یەکێتیی نیشتمانی جارێکی تر ڕێگەی بە چوونەوەی تیمێک لە پێشمەرگەکانی حدکا بۆ ناوخۆ گرت

0
2084

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بە چڕی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، بۆ جارێکی تریش، رێگەی بە چوونەوەی تیمێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ناوخۆ گرت.

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵێک کە لە سەرچاوەیەکی بڕواپێکراوی ناو یەکێتیی نیشتمانی بە ناوەندی ڕۆژی کورد گەیشتووە، لە ماوەی ٥ ڕۆژی ڕابردوودا، یەکێتیی نیشتمانی لە ناوچەکانی نێوان هەڵەبجە و پێنجوێن، ڕێگریان لە تیمێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گرتووە.

بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو تیمەی حیزبی دێموکرات، دوای چەند ڕۆژ چاوەڕوانی کردن بۆ پێدرانی ئیزن بۆ چونەوە ناوخۆ، شەوی ڕابردوو، بە ناچاری گەڕاونەتەوە ناو حیزبەکەیان.

تیمەکەی حیزبی دێموکرات، بە نیازبوون بچنەو ەناوچەی کامیاران و جوانڕۆ.

ژومارەی پێشمەرگەکانی ئەو تیمەی حدکا، بە هۆکاری ئەمنیەتی و تەناهی لەلایەن ناوەندی ڕۆژی کوردەوە بڵاو ناکرێتەوە و پارێزراوە.

ساڵی ڕابردووش، یەکیتیی نیشتمانی هەر لەو ناوچەیە، پێشیان بە تیمێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گرتبوو و تەنانەت چەکیشیان کردبوون و دوای ڕاگرتنی پێشمەرگەکان بۆ ماوەی شەوێک لەلای خۆیان، ڕۆژی دواتر چەکەکانیان داونەتەوە.

لە هەمان کاتدا، تیمێکی حیزبی دێموکراتیش لە هاوینی ساڵی ڕابردوودا، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەلایەن تیمی تایبەتیی یەکێتی لە ناوچەی قەڵادزێ گەمارۆ دران و تەنانەت مەترسیی ڕادەست کردنەوە بۆ ئێرانیشیان لەسەر بوو.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ماوەی هاوینی ئەمساڵیشدا، لە ڕێگای ورووژاندنی خەڵکی ناوچەی باڵەکایەتی، هەوڵی ئەوەی داوە تا پاشەکشە بە هیزەکانی ڕۆژهەڵاتی لە سنوورەکانی نیوان کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات بکات.

ڕۆژی سێ شەممە ٧ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، کەسانێک بە ناوی بنەماڵەی کوژراوانی کارەساتی هێرشی چەکدارانە بە بیانووی بڕدرانی ڕەز بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕاگەیێندراوێکیان بڵاو کردەوە کە تێیدا حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە تاوانبار و هۆکاری بۆمباردومان و تۆپبارانی ئەو دەڤەرە ناسێندراوە و پاشەکشەی یەکجارەکیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، وەک مەرجی سەرەکی داندراوە.

لەو کۆبوونەوە ڕۆژنامەوانییەدا کە بەپرسانی یەکێتی لە ڕیزی پێشەوە بوون و ئەو کۆبوونەوە ڕۆژنامەوانییەش بە بەرنامەی ئەوان داندرابوو، جارێکی تر کەسانی دەڤەرەکە بە بێ تاوان و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بە تاوانبار لە قەڵەم درانەوە، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ڕۆژهەڵاتییەکان داوای پێکهاتنی لێژنەیەکی بێ لایەن دەکەن و تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی بێ لایەن ئەنجام نەدراوە.

لە بەشێک لەو ڕاگەیێندراوەدا کە رادەستی قایم مەقامی چۆمان کراوە، هاتووە کە “کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لەجێی هاوخەمی و بەپیلەوەهاتن بۆ چارەسەریی کێشەکە، بەو بیاننامەی کە شەوی یەکەم سەبارەت بەو ڕووداوە بڵاوی کردەوە، برینەکەی قوڵتر کردوونە” کە ئەو بەشە لە ڕاگەیێندراوەکە پێشتر لە بەرنامەکانی ئێن ئار تی ـدا بە بەرفراوانی وروژێندراوە.

مەرجەکانی بڵاوکەروەکانی ئەو ڕاگەیێندراوە بریتی بوون لە:

  • لێکۆڵینەوە و بەسزاگەیاندنی تاوانباران.
  • لێپرسینەوە و دەستگیرکردن و بەسزارگەیاندنی ئەو کەسەی کە فەرمانی تەقەکردنی بە تەقەکەران کردووە.

-بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەو رووداوانە دووپات نەبنەوە و ناوچەکە نەکەوێتە ژێر تۆپبارانی کۆماری ئیسلامی، ئەو هێزانەی ڕۆژهەڵات نەگەڕێنەوە بارەگاکانی گوندەژۆر و گوندەکانی ناوچەی باڵەکایەتی.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.