سێسەد و پەنجا قوتابی لە شارۆچکەیەکی سنە، بێ قوتابخانەن

0
706

 ڕۆژی کورد: بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی “هەمشەهری” و هەروەها بەدواداچوونی ناوەندی ڕۆژی کورد، لە ئێستادا چارەنووسی ٣٥٠ قوتابی لە شارۆچکەی “نایسیر” ـی شاری سنە بە هۆی نەبوونی قوتابخانە و شوێنی پێویست، ناڕوونە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ماوەی چەند ڕۆژە دایک و باوکی ئەو قوتابیانە بە مەبەستی ناونووسیی منداڵەکانیان بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن، سەردانی قوتابخانەکانی شارۆچکەی نایسیر ـی سەر بە شاری سنە دەکەن بەڵام تا ئێستاش هیچ دەستکەوتێکیان نەبووە و بە هۆی نەبوونی قوتابخانە و ژینگەی خوێندنی پێویست، منداڵەکانیان ناونووس نەکراون.

دەگوترێ بەرپرسانی پەروەردەی ئەو بەشە لە شاری سنە تا ئێستا تەنیا بەڵێنیی بێ بنەمایان بە بنەماڵەکان داوە و هیچ کام لە بەڵێنیەکانیان ڕووی کردەیی بەخۆیەوە نەبینیوە و لە چوارچێوەی قسەدا ماوەتەوە.

لە ئێستادا یەکێک لە خێرخوازەکانی ئەو شارۆچکەیە شوێنێکی بۆ خوێندنی قوتابیان تەرخان کردووە بەڵام ئەو شوێنەش کاتیە و ستانداردەکانی قوتابخانەی تێدا بەدیناکرێت.

باوکی یەکێک لەو قوتابیانە لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژی کورد گوتی: “بەداخەوە جیا لەوەی کە بە پێچەوانەی یاسا، ساڵ بە ساڵ بڕەپارەی بەناو یارمەتی بۆ قوتابخانە لەسەر قوتابیان و بنەماڵەکانیان زیاتر دەبێ، نرخی کڕینی کتێب و پێدوایستییەکانی قوتابیانیش چەند قات گرانتر دەبێ و سەرباقی هەموو ئەوانە لە ئێستادا کێشەی شوێنی خوێندن و قوتابخانە، کێشەی سەرەکی ئێمەیە و ئێستا ٣٥٠ کیژی قوتابی، بەو هۆیەوە خوێندن و داهاتوویان ناڕوونە و دابینکردنی تێچووی هاتووچووش بۆ هەموو بنەماڵەکان سەخت و دژوارە”.

بەپێی خودی سەرچاوەکانی ڕژیم لە ئێستادا ٣٠% قوتابخانەکانی پارێزگای سنە، خرابوو تەخریبین و بەو پێیەش خوێندن لەو قوتابخانانەدا نایاسایی و مەترسیدارە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە کەمترین قوتابخانە لەو پاریزگایە و لە کوردستانی ئێران بینا دەکرێ یان نوێژەن دەکرێنەوە.

بەو پێیە مەترسی ئەوە هەیە لە ساڵانی داهاتوودا ڕوودای مەترسیداری هاوشێوەی شیناوێ ڕوو بدەنەوە یان قوتابخانە بەسەر قوتابیان و مامۆستاکانیاندا بڕووخێن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت