مامۆستا و کەژوانێکی نیشتمانپەروەری کورد لە یەکێک لە شاخەکانی تاران کۆچی دوایی کرد

0
1769

مامۆستا و کەژوانێکی کورد بە هۆی ڕاوەستانی دڵ لە یەکێک لە شاخەکانی تاران کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، ڕۆژی هەینی 2ی فێوریە بەرانبەر بە 11ی ڕەشەمەی 1396ی هەتاوی، کەریم مەعرووفزادە، کەژوانی کورد لە شاخی تووچاڵ لە تاران کۆچی دوایی کرد.

هۆکاری مەرگی ئەو شاخەوانە کوردە، ڕاوەستانی دڵ ڕاگێندراوە.

مەعرووفزادە، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە یەکێک لە شاخەوان و کەژپێوە ناسراوەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بوو، مامۆستای قوتابخانە و ژینگەپارێزێکی چالاک و ناسراوی کوردیش بوو.

مەعرووفزادە، خەڵک و لەدایک بووی شاری سەردەشت و کەسێکی نیشتمانپەروەر و کوردستانی بوو و لە ناو خەڵکی ئەو شارە و وەرزشوانان و ژینگەپارێزانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، پێگە و جێگەیەکی تەژی لە ڕێزی هەبوو.

کەریم مەعرووفزادە، هاوکات یەکێک لە مامۆستا نیشتمانپەروەرەکانی شاری سەردەشت بوو و بە کەسێکی خاکەڕا و ساکار و دلۆڤان و پێشمەرگەخۆشەویست و ئازادیخواز بوو.

ئەو کەژوانە کوردە، یەکێک لە قوربانیانی کارەساتی کیمیابارانی شاری سەردەشت بوو و بەوهۆیەشەوە ئازاری دەکێشا و یەکێک لەو کەسانە بوو کە بەدواداچوونی بۆ مافی خەساردیتووانی کیمیابارانی شاری سەردەشت دەەکرد و جێگا پەنجەی لەو بارەشەوە دیار بوو و گەندەڵیەکانیەکانی لەو بوارەدا لەقاو دەدا و چەندین دۆسیەی پشت گوێ خراویان لەو بارەوە زیندوو کردۆتەوە.

جەلال جەماڵی، مامۆستای پێشووی قوتابخانە و چالاکی سیاسیی کورد، لەسەر کۆچی دوایی ئەو کەژپێوە کوردە نووسیویەتی: “تۆ دنەی هەستێکی پاک و ڕێنمایی ئەوینی نیشتمان و کڵپەی گڕکانی دەروونی چینێکی سەوداسەری سەرکەوتن بووی، بۆ زارۆک و مێرمنداڵانی ناو کالانی کوردایەتی، مامۆستا بووی”.

ناوەندی ڕۆژی کورد، بە بۆنەی کۆچی لەناکاوی ئەو مامۆستا و کەژپێوە نیشتمانپەروەرە، سەرەخۆشی لە سەرجەم کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەتایبەت لە هاونیشتمانیانی شاری سەردەشت و ژینگەپارێزان و کۆمەڵگای وەرزشیی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.