چالاکان لەسەر تەقینەوەی کۆیە و تیرۆریستەکان چ دەڵێن؟

0
1765

دوابەدوای تەقینەوەکەی شەوی یەلدا، لێپرسروانی (حدک) لە یەکەم لێدوان و هەڵوێستدا رژیمی ئیسلامیی ئێرانیان وەکوو ئەنجامدەری ئەو کردەوە تیرۆریستییە لە قەڵەم دا.

بەپێی دوایین بەیاننامەی رەسمیی (حدک)، ٥ پێشمەرگەی ئەو حیزبە و هەروەها ٢ کارمەندی ئاسایشی حکوومەتی هەرێم لەو کردەوە تیرۆریستییەدا شەهید بوون.

رۆژی رابردوو، بەرێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، هەواڵی دەستبەسەری کردنی دوو کەسی وەکوو تێوەگلاوی ئەو کردەوە تیرۆریستییە راگەیاند.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبونوەتەوە، شەپۆل زارعی خەڵكی سەردەش و عەبدولواحید محەمەدی خەلكی پیرانشار ئەو دووکەسەن کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان وەکوو تۆمەتباری تەقینەوەکەی بەردەم قەڵای حدک دەستبەسەر کراون.

0213-021شەپۆل زارعی وەکوو، کە ئەندامی دانیشتووی (حدک) و بەرپرسی کۆمیتەی یەکیەتیی لاوان لە ناوچەی پشدەر و بیتوێنی هەریمی کوردستان بووە، دوای تەقینەوەکە چەندین پۆستی لە فەیسبووکی خۆی وەکوو هاوخەمی بۆ شەهیدەکان دەربڕیوە.

ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: “بەڵگەی پێوستیان لەبەر دەستە کە ئەو دوو کەسە دەستبەسەر کراوە، لە تەقینەوەکەی بەردەم قەڵای دیمۆکراتەوە گلاون، بەڵام تۆمەتباری سەرەکیی ئەو کردەوە تیرۆریستییە هەڵاتووە”.

هەڵاتنی ئەو تیرۆریستە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەمەڕ خۆبواردنی دەزگای ئاسایش لە ناوبردن و ئاماژە نەکردن بە کەسێتیی ئەو تیرۆریستە، باس و لێکدانەوەی جیاوازی لێکەوتۆتەوە.

چالاکێکی سیاسیی کورد، لە ستاتووسێکدا نووسیویەتی: پێشتر ئەگەر کەسێک کە خیانەتێکی بکردایە و هەڵبەهاتبایە وێنەکەیان بڵاو دەکردەوە کە خەڵک زانیاری لەسەر کۆ بکەنەوە و لە ئاکامدا بیگرن، ئێستا وێنەی دوو منداڵ بڵاو دەکەنەوە کە گیراون و داوای زانیاری دەکەن، بەڵام ئەوەی کە بە قسەی خۆیان تاوانباری سەرەکی بووە و هەڵهاتووە، نە ناوی دەبەن و نە وێنەی بڵاو دەکەنەوە!”.

قەرەنی قادری شرۆڤەکار و چاوەدێری سیاسیی کورد لەو پەیوەندییەدا نووسیویەتی: “ناسنامە و زانیاری كەسێتی ئەنجامدەری تاوانەكەیان دۆزیوەتەوە و دەستیان گرتووە بەسەر كەلوپەلی تایبەت بە تۆمەتبارەکە، كە هەڵهاتووە و هەوڵەكان چڕكراونەوە بۆ دەستگیركردنی”.

کەوایە بۆچی ناوی کورتکراوی ئەنجامدەری تاوانەکەش وەکوو هیی دوو کەسەکە نەنووسراوە، بە تایبەت کاتێک ئەوەندە دڵنیا بن کە دەست بەسەر کەلوپەلی تایبەت بە تۆمەتبارەکەدا گیراوە؟

ئاسایش دەڵێت: “گۆیا هەڵهاتوو”، دەبێ چۆن هەڵاتبێت، بۆ کوێ هەڵاتووە؟ ئایا دەرفەتی هەڵاتنی بۆ خۆی ڕەخساندووە یان بۆیان چێ کردووە؟

ژمارەی ئەو تاوانبارە سەرەکییانە زۆرن کە بۆی دەردەچن و وەبەر تەڵەی هێزە ئەمنییەکان “ناکەون”، بە تایبەت ئەگەر نێردراو و تێرکراوی کۆماری ئیسلامی بن!

بە گشتی هەم یەکێتی و هەمیش کۆماری ئیسلامی لە یەک خانەدا یەکدەگرنەوە. ئەویش ترس سازکردن لای دیموکرات و ئاگادارکردنەوەیە کە لە هەولێر نزیک نەبنەوە”.

بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەزگای ئاسایش بەوە تۆمەتبار دەکەن کە تۆمەتباری سەرەکیی لە بەرژەوەندیی دەزگای ئسایشی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستاندا رێگەی دەربازبوونی پێدراوە”.

ئەوان دەڵێن: ” ئەو تاوانە لە ژێر دەسەڵاتی سەوز دا کراوە بۆیە گومانەکان زیاتر دەبن، کاتێک رێکەوتنێک هەیە بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانی لە نێوان ئێران و باشووردا و ساڵی رابردووش بە ئاشکرا جێ بەجێ کرا. ئەمە شتێکە بە ئاشکرا هەیە و جێبەجێ دەکرێت، ئەی نهێنیەکان چۆن بن؟”.

یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان یەکەم رۆژی پاش تەقینەوەکە لە بەیاننامەیەکدا ئەو کردەوە تیرۆریستییەی مەحکووم کرد، بەڵام لە کاتێکدا حدک داوای لە هەموو حیزبەکانی کوردستان کرد کە بۆ چاوپێکەوتن بە بەڵگەکان کە دەیسەلمێنێ رژیمی ئێران ئەو کارە تیرۆریستییەی کردووە، سێ حیزبی یەکیەتی، گۆڕانو  کۆەـەڵی ئسیلامی لە چوون بۆ کۆبوونەوەی حیزبەکان خۆیان بوارد.

حیزبی دیمۆکرات، بە ئاشکرا تیرۆر کردنی بەشیک لە ئەندامانی خۆی لە دەیەی ٩٠ی زایینی‌دا دەخاتە ئەستۆی یەکیەتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی ئیسلامی، کە بە گوتەی ئەندامانی حیزبی دیمۆکرات لەژێر کاریگەریی دەزگای ئیتلاعات و سوپای پاسدارانی رژیمی ئیسلامیی ئێراندا دەستیان بۆ تیرۆر کردنی ئەندامانی دیمۆکرات بردووە.

حدک رایگەیاندووە، ئەوەی گرینگە، ئەو کردەوە تیرۆریستییە لەلایەن سوپای پاسدارانی رژیمی تارانەوە پلانی بۆ داڕێژراوەو ئامانجیش تەنیا شەهیدکردنی ژمارەیەکی بەرچاو لە تێکۆشەرانی حیزبەکەی بووە.

زۆرێک لە چالاکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، نیگەرانیی ئەوەیان دەربڕیوە کە بە سەرنجدان بە هەڕەشەی بەرپرسانی رژیمی ئێران، کردەوەی تیرۆریستیی بەردەم قەڵای (حدک) سەرەتای قۆناغێکی نویێ تیرۆری چالاکانی سیاسیی رۆژهەڵاتیی دانیشتووی باشوور لەلایەن رژیمی ئێرانەوە بێت.

ئەوان رایدەگەیەنن، مێژووی تیرۆرەکان و خۆ بواردن لە ئاشکرا کردنی ناسنامەی تیرۆریستان و هەروەها مێژووی دەربازکردنی تیرۆریستەکان لەلایەن هەندێک کەس و لایەنەوە، هاوشێوەی ئەو کردەوە تیرۆریستییەیەی رژیمی ئێرانە کە شەوی یەلدا لەبەر دەم قەڵای حدک رووی دا.

چالاکان دەڵێن: هەتا کات زیاتر تێپەڕ بێ، شک و گومانەکانیش زیاتر دەبن، کە بیانەوێت بە جۆرێک تاوانباری سەرەکی بشارنەوە یا درزێک بۆ ون کردنی ببیننەوە”.

ئیستا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئاخۆ حدک لە ژێر فشاری رای گشتیدا ناچار بە ئاشکرا کردنی ناسنامە و دەستەکانی پشت پردە و چۆنیەتیی ئەنجامدەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە بۆ رای گشتی دەبێت، یان وەکوو مێژووی تیرۆرەکانی دەیەی ٩٠ی زۆربەیان بە شاراوەیی دەمێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت