٢٥ی گەلاوێژ، ڕۆژی باوەڕ بە هێزی بە کۆمەڵ

0
1848
مەجید حەقی

بیست و پێنجی گەلاوێژی هەموو ساڵ وەبیرهێنەرەوەی ڕۆژێکە کە خەباتی کورد لە قۆناغی سەرۆک خێل، ڕێبەرانی کاریزمای تاقانە و بە کردەوە تەنیا بەرەو قۆناغی ڕێبەری بە کۆمەڵ و بریاری بەکۆمەڵ تێپەر بوو. قۆناغێک کە هاوکات لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی جیهان پێڤاژۆی هزری بەکۆمەڵ و ڕێبەری بە کۆمەڵ جێی دەگرت و بەرهەمی خەباتی بە کۆمەڵ سەرکەوتن و سەربەخۆیی وڵاتان بوو.

دەتوانین بێژین ڕۆژی بیست و پێنجی گەلاوێژ ڕۆژی بڕوا بەخۆبوونی نەتەوایەتی و بەکۆمەڵ کردنی خەباتی ڕزگاری خوازانەیە. هەموومان لە ژیانی خۆماندا هەوڵ دەدەین وێرای تێگەیشتن لە ژینگەی دەوروبەری خۆمان ژیانی چاکترمان هەبێت. کۆمەڵگایەک کە بن دەست بێت مرۆڤەکانی ناتوانن بەختەوەری ڕاستەقینە بچێزن و ئاواتەکانی خۆیان وەدی بێنن. هەرچەند لەوانەیە تاک و تووک کەسانێک هەبن لە هەندێک بواری سنوورداری ژیاندا سەرکەوتووش بن. بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت بەو ئاستە خۆشبەختیە بگات، پێویستە کۆمەڵگا بەو ئاستەی ژیان بگات کە بتوانێت ژینگەی گەشەکردن بە ئەندامانی خۆی پێشكەش بکات.  شەش مانگ دوای دامەزراندنی حیزبی دێموکرات کۆماری کوردستان لە سەر دەستی پێشەوای کورد قازی محەمەد دامەزرا. کۆمارێک کە لە ماوەی ژیانی کورتیدا بوو بە هۆی ئەوە کورد بڕوا بەوخۆ پەیدا بکات و بۆ دوارۆژێکی هیوابەخش هەوڵ بدات.

دامەزراندنی حیزبی دێموکرات بۆ گەلی کورد کۆکردنەوەی هەموو ئەزموونەکانی ڕابردوو لە قالبێکی نوێ و بەکارهێنانی هێز و توانای بە کۆمەڵە. چونکە دامەزرێنەرانی حیزبی دیموکرات بەو بڕوایە بوون کە هێزی پێکەوە بوونمان زیاترە لە کۆی هێزە تاک تاکی کۆمەلگا بەجیا. ئەمە بنەمای گۆرانێکی نوێ لە کۆمەڵگایەکدا پێک دێنێت کە بەسەدان ساڵ لە چوارچیوەی خێل، عەشیرە و ناوچەگەراییدا ژیاوە و هزری کوردستانی لە چوارچێوەی ناوچەی خۆیەوە بینیوە. نموونەی هەرە بەرزی ئەو بیرۆکەیە دامەزراندنی کۆماری کوردستان شەش مانگ دوای دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هاوژینی پێکهاتەکانی کوردستان لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کۆمار بوو.

بە ئاورێک لە ڕابردووی پڕلەشانازی حیزبی دیموکرات جێی خۆیەتی ئەسڵی  ڕەخنە لە خۆگرتن لە بیر نەکەین: ئێمە زیاترمان پی دەکرا، دەمانتوانی کۆمەڵگای سیاسی کوردستان و خەباتی نەتەوایەتی کوردستان بە ئاستێکی بەرزتر لە ئەمرۆ بگەیەنین گەر لە ڕابردوودا زیاتر سەرنج بدرایە بە پەروەردەی ڕێکخراوەیی و کۆمەڵایەتی لە هەموو ئاستەکانەوە. گەر ڕێبەری سیاسی لە سەر گەشەی خۆجێیی سەرمایەگوزاری زۆرتر بکردایە و ڕۆحی نەتەوایەتی و گەشەی ناوخۆیی لە بوارەکانی یەکسانی کۆمەڵایەتی، ژینگەپارێزی، بەرهەمهێنانی خۆجێی بکردایە بەشێک لە سیاسەت و پەروەردەی کۆمەڵایەتی خۆی. گەیشتن بە ئامانجی گەورە لە ڕێگای هەنگاوە بچووک و بەرنامە بۆ دارێژراوەکانەوە مسۆگەر دەبێت.

دەسپێکی “ڕاسان” و  قۆناغی نوێی خەبات پێمان دەڵێت دەبێ وێرای ئەوەی کە لە ڕێگا دەرۆین دەبێ جادەکانی ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵگایەکی چالاک، بەهێز و ڕێکخراو ئاوەدان بکەینەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتی داگیرکەرانەی خۆی هەموو تانوپۆیەکانی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیانی کوردستانیانی پچراندووە و بە بڵاو کردنەوەی کەشی ناهومێدی ژێنۆسایدی سایکۆلۆژی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، ژینگەیی و مرۆڤی دژی نەتەوەکەمانی جێبەجێ کردووە. ئێمە لە قۆناغێکدا دەژین کە گرینگ نیە خەڵکان و ڕێکخراوەکانی دیکە لە پێوەندی لە گەڵ ئێمە دەلێن چی، بەڵکوو ئەوەی گرینگ ئەوە ئێمە ڕێگایەک هەڵبژێرین کە خزمەت دەکات بە گەشەکردنی نەتەوایەتی و خەباتی ڕزگاری دەرانەمان و خزمەت دەکات بە بەرەوپێش چوونی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەمرۆ کاتی ئەوە هاتووە سەرمایەگوزاری لە سەر ڕێبەرانی داهاتووی ناو کۆمەڵگا بکرێت و کۆمەڵگا بەرەو خۆسازماندەری خۆ بەرێوەبەری و خۆپەروەردەیی هان بدرێت. سەردەمی ئەوە هاتووە هەموو بوارەکانی ژیان ببێتە خاوەنی قارەمانی تایبەت بەخۆی و قارەمانێتی و کاریزما تەنیا لە یەک یان چەند تاکێکدا نەبیندرێت. بەوە هێزی بروابەخۆبوونی کۆمەڵ بەرینتر دەبێت و خەبات و بەرەوپێش چوون دەبێتە ئامانج و ئەرکێکی هاوبەش. ئەزموونێک کە شەهیدانی ڕاسان لە ساڵی پارەوە بە ئێمە سەلماند ڕاست بریتی بوو لەوە: ئێمە دەبێ ئاسۆی خۆمان بەرفراوانتر بکەین، بوێرانە بڕوامان بەخۆمان هەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان.

ئەزموونی بیست و پێنجی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ و دامەزراندنی کۆماری کوردستان و هەروەها ئەزموونی ئەمرۆی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بۆمان دەسەلمێنن کە خەباتی نەتەوایەتی پێویستی بە ئاوەدانکردنی کۆریدۆر و ڕایەلکەی پێوەندی بەرفراوانی ناوخۆیی و دەرەوەیی هەیە. قۆناغی ئەمرۆی خەبات دەبێ بتوانێت هەلومەرجەکانی ناوخۆییش بقۆزێتەوە و بزاڤی نەتەوایەتی بکاتە پرسێکی سەرەکی لە ئاست سەرانسەری ئێراندا و پرسی کورد لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو هەموو بەشەکانی ئیران گەشە بدات. ئەوەش پێویستی بە ڕەچاوکردنی سیاسەتێکی نوێ و بەرفراوانترکردنی بیرۆکەی ڕاسان دەکات. لە جیهانی تۆرەکانی پێوەندیدا پێویستی ستراتێژیکی گەشەکردنی بڕوابەخۆ بوونی کۆمەڵایەتی  و گەشەکردنی ناسنامەی هاوبەش لە ئاستی تاکەکانی کۆمەلگادا لە هەموو سەردەمی پێشوو زیاتر خۆی دەنوێنێت. ئەمە بە واتای شیکردنەوەیەکی ئەمرۆیی و یەکگرتووخوازانەی فرەرەهند لە کۆمەڵگادا.

گەشەکردنی پەروەردەی بەخۆباوەری لە سەر بنەمای تاکەکەس، گرووپ و کۆمەڵگادا دەبێتە هۆی ئەوەی کە بتوانین جوانتر و خێراتر پێوەندی و ویستەکانی خۆمان لە گەڵ دەوروبەری خۆمان باس بکەین و هاندەر و یارمەتیدەری ئەوان بین بۆ ئامانجە هاوبەش و مرۆڤایەتیەکانمان. ئەمرۆ حیزبی دیموکرات لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بەوە هەیە کە پرەنسیبەکانی بنەمایی خۆی گەشە پیبدات و بەکۆمەڵیان بکات و هاوکات کەشی کراوەیی و قبووڵکردنی جیاوازیەکان لە ناوخۆدا گەشە پێبدات. بەوە وزەی پۆزەتیڤ و هیوابەخش لە ناوکۆمەڵگادا گەشە دەکات و بیست و پێنجی گەلاوێژ دەبێتە ڕەمزی خۆباوەری و پێناسەی وزە هاوبەشەکان. حیزبی دێموکرات بە هۆی بەرپرسایەتیەک کە لە ئەستۆیدایە زۆرجار بەرەورووی ڕەخنە و هێرشی توندی لایەنگرانی پرسی نەتەوایەتی دەکەوێت. ئەمەش ئاستی بەرپرسایەتی حیزبی دێموکرات نیشان دەدات. ئێمە دەبێ بنەماکانی دیالۆگێکی کراوە، ئاوەدانکەرەوە (constructive) بۆ گەشەی هاوبەش پێک بێنین. هەمووی ئەوانە لە پێناو گەشەکردنی ڕۆحی بیست و پێنجی گەلاوێژ ڕاسانەوەی کۆمەڵگایە لە هەموو ئاستەکانی خۆیدا. حیزبی دێموکراتی سەردەمی ڕاسان دەبێ حیزبێکی کراوەتر، بەتۆلێرانستر، هەمەگرتر و خاوەنی قووڵایی ستراتێژیکی پان و بەرینتر بێت و هەموو تواناکانی کۆمەڵگا لەخۆیدا کۆ بکاتەوە بۆ ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاری خوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بەخێرن بۆ کاناڵی تێلێگرامیم:

https://t.me/joinchat/AAAAAD3Bb5EZ5oOPrDJGE

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت