زیندانێکی سیاسی کورد دوای شازدە ساڵ لە مافی مۆڵەتی مەرجدار بێ بەشە

0
564

سەعید سەنگەر، زیندانی سیاسیی زیندانی ورمێ، ١٦ ساڵە لە بەندیخانە دایە، سەرەڕای ئەوەش تا ئێستا مۆڵەتی پێنەدراوە و مافی ئازادیی مەرجداریشی لێ ئەستێندراوە و لێی بێبەشە.

بەرپرسانی زیندانی ورمێ خۆ لە دەرکردنی ئازادیی مەرجدار بۆ سەعید سەنگەر دەبوێرن، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بە پێی تەبسەرەی ١ی ماددە واحیدەی یاسا لەمەڕ ئازادی مەرجداری زیندانییەکان، ئەو زیندانیە سیاسییە کوردە، پێوەرەکانی ئازادی مەرجداری هەیە و دەبوا پێی بدرێت.

بەپێی تەبسەرەی ١ی ماددە واحیدەی یاسا لەمەڕ ئازادیی مەرجدار، ئەو کەسانەی کە سزای هەتا هەتاییان بەسەردا سەپاوە، دوای ١٢ ساڵ تێپەڕبوونی ماوەی سزاکەیان، دەتوانن وەک خاڵێک کەڵک لە ئازادیی مەرجدار وەربگرن.

سەعید سەنگەر، زیندانی سیاسیی کورد، خەڵکی پیرانشارە و ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی و بە تاوانی “دژبەری” و “پەیوەندی بە سازمانی مجاهیدینی خەڵک”ـەوە لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر فاتمی، سزای سێدارەی بەسەردا سەپا. ساڵی ١٣٨٢ لە دادگای پێداچوونەوەدا، سزاکەی شکا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.

ئەو زیندانییە سیاسیە دوای دوو ساڵ زیندانی بوون لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین، ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی ڕاگوازرا بۆ بەندیخانەی ورمێ. ١٤ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی ڕاگوازرا بۆ بەندیخانەی سنە و دوای ٨ ساڵان و لە خەرمانانی ١٣٩٤ی هەتاوی سەر لە نوێ گەڕاندراوە بۆ بەندیخانەی ورمێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.