یەکێک لە دامەزرێنەرانی سپای پاسداران لە کوردستان، لە سووریە کوژرا

0
458

فەرماندەیەکی پلەبەرزی سپای پاسدارنی ڕێژیمی ئێران و یەکێک لە دامەزرێنەرانی سپای پاسداران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە شاری “حەلەب”ـی وڵاتی سووریە کوژرا.

شەوی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی، “حوسێن هەمەدانی”، پیاوی ژمارە ٢ی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری “حەلەب”ی سووریە، لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئەسەدەوە کۆژرا.

هەمەدانی یەکێک لە ڕاوێژکارانی پلەبەرزی سپای پاسداران بوو کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ڕۆڵێکی کاریگەری لە شەڕێ سووریەدا هەبووە.

ئەو فەرماندەی سپای ڕێژیم لە دامەزڕێنەرانی سپا لە کوردستان بووە، ناوبراو لە سەرکوت و کوشتاری خەلکی کوردستاندا ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە.

هەمەدانی دەیەی ٧٠ی کۆچی، بەرپرسیارەتی لەشکری ٢٧ی “محمد رسول اللە”ی لە ئەستۆ بووە، ئەو لەشکرە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی بە تێکەڵکردنی یەکەکانی سپا لە شارەکانی “مەریوان، پاوە و هەمەدان” پێکهات.

ئەو فەرماندەی ڕێژیمی ئێران، لە دامەزراندنی “هێزە میلیشیاکانی بەسیج” لە سووریە و هەروەها سەرکوتی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاویدا ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە.

حەوتووی ڕابردوو دوو سەرچاوەی لوبنانی ڕایانگەیاند :” ڕێژیمی ئێران سەدان سەربازی بۆ سووریە ڕەانە کردووە”.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە پاڵپشتیی ڕووسیە، بە هاوپەیمانی سەرەکی ڕێژیمی بەشار ئەسەد دێتە ئەژمار و بە یارمەتییە ماددی و نیزامییەکانی بە ڕێژیمی سووریە، بووەتە هۆی ئەوەیکە هەزاران کەس لەو وڵاتەدا بکوژرێن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.