک بگۆڕێ یان بە ویستەکانی کاتی و درێژخایەنی خۆی بگات. بۆ هەر گۆڕانکارییەکی جیددی لە کۆمەڵگادا پێویست بە بارودۆخی گونجاو، هاوڕێژەیی وئەزموونی هێزەکانی دژبەر، توانایی ڕێکخستن و پێکهێنانی ڕێکخراوەی سیاسی، فەرهەنگی، پێشەیی و کۆمەڵایەتییەکان، و بە پێی پێداویستی پێکهێنانی هیزی چەکداری، هێرش و پاشەکشەی بە وەخت، پێکهێنانی یەکیەتی و بەرەی هاوبەش لەگەڵ هیزەکانی سیاسی دژ بە دەستەڵات، پێکهێنانی پیوەندیی لەگەڵ هێزە پێشکەوتنخوازەکانی جیهان و ڕاکێشانی بیرورای جیهانی بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی دژ بە حکوومەتی دیکتاتۆر، بە کار هێنانی دیپلۆماسی بۆ گوشار هێنانی ئابووری و سیاسی ولاتە بیانییەکان بۆسەر حکوومەتی دیکتاتۆڕەکان و هتد … هەیە. لەم ڕەوتەدا هیزی سیاسی پێویستە لە تەواوی شێوەکانی خەبات بۆ لە پەراوێزخستنی حکوومەتی سەرکووتکەر و دوورکردنەوەی خەڵک لە دەستەڵات کەڵک وەربگرێ. هەر چەشنە بریارێکی هەڵە و نەگونجاوی هێزە سیاسییەکان یاریدە بە دەوامی دەستەڵات و درێژەکێشانی ماوەی ژیانی دیکتاتۆر دەدات. لە نەبوونی بارودۆخی بابەتی(ئابژێکتیف) و زەینی(سوبژێکتیف)، بێ گومان پێکهێنانی ئاڵوگۆڕێ سیاسی لە دەستەڵات بە زەبرێ ویستی هیزەکانی پێشکەوتنخواز وەدی نایە، بەلام هێزێکی سیاسی بە پێی خوێندنەوەی دروست لە بارودۆخی سیاسی کۆمەڵگا، هەڵسەنگاندنی هیزەکانی دژبەر، کۆکردنەوەی و ڕێبەریی خەڵک لە دەوری درووشمی گونجاو و دروست، هەروەها بە کار بردنی تەواوی شێوەکانی خەبات دەتوانێ یاریدە بە خێراکردنەوەی ڕەوتی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگادا بدات. لێرەدا پێویستە ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات کە بە چەشنێک بەستراوە بە ئاڵوگۆڕەکانی سیاسی لە ئێرانین، خوێندنەوەی دروستمان لە بارودۆخێ نێوخۆیی، ناوچەیی و جیهانیی بێ و بتوانین سیاسەتمان بە پێی بەرژوەندیی گەڵەکەمان و لە پێناوی گەیشتن بە ماڤی چارەی خۆنووسین دارێژین.

کوردی ڕۆژهەڵات و کێشەی ئێرانی بوون

کوردستان وەکو وڵاتی کوردان، وڵاتێک لە باشوری ڕۆژئاوای ئاسیا بە دریژایی ٣٠٠ هەتا ٥٠٠ کیڵۆمیتر لە باکوورەوە بەرەو باشور و نزیکەی هەزار کیلۆمیتر لە ڕۆژئاواوە بەرەو ڕۆژهەڵات پێکدەهێنێ. بە هۆی نەبوونی دەوڵەتێک بە ناوی کوردستان، ئەم چەمکە زۆرتر مەفهوومێکی جوغرافیای ئەتنیکی هەیە هەتا دەوڵەتی سیاسی. پاش شەری چاڵدەران پتر لە ١٦٠ هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشە لە خاکی کوردستان کەوتۆتە نێو چوارچێوەی جوغرافیای سیاسی ئێرانەوە و بە پێی ئەو ئامارانەی کە لەبەردەست دان، کورد پتر لەسەتا ١١ی حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێک دەهێنێ. ئەمرۆکە بەشێک لە کوردەکان و بە تایبەتی کوردەکانی دەرەوەی وڵات هەستیارییەکی تایبەتیان بە چەمکی ئێرانی بوون هەیە، بەڵام ڕاستییەکانی ژیان و سنوورە دەستکردەکان لە دەرەوەی بازنەی ویست و ئارەزوی ئێمە کار دەکەن. کوردی ڕۆژهەڵات یان نەتەوەکانی دیکەی ئێران بە پێچەوانەی بۆچوونی شوڤینیستەکانی تەواوخوازی ئێرانی کە باسی یەک وڵات و یەک نەتەوە دەکەن، تەنیا لە ڕەوانگەی حقووقی و شارۆمەندییەوە وەکو ئێرانی پێناسە دەکرێن، بەڵام لە ڕەوانگەی ئەتنیکییەوە، نەتەوەیەکی جیان کە لە چوارچێوەی جوغرافیای سیاسی ئێراندا دەژین، بەم هۆیە ئێران وەکو وڵاتێکی فرەنەتەوەیی پێناسە دەکرێ. لە وڵاتە چەند نەتەوەییەکانی ئورووپا بۆ وێنە سویس و بلژیک یاخود کەنادا، بۆ فەرەنسەوی، ئیتالیایی و ئەلمانییەکان یاخود هۆڵەندییەکانی ئەم وڵاتانە; سویسی، بلژیکی یاخود کەنادایی بوون نە حاڵەتێکی ئەتنیکی، بەڵکو ماڤێکی حقووقی و شارۆمەندییە کە دەتوانی لە کاتی تێکچوونی سیستێمی فیدراڵی و کۆنفیدراڵی یان بە شوێن ڕێفراندۆم و جیابوونەی یەکێک لەم نەتەوانە بگۆڕدرێ. بۆ وێنە پاش ڕووخانی یەکیەتی سۆڤییەت لە ساڵی ١٩٩١ی زایینی، کۆتایی بە شارۆمەندیی و ناسنامە و پێناسەی سۆڤییەتی نەتەوەکانی پێکهێنەری ئەم وڵاتە هات. لە ئێرانیش سەرەرای زاڵبوونی سیستێمێکی ناوەندخواز، ئەندامی هەر نەتەوەیەک سەرەرای شارۆمەندی ئەم وڵاتە، پێناسەی ئەتنیکی خۆی هەیە و ماڤی ئەو نەتەوەیەیە بۆ وەدەسهێنانی ئەم ماڤە پەسەندکراوە جێهانییە کە لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە پێشێلکراوە، خەبات بکات و بڕیار بۆ بوون یان نەبوون لەم چوارچێوەیەدا بە پێی بەرژوەندی و ئاستی ئاگایی نەتەوەیی خۆی بدات. سەرەرای ئەوەش تا کاتێک کورد لە نیو ئەم کۆیەدا بێ، چارەنووسی بە شێوەی سیستێمی دەستەڵاتداری لەم وڵاتەدا بەستراوەتەوە و لایەنی شەر و وتووێژی لە هەر حاڵەتێکدا تارانە. لە کاتی ئێستادا بە‌پێی بوونی حکوومەتێکی تیوکراتیکی ئیسڵامی پێویستە ئێمە وڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە:

بڵێی کێشەی کورد لە وڵاتێکی فرەنەتەوەیی بەڵام ناوەندخواز وەکو ئێران [بە پێچەوانەی تورکیە، سووریە و عێراق کە سەرەرای بوونی ئاسوریی یان تورکمەنەکان، تەنیا دوو نەتەوەی سەرکی لە خۆ دەگرن] بێ هەبوونی دێموکراسی و تێکچوونی سیستێمی ناوەندخواز چارەسەر بکرێ؟

چارەسەری کێشە کورد لە ڕیگەی وتووێژ: وەهم یان ڕاست‌بینی!

“درختی کە تلخش بود گوهرا

اگر چرب و شيرين دهی مرورا

همان ميوە تلخت آرد پديد

از او چرب و شيرين نخواهی مزيد”

 ابوشکور بلخی

لە بارودۆخی ئێستا کە سیستێمێکی تیوکراتیکی ئیسڵامی لە ئێراندا دەستەڵاتی بە دەستەوەیە، و بە پێی ئایدیۆلۆژیی و یاسای سەرەکی نوێنەرانی خودا کە باوەریان بە بوونی نەتەوە و کێشەی نەتەوەیی لە ئێراندا نی‌یە، هەروەها بە پێی ئەزموونی پتر لە ٣٧ ساڵ دەستەڵاتداری حکوومەتی ئیسڵامی، ئاسۆیەک بۆ چارەسەری کێشەی کورد یاخود هەر نەتەوەیەکی‌تر لە ئێراندا نابیندری. هەر چەشنە هەوڵ‌و تێکۆشانی بەشێک لە ڕێبەرانی کورد بۆ چارەسەری کێشەی کورد لەسەر میزی وتووێژ نە تەنیا ئاکامێکی ئەرێنی لێ نەکەوتۆتەوە، بەڵکوو لە کۆتاییدا بە پێچەوانەی هەر پرینسیپێکی سیاسی و ئەخڵاقی، کوژرانی کەسایەتیک وەکو نەمر د.‌قاسملوو و عەبدوڵلا قادرئازەری لەسەر میزی وتووێژ لێکەوتۆتەوە. ڕاستییەکانی ژیان نیشانیان داوە کە ترۆری د. قاسملوو نە تەنیا بە هۆی لەبەرچاو نەگرتنی باری ئەمنییەتی بەڵکوو بە پێی پیڵانێکی زۆر حیساب کراو و لە پێناوی بێ سەرکردن یەکێک لە حیزبە سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە. بە قەوڵی نیزامی گەنجەویی ” اصل‌ بد در خطا خطا نکند.” بێ‌گومان “کاتێک، سەرەرای تەواو بە هێزی بوونی دیکتاتۆرەکان، بزووتنەوەیەکی خۆڕاگری تووڕەش [لە کۆمەڵگادا] هەبێ، لەوەدەچێ دیکتاتۆڕەکان لە ڕێگەی وتووێژ لەگەڵ ئوپۆزیسیۆن و لە ژێر ماسکی مسۆگەرکردنی ئاشتی، ئەوان بۆ خۆبەدەستەوەدان بانگهێشتن بکەن. هەرچەند بانگهێشتن بۆ وتووێژ دڵخۆشکەرە‌ش بێتە بەرچاو، بەڵام لەوەدەچێ لە دیوی وتووێژدا مەترسییەکی زۆر لە بۆسەدا بێ”. حکوومەتی ئیسڵامی ئێران لە سەرەتای شۆرشی ڕێبەندانی ساڵی پەنجاوحەوتی هەتاوی، ئەویش لە بارودۆخی ئەو کاتی ئێران و کوردستاندا و تەنیا بۆ بە هێز کردنی هێزی نیزامی خۆی و دارشتنی پیڵان و هێرشی تازە بۆ کوردستان نەبێ، قەت ئاوڕی لە مەسەلەی کورد یاخود هیچ نەتەوەیەکی دیکەی ئێران نەداوەتەوە و هەتا کاتێک ئەم دەستەڵاتە بەم ناوەڕۆکەوە بمێنێتەوە وێچوونی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا نییە‌و جموجوڵەی تەسکی چەکداری و ناردنەوەی چەند پێشمەرگەیەکیش نابیتە هۆی گوشارهێنانی جیددی بۆ سەر حکوومەتی ئیسڵامی ئێران و ڕاکێشانی سەرنجی دیکتاتۆڕەکانی ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد. لەم پێوەندییەدا زۆر جار دەبیندرێ وتەکانی د. قاسمڵوو سەبارەت بە شەری چەکداری و مەسەڵەی وتووێژکردن لەگەڵ دەستەڵاتی ناوەندی لە لایەن کەسانێک کە خۆیان وەکو هۆگرانی “ڕێبازی قاسملوو”! پێناسە دەکەن، بە چەشنێکی‌تر بەیان دەکرێ و بێ‌پسانەوە ئەم وتەیە دووپات دەکرێتەوە کە مەبەست لە شەری چەکداری نە ڕووخاندنی حکوومەتی تاران بەڵکوو سەرنج ڕاکێشانی کاربەدەستانی ئێران بۆ چارەسەکردنی کێشەی کوردی ئێران لە سەر میزی وتووێژدایە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە د. قاسملوو لە لاپەرەی ١٠ و ١١ی “کورتەباسدا بەم چەشنە ئاماژە بەم مەسەڵەیە دەکا و دەبێژێ:” … دەبینین کە تاکتیکی شەری چەکداری ئێستامان لەگەڵ شەری چەکداری سێ مانگەدا فەرقی هەیە: ئەو کاتە ئێمە شەرمان دەکرد بۆ ئەوەی ڕژێم ناچار بە وتووێژ بکەین، بەڵام ئێستا شەر دەکەین بۆ ئەوەی ڕژێم بڕوخێنین، چونکە لەم بروایەداین کە هیچ کام لە داخوازەکانی خەڵکی کوردستان و گەڵانی ئێران، لە چوارچێوەی ڕژێمی خومەینی‌دا وەدی نایە. واتە دروشمی ئێستای ئێمە: “ڕووخاندنی ڕژێمی خومەینیە”. لەبەرچاو نەگرتنی هەر ئەم وتەیە و دانیشتنی د. قاسملوو لەگەڵ ترۆریستەکانی تاران، بە نرخی گیانی بەرێزیان تەواو بوو. لێرەدا دەکرێ ئەم پرسیار ئاراستەی ئەوانەی بکەین کە پێیان وایە بە شەری چەکداری [ئەگەر بتوانین ناردنەوەی چەند پێشمەرگەیەک بۆ نێو وڵات بە شەری چەکداری نێو ببەین]، دەتوانن حکوومەتی دەستەڵات ناچار بە وتووێژ بکەن:

لە بەراوەرد لەگەڵ ساڵەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی چ شتێک بە تایبەتی پاش ترۆری دوکتور قاسمڵوو و شەرەفکندیی و ترۆری سەدان پێشمەرگەی دێموکرات و کۆمەڵە لە باشوری کوردستان و کوشتن و لە سێدارەدانی سەدان ئازادیخوازی کوردی نیو وڵات گۆڕدراوە کە پێمان وابێ لەم ئیمامزادانە وێچوونی مۆجزەیەک بۆ کێشەی کورد هەیە؟!
بڵێی ناوەڕۆکی حکومەتی ئیسڵامی و لاسەنگی هیزەکانی پێشکەوتنخواز و حکوومەتی ئیسڵامی ئێران وەها بۆ لای ئێمە شکابێتەوە کە بتوانین دەستەڵاتدارانی تاران ناچار بە دانیشتن لەسەر میزی وتووێژ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بکەین؟
بڵێی بزووتنەوەی مەدەنی لە ئێران و کوردستاندا هەتا ئەو رادەیە پەرەی گرتبێ کە نوێنەرانێکی ڕاستەقینەی کورد لە نێوخۆی وڵات بتوانن رۆڵی ها. د. پ – مان بۆ بگێرن و ئێمە بە هەبوونی شاخ و شار بتوانین حکوومەتی ئیسڵامی ناچار بە پاشەکشە بکەین؟
بڵێی بێ گۆرانکاری لە سیستێمی ناوەندخوازی دەستەڵات و یاسای بنەڕەتی ئێران، وێچوونی چارەسەری کێشەی کورد و گۆڕینی سیستێمی ئیداری و سیاسی تەنیا لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبێ؟
ئەگەر وێچوونی ئەم چەشنە ئاڵوگۆڕانە لە چوارچێوەی حکوومەتی ئیسڵامی ئێراندا هەیە، چ بەربەستێک دەبێتە هۆی مانەوەی هۆگرانی ئەم بیرۆکەیە لە تاراوگە و نەگەرانەوەیان بۆ ئێران و دەستپێکی کارو چاڵاکی سیاسی لە چوارچێوەی یاسای بنەرەتی ئێراندا؟

جێگە و پێگەی کورد لە ڕەوتی ڕووخاندنی حکوومەتی تاراندا!

ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە ڕژێمی تاران قەت تەنیا بە هێزی کورد کە سەتا ١٠ هەتا ١١ی حشیمەتی ئێرانی پێکهێناوە نارووخێ، بەڵام چارە چییە و پێگە و جێگەی کورد لە بازنەی هێزەکانی دژبەر لە کام بەرەدایە؟ ئایا کورد دەبێ خۆی لە نێوان بەرەی هێزە پێشکەوتنخوازەکانی ئێرانیدا ببینێتەوە یان چوونکە کێشەی نەتەوەیی هەیە دەتوانێ لە سیستێمێکی نادێموکراتیک و پاشکەوتووی حکوومەتی ئیسڵامیدا بە ئاواتەکانی خۆی بگات؟ ئەگەر وایە، بە کام میکانیزم و سیاسەتێک؟، ئەویش لە حاڵەتێکدا کە حکوومەتی تاران ئامادەی پێدانی ئیزنی چالاکی سیاسی بە هێزەکانی مەدەنی و سیاسی خۆشی نییە، و هەر چەشنە دەنگێکی ئازادیخوازانە بە سێدارە، بەندیخانە و ترۆر وڵام دەداتەوە. لەم پێوەندییەدا پێویستە وڵامی ئەم پرسیارانەش بدەینەوە:

بڵێی ئێمەی کورد کە نەمانتوانی لە ساڵەکانی سەرەتای پاش شۆڕشی ڕێبەندانی ٥٧، بە هەبوونی هەزاران پێشمەرگە و پشتیوانی جەماوەری کورد، نەبوونی دەستەڵاتی حکوومەتی ناوەندی لە شارەکانی کوردستان، هەروەها سەقامگیر نەبوونی دەستەڵاتی تاران و هەبوونی چاڵاکی سیاسی هیزەکانی چەپ و دژبەر لە تەواوی ئێراندا،  تەنانەت بە یەک خاڵ لە ویستەکانمان بگەین، بتوانین لە بارودۆخی ئێستادا بە بەشێک لە ئامانجەکانمان بگەین؟
بڵێی ئەمە نبێتە هۆی پێکهێنانی ئەو وەهمە کە بۆ وێنە بە بەشداریکردنی خەڵک لە نمایشەکانی هەڵبژاردندا وێچوونی هێنانە بەرباس و چارەسەری کێشەی کورد هەیە یاخود حکوومەتی ئیسڵامی ئێران بەم ڕادەیە لە عەقلییەتی سیاسی گەیشتوە کە بێ لەبەر چاوگرتنی ماڤە سەرەتاییەکانی مرۆڤ لە ئێراندا، ئامادەی پێدانی تەنانەت بەشێک لە ماڤەکانی کورد بێ، ئەویش لە کاتێکدا کە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەروەی وڵات ئاوا تووشی قەیرانی رێکخراوەیی و فیکریی بوون؟
بڵێی حکوومتی تاران ئەوەندە لاواز و بێ دەستەڵات بووبێ کە بیەوێ بە یەک دوو دانیشتن لەگەڵ جەماعەتێکی دیاریکراو کە بە چراسەوزدان بە حکوومەتی تاران دەیانەوێ پێشەنگی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەگەڵ هێزەکانی ئەمنی ئێران بن، مافی کورد بدات؟!
بڵێی ئەم چەشنە سیاسەتکردنە نەبێتە هۆی پێکهێنانی دوبەڕەکی زۆرتر لە ماڵی کورد و دڵخۆشترکردنی حکوومەتی تاران؟
بێ‌گومان پێکهاتنی بارودۆخی نوێ وەکو هێرشی ‌هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ بۆ ئێران [وەکو عێراق]، یان دەستپێکی شەری نێو خۆیی[وەکو سووریە] یاخود کودتای هێزەکانی دژبەری نێو حکوومەت کە بەرژوەندیان پێکەوە ناتەبا بێ!، یان شۆڕشی جەماوەریی دەتوانی لە داهاتودا ببێتە هۆی سەرهەڵدانی سناریۆیەکی تازە. بەڵام ئێستاکە هیچ کام لەم خاڵانە چ “بالقوە” و چ “بالفعل” بوونی نییە و کوردی ڕۆژهەڵات یاخود گشت بزووتنەوەی دژ بە حکوومەتی ئیسڵامی ئێران لە بارودۆخێک نین کە بەرژوەندیان تەبایی لەگەڵ بەرژوەندی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا سەبارەت بە ئێران بێ، بەم پێیە لەوەناچی کاتی ئەوەی گەیشتبێ بەشێک لە برادەران توورەکەی بۆ بدورێنین! تەنانەت لەم حاڵەتەشدا کاتێک حیسابێک لەسەر کوردی ڕۆژهەڵات دەکرێتەوە کە یەکگرتوو و بە هێز بێ!

 ئەو حیزب و رێکخراوە کوردستانییانەی کە پێشرۆ و ئاڵاهەڵگری درووشمی فیدراڵیزم بۆ ئێرانن ‌و خۆیان وەکو بەشێک لە ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی پێناسە دەکەن، هەروەها بەم باوەڕەن کە بەشێک لە کێشەکانی نەتەوەیی کوردی ڕۆژهەڵات له ‌چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵ و دێمۆکراتيک”دا چارەسەر ده‌کرێ، بێ گومان دەچنە نێو خانەی حیزبە ئوپۆزیسیۆنەکانی ئێرانی‌‌ و پێویستە هاوئاهەنگ لەگەڵ ئەوانەی کە باوەڕیان بە کێشەی نەتەوەی و ماڤی چارەی خۆنووسین هەیە، بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمە تێبکۆشن. لەم ڕەوتەدا حیزبێکی سەربەخۆیخوازیش ناتوانێ بێ تێکچوونی سیستێمی ئیداری – سیاسی ناوندخواز و ڕووخانی حکوومەتی ئیسڵامی بە بەشێک لە ویستەکانی خۆی بگات. بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیش پێویستە  بارودۆخی‌ سیاسی، فەرهەنگی ‌و‌ کۆمەڵایەتی‌ مسۆگەر بکرێت، تا خەڵکی بە ئاستێک لە ئاگایی نەتەوەیی بگەن کە بتوانن بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن. حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بێ لەبەرچاوگرتنی درووشمی کاتی یان درێژخایەنیان، بۆ بردنە سەرەوەی ئاگایی نەتەوەیی ‌و کۆکردنەوەی خەڵک‌ و ڕێکخستنیان لە نێو پێکهاتە جۆراوجۆرە سیاسی ‌و مەدەنییەکاندا، پێویستیان بە بارودۆخێکی ئازاد و دێموکرات هەیە تا کاریگەری ڕاستەوخۆیان لە ژیانی ڕۆژانەی گەلەکەیان هەبێ. ئەم باڕودۆخە بێ ڕووخانی سیستێمی ناوەندخواز لە ئێراندا وەدی نایە. نەیاران و دوژمنانی حکوومەتی ئیسڵامی کە خوازیاری ڕووخانی ئەم ڕێژیمە بن، کەم نین، بەڵام جێگە و پێگەی کوردی ڕؤژهەلات لە ڕەوتی ڕووخاندنی حکوومەتی ناوەندخواز و تیوکراتیکی ئێراندا، تەنیا دەتوانێ بەڕەیەک لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بێ، کە باوەڕیان بە فرە نەتەوەیی بوونی ئێران، بوونی کێشەی نەتەوەیی و ماڤی چارەی خۆنووسین هەیە!

پرینسیپەکانی خەبات!

راست کن لفظ و استوار بگوی

سرە کن راە و پس دلير بتاز

 مسعود سعد سلمان

حیزبێکی سیاسی پێویستە لە درێژایی خەباتی خۆی، بە پێی بارودۆخ، دەرفەتەکانی نێوکۆمەڵگا، توانای و ڕادەی کاریگەری خۆی لە نێو جەماوەری خەڵک، بۆ وەدهێنانی ئامانجە سەرەکییەکانی، هەڵوێست وتاکتیکی شیاو هەڵبژێرێ و لەم ڕەوتەدا بە بەکار‌هێنانی شیوە جۆراوجۆڕەکانی خەباتی ئاشتیخوازانە و مەدەنی هەتا شۆرش و شەری چەکداری پاشەکشە بە دوژمن بکات. ڕەوتی خەبات، ڕێگەیەکی ساف و بێ ڵەمپەر نییە و هیچ حیزب و بزووتنەوەیەکیش ناتوانێ چاوەرێ ئەوی بێ کە لە ماوەیەکی کوورتەخایەندا بە ئامانج و ئاواتەکانی بگات. لە کاتی بەسەرکارهاتنی حکوومەتی ئیسڵامییەوە هەتا ئێستا هێزەکانی کوردستانی بە پێی هاورێژەیی هێزەکانی خۆیان و دەستەڵاتی ناوەندیی لە شیوە جۆڕاوجۆڕەکانی خەبات وەکو بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی سەرەتای شۆرشی ڕێبەندانی ٥٧، شەری چەکداری و وتووێژکردن لەگەڵ نوێنەرانی تاران و هتد … کەڵکیان وەرگرتووە، بەڵام بە هۆگەلێکی ڕوون وەکو نەبوونی هاودەنگی و بەرەی یەکگرتووی هێزەکانی کوردستانی، دابڕان و شەری نێوخۆیی، سەرکووتی تەواوی هێزەکانی پێشکەوتنخواز ئێرانی و کوردستانی لە لایەن رژێمی ئیسڵامییەوە، و هتد … لەم ڕەوتەدا بە داخەوە سەرکەوتوو نەبوون و پەیتا پەیتا ناچار بە پاشەکشەی نیزامی و ڕێکخراوەیی هەتا دانیشتنیان لە باشوری کوردستان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن کراون. پاش بە جێ هێشتنی قەندیل و نێشتەجی بوونی دێموکرات و کۆمەڵە لە کۆێە و زرگوێز، پێکهاتنی هەرێمی کوردستان و نەمانی ڕژێمی بەعس وەکو پشت بەرەی شەری دژ بە ئێران، دابڕان و لەت‌ لەتبوونی ئەم حیزبانە و بە هێزتر بوونی سیستێمی دەستەڵات لە ئێراندا هەروەها قەیرانی سیاسی و ڕێکخراوەیی، نەبوونی بەرەیەکی کوردستانی و گوشارەکانی نهێنی و ئاشکرای حیزبە سەرکییەکانی باشوری کوردستان، کێشەی ماڵی و هتد … کاریگەریی نەرێنییان لە سەر ئەم حیزبانە وەکو نوێنەرانی فیکری و سیاسی بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات بووە و هەیە. ئەمرۆکە هەبوونی هێزی پێشمەرگە زۆرتر حاڵەتێکی هێمایی و سەمبولیکی بۆ حیزبەکان هەیە هەتا هێزێکی کاریگەر لە ڕەوتی خەباتی دژ بە حکوومەتی ئیسڵامی ئێران. بێ گومان لەبەر چاوگرتنی بەرژوەندی باشور و نەبوونی پشتی بەرەی شەر، نەبوونی ناوچەی ئازادکراو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەبوونی پشتیوانی جەماوەر و کەمبوونی ڕێژەی هێزی پێشمەرگە و بە هێزبوونی هێزەکانی سەرکووتکەری تاران، ڕێگە بەم چەشنە خەباتە بە چەشنی ساڵەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی لە بارودۆخی ئیستادا نادەن. هەورازو نشێوی خەبات و بە کار هێنای شێوە جوراوجۆڕەکانی خەبات لە پێوەندی لەگەڵ وەزعی هیزی خۆیی و دوژمندایە. لە کاتی بە هێزبوونی دوژمن پێویستە هیزی پێشکەوتنخواز بەدوور لە هەر چەشنە کێشەخوازی بە شێوەی پەیتا پەیتایی چالاکی بکات و هێزەکانی خۆی بپارێزی، بەڵام کاتێک هێزی دوژمن لاوازە، دەبێ کار و چالاکی هێزی پێشکەوتنخواز بچێتە قۆناخێکی رادیکالتروە. دیتنەوەی هاورێژەیی نێوان ئەم دوو حاڵەتە و دارشتنی سیاسەتی دروست و بە دوور لە هەڵەی سیاسی کارێکی هاسان نییە و حیزبێکی بەرپرس دەبێ توانایی ڵێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکان، وەزعییەتی خۆی و دوژمن، فاکتۆرەکانی لەبار و ناڵەباری نێوخۆیی، ناوچەیی و جێهانی بێ، هەتا بتوانێ هێزێکی زۆرتر لە دەوری خۆی کۆکاتەوە، و دوژمن لە پەراوێز بخات، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە بەرنامە و خوێندنەوەی دروستی لە ڕووداوەکانی نێو کۆمەڵگا بێ و بتوانێ متمانەی خەڵکی بەرەوخۆ ڕابکێشێ. کاتێک دەرفەرتی پێویست بۆ کاری و چالاکی رادیکاڵ نی‌یە، حیزب دەبێ تێبکۆشی لە نێوخۆی وڵات پەرە بە شانەکانی حیزبی بدات و لە ڕێگەی پێکهێنان و یاخود بەشداری لە پێکهێنانی یەکیەتی جۆڕاوجۆرەکانی پێشەیی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بەشداری لە چاڵاکییەکانی نێو وڵات بکات. مەبەست و ئامانجی خەباتی مەدەنی نە پێدانی ڕەوایی زۆرتر بە دەستەڵات بەڵکوو لە پەراوێزخستنی هەرچی زۆرتری هێزەکانی دەستەلات و دوورکردنەوەی خەڵک لەوانە. بۆ وێنە بەشداری لە ڕەوتی هەڵبژاردنەکان لە وڵاتێکی سەرەرۆیی وەکو ئێران و هاندانی خەڵکی بۆ بەشداری لەم چەشنە نمایشانەدا، بە پێچەوانەی ئەوانەی کە پێیان وایە دەبێتە هۆی چاڵاککردنی خەڵک و بردنەسەرەوەی ئاگایی نەتەوەیی، نە تەنیا یاریدە بەم دوو خالە نادات، بەڵکوو ئەو وەهمە پێک دێنێ کە دەکرێ لە چوارچێوەی سیستێمێکی بەستراو و کۆنەپەرەستانەدا ئاڵوگۆڕی دێموکراتیک بکردرێ؟! “جین شارپ” یەکێک لە دوکترینی خەباتی مەدەنی لە کتێبی لە دیکتاتۆرییەوە بەرەو دێموکراسی ئاماژە بەم راستییە دەکا: کە” دەنگدان لە ژێر دەستەڵاتی حکوومەتە سەرەرۆییەکاندا ئامرازێکی باش بۆ پیکهێنانی ئاڵوگۆڕی بنەمایی لە پێکهاتەی سیاسی نییە. بەشێک لە حکوومەتەکانی دیکتاتۆری جارو بار بۆ پاراستنی ڕەواڵەتی دێموکراتیک بوونی خۆیان، هەڵبژاردنیش بەکار دەهێنن(وەکو دەنگدان لە وڵاتەکانی بلووکی ڕۆژهەڵاتی پێشوو) بەڵام ئەم دەنگدانانە، ڕاپرسییەکی بەستراوەن کە تەنیا بۆ پشتیوانی لێکردنی خەلکی و هەڵبژاردنی یەکێک لە کاندیدە هەڵبژاردەوەکانی دیکتاتۆر، بەکاردەهێندرێ. ئەگەر تەنانەت کاندیدێکی ئۆپۆزیسیۆنیش ئیزنی بەشداری لە هەڵبژاردنی پێبدرێ و هەڵبژێردرێ(وەکو ئەو حاڵەتەی کە لە ساڵی ١٩٩٠ لە برمە و لە ساڵی ١٩٩٣ لە نیجێریە ڕوویدا)، ئاکامی هەڵبژاردنەکان بە هاسانی لە لایەن دیکتاتۆرەوە رەت دەکرێتەوە، جارو باریش کاندیدی “سەرکەوتوو” هەرەشە و گوڕەشەی لێ دەکرێت، و تەنانەت لە سێدارەش دەدرێ. دیکتاتۆرەکان هیچ کاتێک بە هاسانی ئیزنی دەنگدان بۆ ئەوانەی نادەن کە بیانەوەی ئەوان لە تەختی پاشایەتی بکێشنە خوارێ”. لە ئێرانیشدا ئێمە ئەزموونی ئەم حاڵەتانەمان هەیە، بۆ وێنە پیڵانی گیرانی د. قاسملوو پاش دەنگهێنانەوەی لە هەڵبژاردنەکەی مەجلیسی “خبرگان” وەکو نوێنەری خەڵکی ورمێ و لە گەماڕۆدانی ماڵی موسوی و کەروبی پاش بزووتنەوەی سەوز. “جین شارپ” زۆر بە جوانەی ئاماژە بە خاڵێکی سەرنج ڕاکێش، واتە هاوکاری خەڵک وەکو سەرچاوی هێزی سیاسی دیکتاتۆرەکان دەکا و دەڵی “مەبەستی سەرەکی سادەیە، دیکتاتۆرەکان نیازیان بە هاوکاری ئەو خەڵکە هەیە کە حکوومەتیان بەسەردا دەکەن، هاوکارییەک کە بێ ئەو، ناتوانن سەرچاوەی هێزی سیاسی خۆیان مسۆگەر بکەن و لە جێ خۆی ڕاگرن. سەرچاوەکانی هێزی سیاسی بریتین لە:

ڕەوایی، پێکهێنانی باوەری گشتی سەبارەت بە یاسایی بوونی حکوومەت و پێبەندی ئاکاریی خەڵک بۆ گوێ‌ڕایەڵی لەوان.

سەرچاوەی ئینسانی، ڕێژە و بایەخی کەسان و گروپگەلێک کە فەرمانبەری لە دەستەڵاتداران دەکەن، هاوکاریان دەکەن یاخود یاریدەی بە دەستەڵاتدارەکان دەدەن. و ….”
لێرەدایە کە هەڵویستی حیزبێک بۆ هاندانی خەڵک بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکان یاریدە بە مانەوەی دەستەڵاتی دیکتاتۆر و ڕەوایی زۆرتر بەوان دەدات‌و زۆرجار وەکو خاڵێکی ڕەش لە ژیانی سیاسی ئەم حیزبانەدا تۆمار دەکرێ. حیزبێکی ئوپۆزیسیۆن لە ڕەوتی تێکۆشانی سیاسی خۆیدا ئەگەر نەرمشی لە کردەویدا بێ، بۆی نی‌یە لە بنەماکاندا سازش بکات و پێویستە کاتێک دەرفەت بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی نییە لە شێوەکانی بێ توندوتیژیی کەڵک وەربگێری کە ” نزیکەی ٢٠٠ شێوەی هەتا ئێستا ناسراون. ئەم شێوانە لە سێ دەستەی سەرەکیدا پۆلبەندی کراون: دربڕینی نارەزایی و هەڵگرساندن، هاوکاری نەکردن و هێرش کردن. شێوەکانی دربڕینی نارەزایی‌و هەڵگرساندن زۆرتر خۆپیشاندانە سەمبولیکەکانن وەکو رێژە ڕۆیشتن، ڕێ‌پێوان و …. هاوکاری نەکردن بە ٣ ژێرگرووپ دابەش دەکرێ (ئەلف) هاوکاری کۆمەڵایەتی نەکردن، (ب) هاوکاری ئابووری نەکردن وەکو تەحریمەکان، مانگرتنەکان (ج) و هاوکاری سیاسی نەکردن. هێرشە بێ تووندوتیژییەکان لە ڕێگەی کارو چاڵاکی ڕەوانی، فیزیکی، کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی، … هەروەها [پێکهێنانی] دوڵەتە هاوتەریبەکان لە دەستەی ئاخردا جێگیر دەبن.

کۆتایی و ئاکامبەندیی

 “ڕاستیی سەردەکەوێ، بەڵام پێویستی بە یاریدەی جیددی ئێمە هەیە.”

 ژولیوس  ڤۆچیک

چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ سیستێمی ئیداری – سیاسی ئیران هەیە. حکوومەتی ناوەندخواز، نادێموکراتیک و تیوکراتیکی ئیسڵامی کە باوەڕی بە بوونی نەتەوە و کێشەی نەتەوەیی لە ئێراندا نی‌یە، بەربەستی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی لە چوارچێوەی سیستێمی ئەمرۆی ئێراندایە. ئەرکی هێزێکی ئوپۆزیسیۆن لە خەباتی پێشکەوتنخوازانەی خۆی بریتییە لە: دوورکردنەوەی خەڵک لە دەستەڵات، بردنە سەرەوی ورە و متمانە بە خۆیی خەڵک، ڕێکخستن و سازماندانی ئەوان لە ڕێکخراوە نهێنی و ئاشکراکانی نێو کۆمەڵگا، بردنە سەرەوەی ئاگایی نەتەوەیی و سیاسی، لە پەراوێزخستنی هەرچی زۆرتری حکوومەتی ناوەندی و ئاشکراکردنی جەنایەت و تاوانەکان و ئاکارەکانی نادێموکراتیکی ڕژێم لە نێو خۆ و دەروەی وڵات، پێکهێنانی لۆبی کوردی ڕۆژهەڵات لە دەرەوەی وڵات بۆ پێوندیی دیپلۆماتیک لەگەڵ پەرڵەمان، دەوڵەت و راگەیەنە گشتییەکانی ولاتەکانی رۆژئاوایی و ئەمریکا، هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەرەی یەکگرتووی کورد و هاوکاری لەگەڵ هێزە پێشکەوتنخوازەکانی سەر بە نەتەوەکانی دیکە، هەروەها ئەو ڕێکخراوە سەرتاسەریانەیە کە ماڤی چارەی خۆنووسینی نەتەوکانی ئێران بە فەرمی دەناسن. پێش شەرتی تەواوی ئەمانەش، ئەوەیە کە حیزبە کوردستانییەکان ماڵی خۆیان ڕێکخەن و لە سەر خاڵە هاوبەشەکانیان ڕێک کەون. بێ گومان کاتێک بەرەی کوردستانی پێک بێ، نوێنەرانی سیاسی کوردی ڕؤژهەڵاتیش دەتوانن بە متمانە و قورساییەکی زۆرتر بکەونە نێو بازنەی کایە سیاسییەکانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.