ڕێژەی سێدارە لە ئێران و بەتایبەت لە کوردستان و ناوچە کەمینەنشینەکان لە پەرەسەندنێکی بەردەوام دایە و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێ شەممە ٦ کورد لە زیندانی ورمێ لە دار دران.
ڕۆژی کورد: بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە ڕۆژی کورد، دۆینێ دووشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، ٦ کوردی دەست بەسەر لە زیندانی ورم (زیندانی دەریا) کە بە تاوانی قاچاغی مادە هۆشبەرەکان دەست بەسەر بوون، بە دەستووری دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی لە دار دران
ئەو شەش کەسە ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی بانەمەڕ بە مەبەستی بەڕێوەچوونی سزاکەیان ڕاگواسترابوونە بەندی تاکەکەسیی زیندانی ورمێ.
ناسنامەی لەسێدارەدراوانی ئەمڕۆی زیندانی ورمێ بریتیە لە: ١- ناجی کەیوانی خەڵکی گوندی موانا ٢- نادر محەممەدی، کوڕی یۆسف خەڵکی شارەکی ئەلواجی ورمێ ٣-ڕەحمان ڕەشیدی کوڕی حەسەن ٤-ئەمیرخان ئەمینی کوڕی یۆسف، خەڵکی خانەقای شەهرەک شەهریاری ورمێ ٥-عەلی شەمکۆ گردیان کوڕی فەیسەل.۶- حەیدەر ئەمینی، کورد و خەڵکی شاری سەڵماس.
حوکمی ئەو ٦ کەسە کورد کە بۆ ماوەی ٣ تا ٦ ساڵ بوو لە زیندانی ورمێ بوون، لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە پشتڕاست کرابۆوە و لە ئەنجامدا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٨ی بانەمەڕ لە ناو زیندانی ورمێ لە سێدارە دران.
بەپێی زانیارییەکان ٥ کەس لەو لەسیدارەدراوانە کوردی ورمێ و کەسێکیشیان خەڵک دەوروبەری سەڵماس ـە.
بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەر دەستدایە، هەر ئێستا ٦٣ زیندانی لە زیندانی ورمێ چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی حوکمەکەیانن کە بەپێی ئەو ئامارانەی کە بڵاو بۆتەوە تاوانی زۆربەی هەرە زۆری ئەو کەسانە “بازرگانی و هێنان و بردنی ماددە هۆشبەرەکانە”.