وەشانی ڕاستەوخۆی ڕووداوەکانی شەڕ لە کوردستان وەستێندرا/لێدوان

0
1131

سەرۆکی داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان لە نامەیەکی فەرمیدا، وەشانی ڕاستەوخۆی ڕووداوەکانی شەڕی ڕاگەیاند

ڕۆژی کورد: لە نامەیەکدا کە ڕوو بە کاناڵەکانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستانی باشور بڵاو بۆتەوە، داوا لە کاناڵەکانی ڕاگەیاندن کراوە تا بۆ پاراستنی گیانی پێشمەرگە و هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی زیانە گیانی و ماددیەکانی کورد، لەوەبەدوا، وەشانی ڕاستەوخۆی ڕووداوەکانی شەڕ ڕادەگیردرێ.

فه‌رمانده‌یه‌كی باڵای نیزامیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ باشوور کە له‌به‌ر هۆكاری تەناهی نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێ لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژی کورد لەمبارەوە وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەو بڕیارە گوتی: “مخابن لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەتی دوای بەهێزبوونی هەندێک کاناڵ و تۆڕی هەواڵدەری لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی بە نەبوونی چاوەدێریەکی درووست و ساخڵەم، هێزی پێشمەرگەی کوردستان تووشی زیانێکی لەڕادەبەدەر بووە و بە هۆی ئەوەی کە کاناڵەکانی ڕاگەیاندن زۆرتر شەڕیان وەک بابەتێک بۆ زیادکردنی بەینەری خۆیان بەکار دەهێنا و خۆیان لە هیچ نەدەپاراست، مخابن زۆر جار پلانەکانمان پووچەڵ بوونەوە، زۆر جار دوژمن زانیویەتی لە کوێوە بڕیارە هێرش بکەین و زۆر شتی تری کارەساتبار”.

ئەو فەرماندە سەربازییەی کوردستان هەروەها گوتیشی: “ئەوەی لە میدیای کوردستاندا بەدی دەکرێ، بەڕەڵایی و بێ پلانی و نەبوونی خەمخۆرییەکی نیشتمانیە، ڕاستە ڕاگوستنی هەواڵ و زانیاری ئەرکە و پێویستیە بەڵام نەک ئەوەی کە ئەوان بە هەر شێوەیک کە بۆیان بکرێت، بێنە پێشووی شەڕ و هەرچی هەیە و نیە ڕایبگوازن، بۆ نموونە، کاناڵەکانی ڕاگەیاندن زۆر ڕاشکاوانە تەنانەت چرکەی هێرش کردن بۆ سەر موسڵیان ڕاگەیاند، کاناڵ هەبووە زۆر نەهێنیی شەڕی ئاشكرا کردووە و زۆر جار باسیان لە ژومارەی پێشمەرگە و جۆری چەکەکانیش کردووە، ئەوە کارەساتێکە کە دەکرێ ناوی بنێین کارەساتی نەتەوەیی”.

هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

هەڵمەت مەعرووفی، ڕۆژنامەوان، لەمبارەوە لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژی کورد گوتی: “لە هەر هەموو جیهان، میدیا بەدوای زۆرترین بینەرەوەیە، زۆرترین بینەر بە مەبەستی زۆرترین کاریگەری و هاوڕاکردن لەگەڵ خۆی و بەرەوپێش بردنی ئامانجەکانی بەڵام لە هەموو دونیاش سنوورێک دیاریکراوە، چەمکێک هەیە بە ناوی بەرژەوەندیی نەتەوەیی کە هێڵی سووری هەموو میدیاکار و میدیایەکە. لێرەدایە کە میدیاکار و ڕۆژنامەوان، تەنیا ئەو زانیارییانە بڵاو دەکاتەوە کە هەندێ دەزگای دەست نیشانکەر و پارێزەری بەرژەوەندیی نەتەوەیی دەست نیشانی دەکەن، ئەوە بۆ هەموو میدیاکان وەک یەکە بە میدیای دەوڵەتی و ئازادیشەوە”.

مەعرووفی وتەکانی خۆی بە هێنانەوەی نموونەیەک خستە بەر باس و گوتی: “بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک فەڕانسە، سویس، ئاڵمان یان هەر وڵاتێکی پێشکەوتووی تر، کاتێک ڕووداوێکی وەک تەقینەوە یان ڕووداوەکەی شارلی ئێبدۆ دێتە ئاراوە، ڕۆژنامەوان و میدیاکان، باش دەزانن کە هەندێک ناوەند هەیە کە زانیاریی پێویست و شیاویان دەداتێ، واتا ئەو زانیارییانەی کە خەسار بە بەرژەوەندیی نەتەوەیی و گشتی ناگەیێنن، بۆ نموونە ئەوان سەردانی بنکە پۆلیسیە تایبەتەکان یان هەندێک بنکەی دادوەری دەکەن و ئەو ناوەندانەش بابەت و زانیاریی پێویستیان دەدەنێ و ئەو زانیارییانەش ڕادەگواسترێ بۆ خوێنەر و بینەر و بیسەر”.

ئەو ڕۆژنامەوانە کوردە، ئاوڕی لە دۆخی میدیاکاران لە کوردستانی ابشوور داوە و گوتی: “مخابن ئەوەی لە کوردستان دەبیندرێ جۆرێک شێواندنی چەمکەکان یان کەڵکاژۆ وەرگرتنە لە چەمکەکان، ئێمەی کورد بە بیانووی بوونی چەمکی میدیای ئازاد، هەڵبەت زۆرتر بە هۆی نەبوونی شارەزایی لە کار و ئەرکی ڕۆژنامەوانی یان نەبوونی خەمی نیشتمان، هەندێ خەسار لە کۆمەڵگامان دەدەین کە هیچ کات دوژمن ناتوانێ بیکا، بە ڕاشکاوانە دەڵێم ئەگەر میدیا سەرەڕۆی کوردی لە باشوور نەبوایە، ڕێژەی شەهید و تەنانەت بەدەستەوەدانی خاک و پاشەکشە زۆر کەمتر لەوە دەبوو کە هەیە، هیوا دەخوازم، لە کوردستان لە جیاتی ئەوەی کە هەواڵنێر بچةە بەرەکانی شەڕ، بنکەیەک بکرێتەوە بۆ پێدانی زانیاری بە میدیاکان و جارناجاریش هەندێ بەرپرسی تایبەت، کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی پێک بهێنن و تەنیا لەم ڕێگایەوە زانیاری ببەخشرێت نەک ئەوەی کە میدیاکار و ڕٶژنامەوان و تەنانەت گۆرانی بێژێکیس بە بیانووی هەواڵ و کلیپ خۆ بخزێنێتە ناخی بەرەی شەڕ و بەبێ ئەوەی خۆی بزانێ، خزمەت بە دوژمن بکات”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت