قادر وریا: یەکڕیزی و یەکگرتوویی هێز و رێکخراوە سیاسییەکان دەتوانێ ببێتە هۆی یەکێتی و یەکگرتوویی گەلی کورد لە رۆژهەڵات

0
1406

بۆچی لە پاش 37 ساڵ دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی ئێران، پارت و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵ نادەن هێز و توانای سیاسی و نیزامی خۆیان لە چوارچێوەی بەرەیەکی سیاسی یەکگرتوودا بەکار بێنن؟ لەمپەرەکانی بەردەم پێکنەهاتنی ئەو بەرە یان هاودەنگییە سیاسییە چییە؟ چۆن دەکرێ لایەنە سیاسییەکان لە دەوری یەک پلاتفۆرمی هاوبەش کۆ ببنەوە و خەباتێکی هاوبەشی سیاسی و نیزامی لەدژی کۆماری ئیسلامی بکەن؟
ماڵپەڕی رۆژی کورد لە پێناو لێک نزیککردنەوەی هێز و لایەنەکان و لێک تێگەیشتنیان لەسەر پرس و بابەتی پەیوەندیدار بە پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستان ئەم دۆسیەی کردۆتەوە و ڕای ئەندامانی رێبەریی حیزبەکان و هەروەها کەسایەتییە سیاسییەکانی رۆژهەڵات و شرۆڤەکارانی سیاسی وەرگرتووە.
بەرێز قادر وریا، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان(حدک) وەڵامی پرسیارەکانی رۆژی کورد دەداتەوە.

قادر وریا: یەکڕیزی و یەکگرتوویی هێز و رێکخراوە سیاسییەکان دەتوانێ ببێتە هۆی یەکێتی و یەکگرتوویی گەلی کورد لە رۆژهەڵات

گرینگیی پێكهاتنی به‌ره‌ی كوردستانی بۆ كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات له‌ چی دایه‌ و زه‌رووره‌ته‌كانی پێكهێنانی ئه‌م به‌ره‌یه‌ چین ؟ 

‌بەرەنگاربوونەوەی رێژیمێکی وەک کۆماری ئیسلامی و ئامادەکاری بۆ هەر ئەگەرێک لە ئێران‌دا و لە هەلومەرجی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست‌دا پێویستی بە هێز و توانایەک هەیە کە بتوانێ بەربەستەکان لەسەر رێگەی کورد لابەرێ و بواری هاتنەدیی زیاترین رادە لە داخوازەکانی بڕەخسێنێ. ئەم هێزەش تەنیا بە یەکگرتوویی و یەکڕیزیی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان مسۆگەر دەبێ.

بە درێژایی مێژووی خەبات و بەرخۆدانی گەلی کورد و هەر نەتەوەیەکی دیکە بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانی، گەورەترین مەترسی و کاریگەرترین خاڵی لاوازی، ناتەبایی و یەکگرتوونەبوون بووە کە کەلێنی خستۆتە ریزی خەباتکاران و دەرفەتی بۆ داگیرکەران و دوژمنانی ئازادی رەخساندوە کە زەبری قورس لە ئازادیخوازان بوەشێنن و لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان ناکامیان بکەن.

لە هەلومەرجی ئێستای خەباتی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان‌دا یەکڕیزی و یەکگرتوویی هێز و رێکخراوە سیاسییەکان دەتوانێ ببێتە هۆی یەکێتی و یەکگرتوویی گەلی کورد لە رۆژهەڵات بە گشتی و، پێکهێنانی بەرەی کوردستانی یەکێک لە شێوازەکانی مسۆگەرکردنی ئەم یەکگرتووییەیە کەدەتوانێ هێزی کورد بۆ سەرکەوتن بەسەر دوژمن‌دا رێک بخا و رێگە لە پەرتەوازەیی و بەفیرۆچوونی تواناکان بگرێ و رێگە نەدا ناتەبایی و تەنانەت وێککەوتنی هێزە شۆڕشگێرەکان بێتە ئاراوە.

هۆكار ، به‌ربه‌ست و له‌مپه‌ره‌كان له‌ به‌رده‌م پێكنه‌هاتنی به‌ره‌ی كوردستانی له‌ كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات چین؟

بەداخەوە لە ئێستادا هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو ئامادەییەیان تێدا نیە کە بەرەیەکی یەکگرتوو بۆ هەر ئەگەرێکی داهاتوو پێک بێنن. پەرتەوازەیی و ناکۆکیی نێو ریزەکانی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵات کە خۆی لە لەتبوون و پارچەبوونی حیزبەکان لەم ساڵانەی دوایی‌دا دەردەخا گرفتێکە کە سەرەرای هەوڵدانی بەشێک لەم هێزانە و داوا و چاوەڕوانییەکانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ لێک نزیکبوونەوە و یەکڕیزی، تا ئێستا رێگەی نەداوەهەنگاوێکی جیددی و بەکردەوە بۆ ئەم مەبەستە هەڵبگیرێ.

هەرکام لەم هێزانە کاتی دەربڕینی راوبۆچوونی خۆیان بەرامبەر پرسی یەکڕیزیی هێزە کوردییەکان بە توندی پێ لەسەر پێویستیی یەکگرتوویی و هەنگاونان بۆ ئەم مەبەسەتە دادگرنەوە، بەڵام بە کردەوە تا ئێستا ئەم زەروورەتە نەهاتۆتەدی و بەشێک لە حیزبەکان لە چوارچێوەی ناکۆکییە سیاسی و تەشکیلاتییەکانیان‌دا ئامادە نین لەگەڵ بەشێکی دیکەدا بچنە نێو بەرە یان هەر رێککەوتێکی دیکەوە.

بێگومان پێکهاتنی بەرەی کوردستانی دەبێ بە لێک تێگەیشتنی لایەنەکان و دەرکی هەلومەرج و مەترسییەکانی سەر رێگەی خەبات و هەست بە بەرپرسیارێتی کردنی هێزە شۆڕشگیڕەکان بێتە ئاراوە و،هەموو هێزەکان بۆ هاتنەدیی ئەم زەروورەتە بە فیداکاری و لەخۆبوردووییەوە بێنەپێش. وەلانانی ناکۆکی و جیاوازییەکان و پێکهێنانی هێزێکی یەکگرتوو کە هەرکام لە لایەنەکان بە پێی توانا و هێز و قورساییان تێیدا بەشداربن مەرجی سەرەکیی هاتنەدیی ئەم زەروورەتەیە.

به‌ره‌ی كوردستانی به‌ چ مكانیزم و شێوه‌یه‌ك پێك بێ كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان خۆی تێدا ببینه‌وه؟‌ پێشنیارتان بۆ خێرایی به‌خشین به‌ دروست بوونی به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتوو چیه‌ و چ ڕێكارگه‌لێك ده‌توانن ببنه‌ ڕێخۆشكه‌ر بۆ پێك هێنانی به‌ره؟

بە بڕوای من ئەگەر حیزب و رێکخراوە کوردستانییەکان ئەوجۆرەی ئیدیعا دەکەن ئامانجیان خزمەت بە نەتەوەکەیان و دابینکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد بێ، دەبێ لەپێناو ئەو ئامانجە پیرۆزەدا واز لە بەشێک لە بەرژەوەندە حیزبی و گرووهییەکانی خۆیان بێنن و لەسەر لانیکەمێک لە ویست و داخوازەکانیان رێککەون و هێزی کورد رێک بخەن. بێگومان دۆخی ئێستای هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئامادەییەکی زۆر کەمی تێدایە بۆ بەرەوڕووبووبەوە لەگەڵ ئاڵوگۆڕی جیددی لە پێوەندی لەگەڵ ئێران‌دا و ئەوە وادەکا زەروورەتی هەوڵدان بۆ لێک نزیکبوونەوە و پێکهێنانی بەرە یان هەر رێککەوتنێک کە بواری هاوکاری و یەکڕیزیی هێزەکانی رۆژهەڵات بڕەخسێنێ لە هەموو کات زیاترە و هەر هێزێک بە هەر بیانوویەک بەربەست دروست بکا و چەت بخاتە سەر ئەم رێگەیە لە داهاتوودا دەبێ وڵامی مێژوو بداتەوە و بەرپرسیارێتی هەر شکست و نەهامەتییەک بۆ گەلی کورد وەئەستۆ بگرێ.

یەکێک لەو کارانەی دەتوانێ ڕۆڵیان هەبێ لە بەستێنسازی بۆ پێکهاتنی بەرە، وەڕێخستنی باس و دیالۆگ لە نێوان ڕێکخراوەکان و چالاکانی سیاسی لە بارەی ئەم پێویستییەو، رەخنەگرتن و تیشک خستنەسەر هۆ و هۆکارەکانی پێک نەهاتنی بەرەیە. ئەم بایەخدانی ئێوە بەم باسە، و ورووژاندنی کۆمەڵێک پرسیاری جۆراوجۆر لە سەر لەمپەرەکان و بەربەستەکانی پێکهاتنی بەرە، دەتوانێ  ڕۆڵێکی ئەرێنی هەبێ لە بەروپێشبردنی ئەم باسە گرنگە دا و جێگای دەسخۆشییە.

ئه‌م وتووێژه‌ ١ی فێوریه‌ی ٢٠١٦ ئه‌نجام دراوه‌

[ad id=”12209″]

[review]

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت