٦ زیندانیی کورد ماوەی ١٢٢ ساله لە زیندانی ڕژیمی ئێراندان

0
681

ڕۆژی کورد: ژومارەیک لە زیندانییە سیاسییەکانی کوردستان کە “چەندین ساڵ بەسەر دوایی ملاقاتیاندا تێپەڕ دەبێت”، هەرکام بۆ ماوەی ١٧ هەتا ٢٥ ساڵە لە زیندانەکانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێراندان بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەبێ مەرەخەسی بۆ زیندانەکانی دوور لە زێدی خۆیان دوور خراونەتەوە.

عوسمان مستەفاپوور کە بە لەمێژینەترین زیندانیی سیاسی کورد لە ئێران و کوردستان دادەندرێت، سەرەڕای تێپەڕینی ٢٥ ساڵ زیندانی، بەبێ مافی مەرەخەسی لە زینداند ارگیراوەو لەگەڵ ئەوەشدا سەرەتای ساڵی ٩٥ لەلایەن دەزگای نادادوەریی ڕژیمەوە حوکمی ١٠ سال زیندانیی دیکەی بەسەردا سەپا.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی و سەرەڕای ئەوەیکە ماوەی ٢٥ ساڵ لە زیندانەکانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێراندا بوو، لەلایەن دەزگای نادادوەریی ڕژیمەوە بە بیانووی ونبوونی دۆسیەکەی حوکمی ١٠ سال زیندانیی دیکەی بۆ بڕایەوە.

هەروەها محەممەد نەزەری پاش ٢٣ ساڵ مانەوە لە زیندان و چەندین جار مانگرتن و داوای مەرەخەسی کردن، هێشتا مەرەخەسی پێ نەدراوە و لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج لە دەستبەسەری دایە.

ئەو زیندانییە سیاسییەی خەڵكی شاری سایین قەڵا کە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا زیندانیی هەتاهەتایی بۆ بڕاوەتەوە، زیاتر لە نیوەی تەمەنی لە زیندانەکانی ڕژیمی ئێراندا ڕاگیراوەو و سەرەڕای هاتنە سەر کاری چەندین دەوڵەت لە ڕژیمی ئیسلامیدا، بەڵام هەروا لە زینداندا ماوەتەوە.

محەممەد نەزەری لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕادیۆ زەمانە ڕایگەیاندبوو، وەزارەتی ئیتلاعات، پەشیمان بوونەوە لە ڕابردووم و پاشگەزبوونەوە لەئەندامەتیی حیزبی دیمۆکراتی وەکوو مەرجی ئازادیی من دیاری کردووە.

لەلایەکی دیکەوە والی درودی زیندانیی سیاسی کوردی خەڵکی گوندی “چرۆسانە”ی سەربە شاری کامیاران، پاش ٢٠ ساڵ ڕاگیران لە زیندانی ناوەندیی شاری یەزد، هەتا ئێستا سەرەڕای لێ خۆش بوونی “عفو بخشودگی”ی پارێزگەی یەزد، بەڵام کومیسیۆنی “عفو بخشودگی”ی تاران دژایەتیی ئازاد کرانی ناوبراوی کردبوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە کە یەکێک لە زیندانیانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی بووە، پاش ئەوەی ساڵی ١٣٧٢ لە زیندان ئازاد کرا، ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی بە تاوانی ئەندامەتی لە حیزبی دیمۆکراتدا سەرلەنوێ دەستبەسەر کرایەوە.

هاوکات عومەر ئیمامی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەلکی شاری جوانڕۆ کە هاوڕێ لەگەڵ والی دروودی دەستبەسەر کراوە، ماوەی ٢٠ سالە لە زیندانەکانی ڕژیمی ئێراندایە و بەهۆی ئەوەی کە لە کاتی دەستبەسەر کردنیدا بەهۆی تەقەی سوپای پاسدارانەوە بریندار کرابوو، تووشی ئازاری لاق بووە.

عومەر ئیمامی و والی دروودی بە تاوانی هاوکاری لە گەڵ حیزبی دێمۆکرات بە زیندانی هەتاهەتایی و دوور خرانەوە بۆ زیندانی یەزد مەحکووم کراون، ساڵی ڕابردوو، پاش ١٩ ساڵ زیندانی، بۆ ماوەی ٨ ڕۆژ و لە دوو کاتی جیاجیادا مەرەخەسییان پێ درا.

خالید فەرەیدوونی و عومەر فەقێ‌پوور کە ١٧ ساڵە لە زیدنانەکانی ڕژیمی ئیسلامیی ئیراندا دەستبەسەرن و بە گوتەی سەرچاوەکان چەندین ساڵ بەسەر دوا چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکەیان تێپەڕ دەبێت، سەرەڕای چەنیدن جار نامە نووسین بۆ لێپرسراوانی دادوەریی ڕژیمی ئێران، بەڵام هەرەوا بێ وڵام ماونەتەوە.

ئەو دوو زیدنانیە کوردەش بە تاوانی ئەندامەتی لە حیزبی دیمۆکراتدا بە زیندانی هەتاهەتایی حوکم دراون و هەنووکە لە بەندی ٤ی ساڵۆنی ١٢ی ڕەجایی شاری کەرەج لە زینداندان.

کەریم مەعروف عەزیز، کوردی خەلکی شاری سلێمانی کە ماوەی ٢٠ ساڵە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ڕژیمی سەدام لە زیدانەکانی ئێران دایە، سەرەڕای ڕووخانی ڕژیمی سەددام، هەتا هێشتاش لە زیدنانەکانی ئێراندا ماوەتەوە.

ئەو زیندانیە تەمەن ٧٥ ساڵەیە کە بە زیندانی هەتاهەتایی حوکم دراوە، بەهۆی نەخۆشیی هەناو کە بەرئەنجامی دانانی دەزگای بڵاوکردنەوەی شەپۆلی پارازیت لە نزیک بەندی زیندانیە سیاسییەکانی ڕەجایی شار بووە، بە شێوەیەکی زۆر مەترسیدار نەشتەرگەری بۆ کراوەو لەگەڵ ئەوەشدا بە زووترین کات ڕەوانەی بەندی زیندان کراوەتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.