تەبیات (تایبەتمەندی) دەوڵەت- بەشی یەکەم

0
1194

نووسەر :ئاین ڕاند  

وەرگێڕ لە سۆئێدییەوە: حامید مائیلی

بەڵام سەرەتا

ئاین ڕاند کێیە ؟

باوکی ئاین ڕاند دەرمان فرۆشێکی جوولەکەی ڕووس بووە کە دووکانەکەیان وەک هەموو خاوەن شیرکەتە بچووکەکانی دیکە لە سەر دەمی سۆویەت دا دەستی بە سەر داگیرا و لێیان ئەستاندن.دوای وەیکە بە سەرکەوتوویەکی بەرچاو زانستگاکەی لە پێترسبورگ تەواو دەکا ئاین ڕاند دە ساڵی ١٩٢٦ دا بە هیوای ژیانێكی باشتر ڕوو دەکاتە ئەمریکا . لە بەشی سەنعەتی فیلمسازی دە نێوان ساڵەکانی ١٩٢٦ تا ١٩٤٩ دا دادەمەزرێ و دەست بە کار دەبێ بەڵام لە بواری ئابوورییەوە هەڵومەرجێکی ئەوتۆی نابێ ، لە کاتی بێکاریدا سەر قاڵی نووسینی کتێبی لە مەڕ فاشیزم و کۆمۆنیزم دەبێ  ،بەڵام سەرەتای ساڵی ١٩٤٣ بوو کە لە فرۆشی کتێبەکانی هەلومەرجی ئابووریی ڕوو بە باشی چووە ،دوای وەشبوو کە بە کاری بێ پسانەوەی وەک نووسەر و فەیلەسوفێک بژیوەی ژیانی خۆی دەستەبەر دەکرد .

01v/22/arve/g2157/046ئاین ڕاند تێئۆریسییەنێک بوو دژ بە هەر ئیدئۆلۆژییەکی وەک پادشایەتی ، سوسیالیزم ، فاشیزم ، ئاناڕشیزم کە داڕێژەری کۆمەلگایەکی کۆگرایانە بوون.تەنانەت دژ بەو باوەڕەش بوو کەپێیان دەگووت ئانارکۆ کاپیتالیسم  و هاوکاتیش ڕەخنەگرێک لە لیبرالیزم .سەرەڕای وەیکە ئەو گەورەترین مەترسی دە کاپیتالیسم و تاکگرایی دا دەدیت ،چەواشەکارییەکی زەقی یشی دەتوانایی پاساوەکانیان وەک بەڵگەی دیفاع لە ئیدئۆلۆژییەکانیان دا بە بێ بچووکترین ڕەچاوکردنی هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی دەدیت .هەر لەبەر ئەوەش بوو پەنای بۆ تێئۆرییە زانستییەکان و ئەخلاق وەک یارمەتیدەر برد و سیستیمێکی فەلسەفی تایبەت بە خۆی هێنایە دێ کە لە ڕێگاێ دیفاع لە عەقڵ ئەو خوازیارییە ڕوونکەرەوانە کە دەیەویست وەک ئاڵترناتیوێک لە هەمبەر ئەو ئیدئۆلۆژییە داسەپاوانە بە وتەی ئەو کە دونیای داگرتبوو پارێزەری مافەکانی تاک لە هەمبەر کۆگرایی بێ . ئاین ڕاند بۆ ڕووناکبیران و خویندکاران کە دژایەتییان دەگەڵ هەلومەرجی لە گۆڕێی و ئەو ٦٨ ڕێکخراوە دەستە چەپییانە دەکرد ، مەزنترین پێشەنگ لە ئەمریکا بوو، زۆربەی نەسلی لاوانی ئابووری زان ، فەیلەسۆفان ، لێکۆڵەرەوان ، بیرۆکەی ئاین ڕاند یان وەک سەرچاوەیەک لە مەڕ بیرۆکەی تاکگرایانە دەڕوانی و تەنانەت بۆ بەشێکی زۆریشیان ئەو بیرۆکەیە وەک شەپۆلێکی بە جیهانی کردن و بە لیبرالی کردنی ئەو تێئۆرییە کە دە ساڵەکانی ١٩٨٠دا بوو کە خۆشی ببووە نموونەیەک تا دوایین هەناسەی ژیانی وەک ڕخنەگرێک لە لیبرالیزمی نوێ ”نێئۆلیبرالیزم و لیبرتاریالیزم” هەر مایەوە . ولە سەر ئەو باوەڕەش بوو کەدامەزراندنی سیستیمی کۆگرایی دە کۆمەڵگادا گەورەترین مەترسییە لە سەر ژیانی تاک بۆ ئازادی بیر و ڕا دەربڕێن و داڕشتنی ژیانێکی ئازادانە ودڵخوازانە .ئاین ڕاند دەگەڵ یەکێک بە نێوی فڕانک ئۆکونوور ژیانی هاوبەشیان پێکهێنابوو .ئاین ڕاند دە تەواوی سەردەمی ”مەک کارتی” دا وەک کەسێکی کۆمۆنیست کە گەرای لە هالیوود دانابوو سەیر دەکرا . ئەو فیلمی (گۆرانی و رووسییە”ی دەگەڵ واقیعییەتی سۆویەتی هەڵدەسەنگاند و پێیوابوو کە ئەو فیلمە ڕواڵەتی سۆویەتی ڕازاندۆتەوە .ئاین ڕاند یەکێک بوو کە لاینگرانی شێلگیری ئازادی بیر و ڕای بێ سنوور.

فەلسەفەی سیاسی

دەوڵەت پێکهاتەیەکە کە توانایی بەڕێوەبردنی هێندیک یاسا بە مەبەستی دابینکردنی هەڵسوکەوت و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی دە جوغڕافیایەکی دیاریکراوی دا هەیە . گەلۆ ئینسانەکان پێویستیان بەوتۆ پێکهاتەیەک هەیە و بۆچی ؟ عەقڵی ئینسان ،سەرەڕای وەیکە کەللایەکی بنەمایییە بۆ ژیان ،کەرەسەیەکیشە بۆ دەستەبەر کردنی زانست ،تا بتوانێ بە گوێرەی ئەو زانستە کردەوەکانی خۆی بخاتە سەر ڕێگایەکی ڕاست و بێ خەوش ،پێداویستی بنەمایی ئینسان ئازادیی فکر کردنەوەیە تا بە گوێرەی هەڵوێستی واقیعگرایانە بتوانێ هەڵسوکەوت و کاردانەوە لە خۆی بنوێنێ . ئەوەش بەو مانایە نییە کە ژیان لە دووڕگەیەکی چۆل و هۆل وبە تاقی تەنیا وڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی ئەوە ،ئینسانەکان دەتوانن دە پەیوەندی دەگەڵ یەکتر بەرژەوەندییەکی زۆر و زەوەندییان بۆ یەکتر ببێ . شوێنێکی کۆمەڵایەتی گرینگترین سەرچاوەیە بۆ ژیانێکی  سەرکەوتووانەیە . هەلبەت دیارە بە هێندیک شەرت و مەرجەوە . دوو قازانجی بەرچاو کە لە ژیانی کۆمەڵایەتییەوە دەستەبەر دەکرێ، زانستە و توجاڕەت .ئینسان تەنیا زیندەوەرێکە کە دەتوانێ توێژ لە سەر توێژی زانست لە نەسلێکەوە بۆ نەسلێکی دیکە هەم ڕابگوێزێ و هەم پەرەی پێبدا، وپۆتانسییەلی ئەو زانستە کە دەکەوێتە دەست ئینسانەکان  گەورەتر و زیاتر لەوەیە کە تاکێک لە کۆمەلگادا بتوانێ بەتاقی تەنیا دە ماوەی تەمەنیدا دەستەبەری بکا .هەر ئینسانێک لەو زانستە کە خەڵکی دیکە دەستەبەری دەکەن کەلکی یەکجار زۆر لێوەردەگرێ، وگرینگایەتی لایەنی دووهەم دابەشکردنی کارە :دەکرێ ئینسان خەریکی هێندیک کار لە بوارێک دا بێ و دەگەڵ خەڵكی دیکەش تێکەڵاویی هەبێ و کەلک لە پسپۆڕایەتی ئەوان کە دە بوارەکانی دیکەدا هەیانە وەربگرێ .ئەو شێوە هاوکارییانە وادەکەن کە هەموو ئینسانەکانی بەشدار دەو گەلەکۆمەدا زانستی گەورەتر ، لێهاتوویی زیاتر ،دەستکەوتی زیاتر لە دە هەڵسەنگاندنێک دەگەڵ دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆیان لە دوورگەیەکی چۆل و دوورە دەست یان لە پەڵە زەوییەکی کە تەنیا ژیانی خۆی پێ دابین بکا دەست دەکەوێ .

 هەر ئەو بەرژەوەندییانەن کە بنوێنەرن و دیاری دەکەن کە لێهاتوویی و شیاوی کام لەو ئینسانانە لە ئەوانی دیکە زیاترە ،جا دیارە ئەو لێهاتووییەش دەگەرێتەوە سەر ئەوە کە لەچ کۆمەڵگایەک دایە .

Italian_soldiers_taken_prisoner_during_Operation_Compassکۆمەڵگایەک کە مرۆڤ لە بەرهەمی دەستڕەنجی خۆی بێ بەری دەکا ،یان دەیانکاتە کۆیلە یان حەولی بەرتەسکردنەوەی ئازادی بیر وڕایان دەدا، یان مەجبووریان دەکا بە پێجەوانەی هەڵسەنگاندنی عەقلی خۆیان هەڵسوکەوت بکەن ،یان گرفت وکێشە لە نێوان ئیمکاناتی کۆمەڵایەتی و داخوازی سروشتی ئینسانەکاندا ساز دەکا ، ڕاشکاوانە دەبێ بڵێین ئەوە قەت کۆمەلگا نییە .بەڵکوو ئەوانە تاقمێکن کە لە دەوری یەک کۆبوونەوە وبە گوێرەی یاسای باندێکەوە ئیدارە دەکرێ ،ئەوتۆ کۆمەلگایەک هەموو نەریتی پێکەوە ژیانی مرۆڤایەتی تێدا دەفەوتێننرێ و هیچ پاساوێک بۆ ئەوەیکە نوێنەرایەتی یان بەشداری ئەوتۆ کۆمەڵگایەک لە گۆڕیدا نییە ،تەنانەت هەڕەشەیەکی گەورەشە بۆ ژیانی دوا رۆژی مرۆڤایەتی  .ژیانی دووڕگەیەکی چۆل و دوورە دەست زۆر ئەمنتر و  شیاوترە و بۆ هەلسەنگاندنیش نە دەگەڵ رووسییەی شوڕەوی و نە ئالمانی نازی نابێ  .

ئەگەر مرۆڤەکان بیانەوی دەکۆمەڵگایەک کە لە پێکەوە ژیان و ئاشتی و بەرهەمهێنان  و بدە وبەستێن وبە هانای یەکترەوە هاتن تێیدا سەقامگیر بێ و ئەخلاق وشارستانی و نەریتەکانی کۆمەڵایەتی دەستەبەر کرابێ ،دەبێ لە سەربنەمای پرنسیپی ڕەچاو کردنی مافی تاک بنیات نرابێ .ئێعتڕاف بە مافی تاک بە مانای ئێعتڕاف کردنە بە مافی سروشتی ئینسان واتە مافی ژیان .

مافی ئینسانان دەتوانێ بە هۆی دەکار کردنی تووند وتیژی فیزیکییەوە پێشێل بکرێ . تەنیا بەو ڕەفتارە فیزیکییەوەیە کە دەکرێ هەڕەشەی مەترسی لە سەر ژیانی یەکی دیکە هەبێ، یان بکرێتە کۆیلە یان داپلوسیندرێ یان ئاستەنگ بۆ گەییشتن بە ئامانجی ساز بکرێ یان مەجبوور بکرێ کە بە پێچەوانەی هەڵسەنگاندنی عەقڵی خۆی هەڵسوکەوت بکا .

شەرتی کۆمەلگایەکی شارستانی دەوەدا خۆدەنوێنێ کە تووند تیژی فیزیکی دە هەموو بوارەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتییدا قەدەغە کرابێ.ئەگەر کێشەیەکیش دە نێوان ئینسانەکاندا هەبێ دەبێ لە ڕێگای وتووێژ و یەکتر قانیع کردن و تەوافوقێکی دلخوازانە و هەمەلایەنە چارە سەر بکرێ .لە بەرچاوگرتنی مافی ژیانی تاک ،و ئێعتڕاف بە مافی دیفاع لە خۆ و تۆڵە ئەستاندنەوە ،لە کەسانێک کە شەڕانین و پێ لە بەڕەی خۆیان زیاتر درێژ دەکەن، ئەرکێکی ئەخلاقییە .

ئەگەر دە کۆمەڵگایەکی ئاشتیخوازدا ئیرادەی دیفاع و پاراستنی زوڵملیکراو لە گۆڕێ نەبێ و زوڵملێکراو بێدەستەڵاتانە هەر دەبەر دەستی زاڵمدا بێ ،باسی ئەوپەڕی ناهۆمێدی و بێ ئەخلاقییە . ئەوتۆ کۆمەلگایەک بە پێجەوانەی ڕەوتی مەبەستی دەگەڕدایە واتە :لە جیاتی ئەویکە زوڵم ودزێوی و دەستدرێژی لە گۆڕێ هەڵوێژردرێ ،زاڵم و دەست درێژ هاندەدرێن و خەڵاتیش دەکرێن .

ئەگەر کۆمەلگایەک هیچ ڕێکخراوەیەکی تۆکمەی دژ بە تووند تیژی تێدا نەبێ ، دەبێ هەموو شارۆمەندان چەکدارانە بگەڕێن ،ماڵەکان دەبێ بکرێنە قەڵا بۆ ئەگەری هەر دەستدرێژییەکی چەکدارانە و دەرکەکانی یان دەبێ بگیرێن یان دەبێ تاقمێک لە ڕاستی هێرشی تاقمێکی دیکەوە کە هەر بۆ ئەو مەبەستە ڕێکخراون بیپارێزن ،وکۆمەلگا بە گوێرەی یاسای تاقمێک چەتە وشەڕخواز بۆهەمیشە وەک شەڕە عاشیرەتییەکانی سەردەمی بەر لە مێژوو بەڕێوە بچێ .

کەلک وەرگرتن لە دەست وەشاندن ،تەنانەت بە مەبەستی تۆڵەش بووبێ ناتوانی دە بەرژەوەندی شارۆمەندان دا بێ .پێکەوە ژیانی ئاشتەواییانە نەلواوە ئەگەر مرۆڤ ترس و هەڕەشەی بێوەچانی تووند تیژی جیران و هاوشارییەکانی لە سەر بێ ،بە بێ لەبەر چاو گرتنی وەیکە نییەتی دەر و جیرانەکانی باش یان خەراپ بێ ،بە بێ لەبەر چاوگرتنی وەیکە بۆچوونیان مەنتیقییە یان نا مەنتیقیە ،بە بێ لەبەر چاوگرتنی وەیکە مەبەستیان هەستیارانەیە یان عەداڵەتخوازانەیە  یان لە ڕووی نەزانی و نەتوانینەوەیە یان لە ڕووی نەخوازییانەیە یان ناخۆشەویستییانە  ،ئەو تووند تیژییە لە ڕاست ئینسانێک ناتوانێ هیچ پاساوێک بێ بۆ خواستی سەرەڕۆیانەی یەکی دیکە.

بیهێنە بەر چاو بۆ نموونە ، چ دەقەومێ ئەگەر یەکێک کیفێکی لێ ون دەبێ و پێیوایە کە لێدزراوە  ولە پڕ خۆی بە یەک یەکی ماڵە جیرانەکانئ دادەکا بە نێوێ وەیکە لە کیفەکەی دەگەڕێ وبە هەووەڵین کەسێکە کە دەیگاتێ بە مۆڕەوە چاوی لێدەکا و هەر ئەو چاو لێکردنە وەک پاساوێک بۆ تەقە لێکردن دێنێتەوە  .جا لێرەیە پێویستی بە یاسایەکی عادڵانە و بێلایەنانە هەیە کە ئاماژە بە تاوان بکا و ڕاشکاوانەش تاوانبارەکە بناسێنێ .ئەو کەسانەی کە بە بێ بوونی ئەوتۆ یاسایەک تووشی تاوان دەبن هەر وەک چوونی سەیری ئەوانەیە کە بە بێ دادگایی لە سێدارە دەدرێن .ئەگەر کۆمەلگایەک مافی تۆڵەئەستاندنەوە بداتە دەستی شارۆمەندان ،دەستەڵاتی خەلک بە سەر کۆمەلگادا وادیارە لە ڕەوتی قانوونی خۆی لایداوە و یاسای لەسێدارەدان و تٶلە ئەستاندنەوەی خوێناوییانەی شەخسی بەر بینگی کۆمەڵگای گرتووە .

بۆوەیکە دەستوەشاندن لە پەیوەندییەکانی کۆمەلایەتی دوور بخرێتەوە ،ئینسانەکان پێویستیان بە بوونی پێکهاتەیەکە کە ئەرکی پاراستنی مافەکانی دانیشتوانی کۆمەڵگا وەستۆ بگرێ.

ئەوەش ئەرکی دەوڵەتێکی بەرپرسە کە یاسای بنەمایی بۆ ئەو مەبەستە دابین بکا .لێرەیە کە لە بواری ویژدانی و ئەخلاقییەوە ئینسانەکان هەست بە پێویستی دەوڵەتێک دەکەن .

دەوڵەت کەرەسەیەکە کە بە دابینکردنی و بەڕێوە بردنی یاسای عادڵانە ،دەبێ بەر بە تۆڵەی تووند وتیژییانە بگرێ .

جێوازییەکی بنەمایی نێوان هەڵسوکەوتی شەخسی و هەڵسوکەوتی دەوڵەتی هەیە کە ئەو جێوازییە لە بنەڕەتەوە لەبیر کراوە ،ئەویش ئەو واقیعییەتەیە کە دەوڵەت یاسای ئیزنی کەلک وەرگرتن لە تووند وتیژی هەیە ، چونکوو ئەرکی دەوڵەت  بەرهەڵستکاری دەگەڵ ئەو تووند وتیژییانەیە ،بۆیەشە وێڕای وەیکە دەبێ ئەوتۆ ئیزنێکی هەبێ کردەوەکانیشی  بەرتەسک و دایاریکراوە و وەپشت گوێنەخراو بن . دە کارەکانیدا نابێ دەستی ئاواڵە بێ کە بە گوێرەی مەیل و ئیشتیا هەڵسوکەوت بکا ،دەبێ ببێتە ڕۆبۆتێکی بێ ڕووح کە تەنیا هۆی بوونی بەڕێوەبردنی یاسایە . ئەگەر کۆمەلگایەکی ئازادە ،دەبێ دەوڵەتەکەی لە ژێر چاوەدیڕی دابێ .دە سیستیمێکی کۆمەڵایەتی شاز و شیاو تاکێکی نا دەوڵەتی دەتوانێ هەر هەڵسوکەوتێکی مەیلی لێیەتی بیکا(تا ئەو جێگایە پێی نەبردۆتە سەر بەڕەی هیچ تاکێکی دیکە ) دە حاڵێکدا تاکێکی دەوڵەتی هەموو هەڵسوکەوتەکانی ڕەسمی ئەو لەلایەن یاساوە بەرتەسک کراونەوە . تاکێکی شەخسی دەتوانێ کردەوەیەک بنوێنێ بێوەیکە خۆی بە یاسایەکەوە بەستبێتەوە بەڵام تاکێکی دەوڵەتی ناتوانێ کردەوەیەک لە دەرەوەی یاسا لە خۆی بنوینێ .

ئەوە بەو مانایەیە کە ”دەستەڵات ”لە ”ماف ” کەمتر گرینگە ،ئەوەش تاریفێکی ئەمریکائییە لە دەوڵەت کە دەڵێ :”دەوڵەت پێکهاتەیەکە لە یاساکان نە لە ئینسانان” .

Ayn_Randئەگەر کەسایەتی یاساکان شتێکی وێچوو و گونجاو بن بۆ کۆمەلگایەکی ئازاد ، سەرچاوەیەکە بۆ دەستەڵاتی دەوڵەتی ئەو کۆمەڵگایە و ئەوە هەرتکیان خاوەن تایبەتمەندییەکن بۆ دەوڵەتێکی شیاو. ئەو جووتە پرەنسیپە بەڵگەی بنەمایین بۆ سەربەخۆیی  : دەوڵەتەکان بە مەبەستی پاراستنی مافی تاک دە نێو مرۆڤەکانداپێک دەهێندرێ و دەستەڵاتی عەقڵانییەکەشیان لە ڕازی ڕاگرتنی ئەوانەی کە حکومتیان بە سەردا دادەکەن .سەرچاوە دەگرێ .

لەبەر وەیکە پاراستنی مافی تاک تەنیا ئامانجی شیاوی دەوڵەتە ،ئەو مەسئەلەیە تەنیا بابەتێکی گونجاوە بۆ یاسا دانان.

تەواوی یاساکان دەبێ لە سەر بنەمای مافی تاک و مەبەستیشیان پاراستنی ئەو مافە بێ ، یاساکان دەبێ بێلایەنانە و ڕاشکاوانە و(بکرێ دیفاعیان لێبکرێ)، ڕوون و دیاریکراو بن تا هەموو خەڵک بەر لەوەیکە دەست بدەنە هیچ هەڵسوکەوتێک ئاگاداری ئەوە بن کە چ ڕەوایە و چ نارەوا و کام یاسا چی ئازاد کردووە و چی قەدەغە و ( بۆچی و لە بەر چی )، کامە بە تاوان دادەنرێ و چ سزایەکیشی بۆ دیاریکراوە و چ چاوەڕوانیانە ئەگەر بێتوو تووشی ئەوتۆ تاوانێک بن .

سەرچاوەی پێناسە و کێیەتی دەوڵەت لە سەر بنەمای (تەوافوقی قانوونمەندانە) یە ،* ئەوە بەو مانایەیە کە دەوڵەت کەڵەگا نییە ،بەڵکوو  کارمەند یان نوینەر و مووچەخۆری شارۆمەندانە ،وهەر وەها بەو مانایەیە کە دەوڵەت بێجگە لە ئەرک و مەبەستی دیاریکراو کە لەلایەن شارۆمەندانەوە بەوی ئەسپێردراوە خاوەن هیچ مافێکی دیکە نییە .

تەنیا یەک بنەما هەیە وەک پرەنسیپ کەهەر تاکێک دەبێ دەکۆمەلگادا لە سەری ساغ بێتەوە  و وەستۆی بگرێ ئەگەر بییەوێ دە کۆمەلگایەکی ئازاد و شارەستانیدا بژی . ئەویش پرەنسیپی خۆپاراستن لە تووند تیژی و دەستوەشاندنە و ئەسپاردنی مافی دیفاعی فیزیکی لە خۆ بە دەوڵەتە تا دەوڵەت لە جیاتیانی پارێزەری مافی ئەو بە شێوەیەکی ڕێک وپێک ،عادڵانە ،قانوونی  یان هەر شێوەیکەی دیکە بێ . دەبی دوورە پەرێز بێ لەکەلک وەرگرتن لە تووند تیژی ( تەنانەت دە خەیاڵی خۆشیدا).

 باشە ئێستا کێشەی نێوان دوو کەس لە سەرشیرکەتێک کە هەرتکیان تێیدا بەشدارن بە کوێ دەگا ؟

دە کۆمەڵگایەکی ئازاد دا ئینسانەکان تۆبزیان لە سەر نییە کە دەگەڵ یەکتر هاوکارییان ببێ .ئەوانە لە سەر یەک تەوافوقنامەی دلخوازانە لە ڕێگای گرێبەستێکەوە ساغ دەبنەوە و پاشان ئەگەر هاتوو کۆسپێکی وەک ئەوەیکە لایەنێک سەرەڕۆیانە گریبەستەکە وەپشت گوی بخا و ئاکامیشی کارەساتێکی ئابووریی کە زەرەر بە ئەوانی دیکەش بگەیێنێ و خەسارەت دیتتووەکە بییەوێ دەست بە سەر کەل و پەلی شەخسی ئەو کەسە وەک بارمتە دابگرێ ، دیسان هەر نابێ ئیزنی کەلک وەرگرتن لە تووند و تیژی و دەستوەشان بدرێتە دەست کەسێکی تایبەت لە دەرەوەی دەوڵەت و جا لێرەیە کە گرینگترین و ئالۆزترین ئەرکی دەوڵەت دیارە واتە :نەخشی هەڵوێستی قازی بۆ چارەسەری عادڵانەی کێشە دە نێوان خەڵکدا بە پێی یاسا .

تاوانباران دە هەر کۆمەلگایەکی نیوە شارەستانییدا دەکەمایەتی دان.ئەگەر چی پاراستنی ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییە لە ڕاست کردەوەکانی ئەوان لەلایەن دادگاکانەوە بە مەبەستی پاراستنی مافەکانی شارۆمەندیدا پێویستییەکی زیاتری بە کۆمەلگایەکی ئاشتەواییەوە هەیە و بێ ئەوتۆ پاراستنێک هیچ شارەستانییەتێک نە دەتوانێ پەرە بستێنێ و نە سەقامگیریش دەبێ .

درێژەی هەیە…

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.