یەکێتیی نیشتمانی و هەڵوێستە نانیشتمانییەکانی/ وانەیەک بۆ ئەمڕۆ بە ئاوڕدانەوەیەک لە مێژوو

0
905
Image processed by CodeCarvings Piczard ### FREE Community Edition ### on 2015-12-01 02:19:30Z | |

د.هاوڕێ کوردستانی/مامۆستای زانکۆ-ناوخۆی ڕۆژهەڵات

ئەو ڕوداوەی کە  ڕۆژی هەینی 3ی خەرمانانی 1396ی هەتاوی لە گوندی گوندەژۆری دەڤەری باڵەکایەتی، بەسەر پێشمەرگە و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا سەپا، کۆمەڵێک ڕووداوی ناخۆش و هەڵوێستی بەدوای خۆیدا هێنا کە دڵی هەر مرۆڤێکی نیشتمانپەروەری بە بێ لەپارچەوگرتنی هەستی پارچەگرایی خستە ژان.

بەداخەوە ئاکامەکانی ڕووداوەکە، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بووە هۆی دڵخۆشبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەست و پەیوەندییەکانی؛ یەکێک لە ئاکامەکان و وانەکانی ئەو ڕووداوە بۆ ئێمەی خەڵکی ڕۆژهەڵات دەبێت ئەوە بێت کە ئیدی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە گشتی و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە تایبەتیی، بە ئەقڵیەتێکی ڕۆژهەڵاتییەوە چاو لە پرسە سیاسییەکان و بەردەوامیی خەبات بکەن و پێناسەیەکی سەردەمییانە لە کاراکتەری کورد، خەباتکاری کورد و حیزبی کوردی لە ڕۆژهەڵات بکەن و چیدیکە کوردستانی ڕۆژهەڵات و داهاتووەکەی نەکەنە قوربانیی دەستکەوتەکانی کوردستانی باشوور.

کە لە تاران خوێندکار بووم،لەگەڵ هاوپۆلەکانم خەونمان بە کوردستانی گەورەوە دەدیت، چوار بەشی دڵمان دابەش کردبوو بە سەر هەر چوارپارچەکەی کوردستاندا، ئەگەرچی کرماشان و سلێمانی و دیاربەکر و قامیشلوو لە یەک پارچەدا نەبوون بەڵام هەموویان لە یەک دڵدا بوون و ئەویش بەشێک بوو لە جەستەمان.

خزمێکی قسەخۆشی باشووریمان لەودیوەوە هاتبووە ئەمدیو و لە سنەوە لەگەڵ خزمێکماندا هاتبوو بۆ تاران، چەند شەوێک لە خەوتنگەی زانکۆدا(خوابگاه) میوانم بوون، شەوێکیان لەگەڵ چەند هاوڕێی خوێندکارمدا مەستی ڕووخاندنی سنوورە دەستکردەکان ببووین، باسمان لە کوردستانی باشوور و شۆڕشی ئەیلوول و ئاش بەتاڵ و جاشەکانی ٦٦ و بابەتی ئەوتۆ دەکرد، مشتومڕێکی سەیر و سەمەرە، نەمدەتوانی قەناعەت بە هاوڕێکانم بێنم، دەمگوت ئەوانە تێپەڕبووە و مام جەلال سەرۆک کۆمارە و کاک مەسعوودیش سەرۆکی هەرێم و چەند ساڵی دیکە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش دەگەڕێنەوە و هێدی هێدی کۆڵەکە سەرەکییەکانی دەوڵەتی کوردستانی گەورە دادەمەزرێت!.

خزمە باشوورییەکەم لە ئێمە بەئەزموونتر و بەتەمەنتر بوو، بزەیەک هاتە سەرلێوانی و گوتی داگیرکەر سەد ساڵە دەمانچەوسێنێتە و نەیاتوانیوە دابەشمان بکات، ئەوە نییە منی باشووری لە ژووری خزمە ڕۆژهەڵاتییە خوێندکارەکەم لە تاران لە پێتەختی داگیرکەری کوردستاندا خەریکین باس لە داهاتووی کوردستانی گەورە دەکەین.

قسەکانیم زۆر پێخۆش و دەتگوت ئاوپڕژێنی دڵم دەکەن، بەڵام لە ناکاو قاقایەکی لێدا و گوتی بە شاخەکانی کوردستان قەسەم لە مێژە کورد خۆی دابەش کردووە، یەک دوو نەوەی داهاتووی لە هەرکام لە پارچەکانی کوردستان، وەک داگیرکەر چاو لە براکوردەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان دەکات و لەگەڵ داگیرکەری ڕاستەقینەدا وەک گوێی کەر جووت دەبن و دەبن بە دوژمنی پارچەکەی دیکە…

وەک بڵێی ئاوێکی سەرتەزێنیان بە سەرمدا کردبێت، ساردبوومەوە، قەد بڕوام بە وتەکانی نەدەکرد و لە بەر ڕێزیش نەمدەتوانی وەڵامی بدەمەوە. لە درێژەدا گوتی: کوڕی باوکم، “ئەوە نییە مام جەلال دێتە سەر گۆڕی خومەینی و دەگری و دەپاڕێتەوە بۆ ئەوەی سنوورەکانمان لە سەر دانەخەن تاکوو مەساسە و پیفۆکمان بۆ بنێرن!.”

ساڵ تێپەڕین و دەیەش بەدوایدا، ئێستاکە لە سووچێکی ژوورەکەمدا دانیشتووم، چاوم بڕیوەتە وێنەی ئەو پێشمەرگانەی ڕۆژهەڵات کە بە دەستی عەشیرەکان و خەڵکانی دەڤەری باڵەکایەتی لە باشوور دەستبەسەر کراون. پێشمەرگەیەک دەستەکانی لە سەر ئەژنۆی قفڵ کردووە و سەری داخستووە و  وەک شەش دەری هومێدی لێ گرابێ، سەری لە سەر دەستەکانی داناوە، ڕووی نییە چاو لە کامێرا بکات، دەڵێن وەک میوان ئەژمار کراوە بەڵام چاوەکانی ئەوە ناڵێ و سپارتاکووسێک کە لە قەفەسدا بیر دەخاتەوە.

هەمیشە لەوە دەترسام “هەجو” یان بڵێم جنێونامە بەڕاست دەرچێت، وتەکانی خزمە باشوورییەکەم پڕ بوو لە هەجو، بەڵام هەڵبەت پێشتریش بەلەبەرچاوگرتنی هەڵوێستە نانیشتمانییەکانی حیزبەکانی باشوور و بە حیز و دز ناوزەدکردنی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە لایەن خەڵکی باشوورەوە تاڕادەیەک ئاسۆکەی جارانم لا کاڵ ببووەوە، بەو ئاکامە گەیشتبووم کە ڕووحی نیشتمانی و کوردایەتی لە باشووردا کراوەتە قوربانیی یەک دەقە ئاسوودەیی و گیرفانی پڕ لە دۆلار؛ سەرەڕای ئەوانە قەد بە ڕادەی قسەکانی خزمە قسەخۆشە باشووریەکەم، کوردستانی گەورە لام هەجو نەبوو، بەڵام لەو ڕۆژەوە کە پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور “ئەتک کران“، هەموو هیوایەکم ڕووخاوە، قسە هەجووەکانی خزمەکەم بە ڕاست دەرچوو، یەکێتیی نیشتمانی!! قۆڵی لە قۆڵی “قەرارگای ڕەمەزان” دایە و پێکەوە لە سەر شۆستەکانی جۆردەن لە تاران پیاسە دەکەن، خەڵکی دەڤەری باڵەکایەتیش منی کوردی ڕۆژهەڵاتیی چەک لە دەستی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات، بە داگیرکەر دەزانن، حیزبە کەڵەگەتەکەی باشوور بە چەکدار ناوم دەبات و دەڵێت بێدەنگ نابێت.

قەرارگای ڕەمەزان و بەرپرسی سوپای قودس و کونسوولگەریی ئێران لە سلێمانی، گەورەترین ڕاوێژکاری ئەمنی و ئاسایشیی حیزبەکەی مام جەلالە.

بەپێی تایبەتمەندییەکانی کەسایەتیی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو خوێندنەوانەی کە لە بەشێکی زۆر لە میدیاکانی باشوور بە گشتی و ئێن‌ئاڕ‌تی بە تایبەتی لە ڕووداوەکە دەکرێت، دەتوانین بڵێین بەشێکی سەرەکی لە میدیاکانی باشوور، هاوڕێ لەگەڵ بەرەوپێش بردنی ئەجیندای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە باشوردا، خەریکی واتاسازی و بەلاڕێدا بردن و خەوشدارکردنی سیمای پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتن، تا ڕادەیەک کە دەبنە هۆی هاندانی خەڵکی خێڵەکیی ناوچەی باڵەکایەتی بۆ ئەوەی بڕۆن سووکایەتی بە هێمای نەبەزییەکانی ڕۆژهەڵات بکەن، ئەمە لەخۆیدا دژکردەوەیەکی مەترسیدارە بە کردەوەیەک کە هێشتاکە زۆرێک لە لایەنەکانی ناڕوونە.

هەڵوێستی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەمەڕ ئەو ڕووداوەدا ئاخندراو و پنگ خواردوو بە قین و ڕقی سیاسی کە ئەو ڕقە بەس شایانی داگیرکەرانی کوردستانە نەک پێشمەرگەی کوردستانی ڕۆژهەڵات، هەروەها هەڵوێستی ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، زۆر نابەرپرسانە و هەلپەرستانە و دوژمنکارانەیە و دەڵێی هەڵکردنی لایتی سەوزی ئاوێتە بە بزەیەکی خۆشخزمەتانەیە بۆ تاران. ئەو ڕەفتارە سیاسیەی ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی نەک تنیا هەر لەم مەڕ ئەم ڕووداوە، بەڵکوو سەرجەم هەڵوێستە دوژمنکارانەکانی ئەم ساڵانەی دواییان لە مەڕ کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا جێگای تێڕامان و لێوردبوونەوەیە.

حوکمڕانیی سەرەکیی جەمسەری ڕۆژهەڵاتی باشوور (زۆنی سەوز) و لە هەمانکاتیشدا میراتگری بابەنەکان لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی پێوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بە ئاقارێکدا دەڕوات کە زۆر مەترسیدارە و چیتر دڵخۆش کردن پێیان گەمژانەیە.

بێگومان بەپێی پێوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ پێ‌کاکا و جێگیربوونی هەر دوو لایەنەکە لە سێ‌کوچکەی ڕووسیە/ئێران/سووریا، ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتدەوە، مادام حیزبەکان و کاراکتەرە دژبەرەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دژ بە کۆماری ئیسلامین، بەرژەوەندییەکانیان بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیدا یەک ناگرێتەوە، هەر بۆیە دڵخۆش کردن بە حیزبێک کە بووەتە ژێرکایە(نەک هاوکایە)ی سەرەکی کۆماری ئیسلامی ئێران بێگومان جگە لە گەمژەیی سیاسی شتێکی دیکە نییە.

ڕووداوەکەی گوندی گوندەژۆر دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە یەکێتیی نیشتمانی خەریکی دەورگێڕانە لە کایەیەکدا کە پلانداڕێژی سەرەکیی ئەو کایە دژەکوردانەیە کۆماری ئیسلامییە. بە کوردییەکەی، یەکێتیی نیشتمانی لە ئەجیندای تاراندا هەڵسووکەوت دەکات و تەنانەت زۆربەی ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی کێبڕکێیانە بۆ ئەوەی کامەیان زۆرتر لە تاران نزیک بنەوە، وەک ئەوەی پردی سەرەکەوتنەکان و کورسییەکانی سەرکردایەتیی یەکێتی لە تارانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت. بۆ وێنە ئەرسەلان بایز -دۆکتۆرای ئەدەبی کوردی، ئەندامی کۆمەڵەی مارکسی لێنینیی کوردستان، یەکەم سەرنووسەری ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی- دەڕوات بۆ تاران، بۆینباخەکەی (کراوات) لە سلێمانی بە جێدێڵێت و کراسێکی یەخە ئاخووندی لەبەر دەکات و دوایین قۆپچەکەیشی دەبەستێت وەک بڵێی بۆ تاقیکاریی حەوزەی عیلمیەی قوم خۆی ئامادە کردووە.

ئێران حیسابی ٣٢هەمین پارێزگا بۆ دارولمولکی بابان واتە سلێمانی دەکات، سەرکردایەتیی زۆنی سەوزیش بەوە ڕازین مادام کورسییەکەیان لە ئەمارەتی باباندا پارێزراو بێت، هەر بۆیە دەست ددەنە هەرچەشنە خۆش خزمەتییەک بە کۆماری ئیسلامی، تەنانەت ئەگەریش خەڵک و حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش بکەنە قوربانی. یەک کەس لە ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی نابینیت بە درێژایی ئەم چەند ساڵە سەرەڕای هەموو دەستێوەردان و کردەوە دوژمنکارانەکانی کۆماری ئیسلامی، تا دەگاتە تۆپ بارانی ناوچە سنوورییەکانی باشوور، بۆ یەکجاریش بووبێت دژایەتیی (لانیکەم تاکتیکی) کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردبێت.

بێگومان هەمیشە ڕۆژهەڵات قوربانیی سیاسەتی حیزبەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بووە و قەد بۆ جارێکیش بووبێت حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بچووکترین هەڵوێستی نانیشتمانییان بەرامبەر بە پارچەکانی‌تر نەگرتووە و ئەوە بەس حیزبەکانی پارچەکانی دیکە بوون کە ڕۆژهەڵاتیان کردووەتە قوربانی، پێوەندیی توندوتۆڵی پێ‌کاکا لەگەڵ ئیران لە ئاراستەی خەساندنی خەباتی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی لە ایەکەوە و کردەوە دوژمنکارانەکانی حیزبەکانی باشووری کوردستان، بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەم دواییانەدا زۆرترین خەساریان بە کوردستانی ڕۆژهەڵات گەیاندووە.

جگە لە حیزبی شیوعی، هەموو پارتەکانی باشوور بە شێوەیەک لە شێوەکان دەستیان بە خوێنی خەباتکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاوێتەیە، لەوانەیە تێوەنەگلانی شیوعیش پێوەندی بە لاواز بوونی ئەو حیزبەوە هەبووبێت ئەگینا ئەویش هەر بە هەمان ئاراستەی حیزبەکانی باشوور لەمەڕ ڕۆژهەڵاتدا دەچوو.

بەر لە جێگیربوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووردا هەڵوێستە دوژمنکارانەکانی قیادە موەقەت، لای کەس شاراوە نییە و دواتریش دوای جێگیربوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور، زۆرترین خەسار لە زۆنی سەوزەوە بەرەوڕووی خەباتکاران و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بووەتەوە، ئەمە لە کاتێکدا بووە کە حیزبەکان و خەڵکی ڕۆژهەڵات بەردەوام لە خزمەت خەڵکی باشوردا بوون و لەگەڵ هەموو مەینەتییەکانی خەڵکی باشور ئەوە خەڵکی ڕۆژهەڵات بوون کە بە هەموو توانایانەوە بە هانای خەڵکی باشوورەوە چوون.

لە دوای جێگیربوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور، حیزبەکانی باشوور بە گشتی و یەکێتیی نیشتمانی و حیزبە ئیسلامییەکانی باشوور بەتایبەتی. هەموو جۆرە هاوکاری و ئاسانکارییەکیان بۆ کۆماری ئیسلامی و تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە بۆ ئەوەی بە هەر شێوەیەک بێت بەرنگاری خەباتکارانی ڕۆژهەڵات ببنەوە، یان ئەوە بووە کە خۆیان ڕاستەوخۆ دەستیان لە شەهید کردنی خەباتکاراندا هەبووە یان ئەوە بووە ئاسانکارییان بۆ تیرۆریستەکان کردووە.

بێگومان خەڵک و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قەد ئەم هەڵوێست و کردەوە نانیشتمانییانەی باشوور چ لە ڕابردوو و چ لەم ساڵانەی دواییدا و هەروەها ڕۆڵی دوژمنکارانەی گوڕان و یەکێتیی نیشتمانی و هەڵوێستە نانیشتمانییەکانی سەرکردایەتیی یەکێتی و هەوڵەکانیان لە ئاراستەی ئاڵۆزترکردنی ڕووداوەکەی گوندی گوندەژۆر و هەروەها هاندانی خەڵک بۆ سووک کردنی هەیمەنەی پێشمەرگەری ڕۆژهەڵات و سووتاندنی مەقەڕ و بارەگاکانی سەرجەم چوار حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکە لەم ڕووداوەدا، لە بیرناکەن.

ئەمانە بەشێکن لە خەیانەتەکانی حیزبەکانی باشوور لە دوای جێگیربوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور بە تایبەتی لە زۆنی سەوزدا:

  • تێرۆر کردنی سەدان کەس لە خەباتکاران، کادر و ئەندامانی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە لایەن بەکرێگیراوەکانی خەڵکی کوردستانی باشوور، لە نەوەدەکاندا. سەرجەم تیرۆریستەکان و بکوژانی ئەو خەباتکارانە، ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانی، بزووتنەوەی ئیسلامی، حسک و حیزبە چالاکەکانی زۆنی سەوز بوون.
  • ئاسانکاری و هاوکاری بۆ تێرۆر کردنی کاک سدیقی کەمانگەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و دواتر بزرکردن و هەناردنەوە و ڕادەستکردنەوەی بکوژی کاک سدیق واتە تیرۆریست تۆفیق گرژاڵی بە کۆماری ئیسلامی.
  • تیرۆر کردنی کاک مەنسووری ڕەشە هەورامی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، و هاوڕێیانی لە دەروازەی کۆیە، لەلایەن حاجی مەسیفی و تیرۆریستەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە یارمەتی و ئاسانکاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
  • ڕادەستکردنەوە پۆلێک پێشمەرگەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هەڵەبجە لە لایەن بزووتنەوەی ئیسلامییەوە بە کۆماری ئیسلامی ئێران.
  • هێنانی تێرۆرسیتەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر سنووری ڕۆژهەڵات-باشوورەوە بۆ سەر مەقەڕەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و تۆپباران کردنی مەقەڕەکانیان لە هەیبەسوڵتانەوە.
  • ڕادەست کردنەوە دەیان تیمی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە کۆماری ئیسلامی لە لایەن بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامییەوە لە زۆنی سەوزدا، بۆ وێنە ڕادەستکردنەوە کەماڵ مەحەمەدیان و چەند هاوڕێی و ئیعدام کردنیان لە زیندانی سنەدا.
  • کێشەسازکردن و دەستبەسەرکردنی تیمەکانی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە کاتی پەڕینەوە و گەڕانەوەیان بۆ کوردستانی باشوور.
  • ڕادەستکردنەوەی سیخوڕەکان نێو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە لایەن ئاسایشەوە بە کۆماری ئیسلامی ئێران.
  • دەستەبەسەرکردن و دۆسیەسازی بۆ خەباتکاران ڕۆژهەڵاتی بە تاوانی نەشیاو لە لایەن ئاسایشی یەکێتیی نیشتمانییەوە، بۆ وێنە دەستبەسەرکردنی نووسەر و ڕووناکبیری ڕۆژهەڵاتیی “کاک بێهزاد خۆشحاڵی” و زیندانیکردنی بە ماوی دوو ساڵ لە زیندانی سلێمانیدا.
  • ئاسانکاری بۆ تیرۆریستەکانی قەرارگای ڕەمەزان و پێوندی لەگەڵ سیخوڕێکی نێو کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بە ناوی عەلی فەتحی و لە ئاکامدا بۆمبڕێژ کردنی مەقەڕەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و دواتریش ڕادەستکردنەوە ئەو تیرۆریستە بە کۆماری ئیسلامی لە لایەن ئاسایشی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە لە شاری سلێمانی.
  • ئاسانکاری بۆ سیخوڕێکی نێو کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و لە ئاکامدا هەوڵ بۆ تیرۆر کردنی ڕەزا کەعبی جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و دواتر ڕادەستکردنەوەی سیخوڕەکە بە کۆماری ئیسلامی لە لایەن ئاسایشی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە لە شاری سلێمانی.
  • ئاسانکاری بۆ چەند سیخوڕێ نێو حیزبی دیموکراتی کوردستان و یارمەتیدان و هاوکاری سیخوڕەکان بۆ بۆمبڕێژکردن و تەقینەوە لە بەردەم قەڵای دیموکرات لە شاری کۆیەدا لە ڕێوڕەسمی شەوی یەڵدای حیزبی دیموکراتی کوردستاندا و ڕادەستکردنەوە تیرۆریستە سەرەکییەکە بە کۆماری ئیسلامی لە لایەن ئاسایشی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە لە شاری کۆیە.

ئەمانە و دەیان کردەوەی لەوچەشنە، خاڵگەلێکی ڕەشن لە مێژووی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا کە بۆ مێژوو تۆمار کراوە و ئیدی یەکێتی نیشتمانی ناتوانێ حاشای لێبکات.

ئێستە لەم هەل و مەرجەدا تاکە ڕێگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەرچوون لەو قەیرانەی کە لانیکەم لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە چاوەدێری دەکرێت، بریتییە لە پێکهێنانی ناوەندێکی بڕیاری هاوبەش لە نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا و دڵخۆش نەکردن بە حیزبەکانی باشوور، بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانی!!، هەروەها گواستتنەوەی مەقەڕەکانیان بۆ سیفریترین خاڵی سنووری کە بە هەموو شێوەیەک لە گوندەکانی باشوور دوور بێت.

بێگومان لەم هەل و مەرجەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو هەوڵی خۆی بۆ خەساندنی خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵات خستووەتەگەڕ و ئیدی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت لەوە تێبگەن کە بەرژەوەندیی حیزبەکانی باشوور قەد لەگەڵ بەرژەوەندیی ئەواندا یەک ناگرێتەوە و پاراستنی دەستکەوتەکانی باشوور و کەمپنشینی بە واتای لە گۆڕنان و زیندەبەچاڵ کردنی زیاتری خەباتی ڕۆژهەڵاتە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت