یۆکیا ئامانۆ بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی کۆچی دوایی کرد

0
1120

ڕۆژی کورد :
ئامانۆ لە ساڵی ٢٠٠٩ بە دواوە بۆ ماوەی سێ دەورەی سێ ساڵە بەرپرسایەتیی ئاژانسی ناوەکی وەئەستۆ بووە و یەکێک لە ئاڵۆزترین بابەتەکانی دەورەی سەرۆکایەتی ناوبراو دووسیەی ناوەکی ئێران بووە.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی تەمووز، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی وڵاتانی ئەندامی ئەم ئاژانسەی لە هەواڵی مەرگی یۆکیا ئامانۆ ئاگادار کرد و قوڵترین پەژارە و کەسەری خۆی لە بابەت ئەم پێشهاتەوە ڕاگەیاند. پێشتر ڕاگەیەندرابوو کە بڕیار وایە ئامانۆ پێشوەخت لە پۆستی سەرۆکایەتی دەسهەڵبگرێت. حەوتووی ڕابردوو ناوەندی هەواڵنێری فەرانسە بە پێی وتەی کۆبوونەوەی دیپلۆماتکارانی ئاژانسەکە ڕایگەیاندبوو کە ئامانۆی تەمەن ٧٢ ساڵ بڕیاری داوە بە هۆی ناسەقامگیربوونی باری تەندروستی پێشوەخت و لە مانگی مارچی ٢٠٢٠ پۆستی سەرۆکایەتی ئاژانس بەجێبهێڵێت و دەست لە کار بکێشێتەوە.
ئاژانس لە پێش دا ئەم هەواڵەی ڕانەگەیاندبوو و تەنیا باسی لە وتووێژی ئامانۆ لە گەڵ ئەنجۆمەنی بەرێوەبەرایەتی ئاژانس کردبوو سەبارەت بە بەرنامە و پرۆسەکانی داهاتووی ناوبراو و بڕیاردرابوو لە کاتێکی گونجاودا بڵاوکراوەیەکی فەرمیی لەم بارەوە بڵاو بکرێتەوە.
ئامانۆ لە ساڵی ٢٠٠٩ بە دواوە وەکوو جێگرەوەی مۆحەممەد ئەلبەرادێعی سەرۆکی پێشووی ئاژانس، لە سەرووترین پۆستی ئەو ناوەندە جێگربوو و بە چەشنی ئاسایی دەبوا دەورانی سەرۆکایەتی ناوبراو لە ساڵی ٢٠٢١ کۆتایی پێبهاتبایە. دوو حەوتوو پێش ئێستا کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجۆمەنی بەڕێوەبەرایەتی بۆ تاوتوێکردنی دەرچوونی قۆناغی ئێران لە ڕێکەوتننامەی ناوەکی بەرجام پێکهاتبوو، ئامانۆ ئامادەی ئەو کۆبوونەوە نەبوو. لە مانگی سپتەمبەری ڕابردوو هاوکات ناوبراو بە هۆی ناسەقامگیربوونی ڕەوشی تەندروستی لە کۆبوونەوەکانی دوو حەوتووانەی ئەم ئەنجۆمەنەدا ئامادە نەبوو و نەهاتبووە ناو کۆبوونەوەکان.
دەورانی بەرپرسایەتیی ئامانۆ یەکێک لە دەورە پڕئاڵۆزەکانی ئاژانس لەوانە لە پێوەندی لە گەڵ کێشەی ناوەکی ڕژیمی ئێران بووە. ناوبراو ماوەیەکی زۆر لە گەڵ ئێران لە سەر گەیشتن بە ئاستێکی بەرچاو بۆ لەناوچوونی دڕدۆنگی و گومانی خراپ لە بەرنامەی ناوەکی ئێران و گونجانی سەردان لە ناوەندەکانی سەربازی ئەم وڵاتە، وەکوو بنکەی پارچین لە مشتوومڕ کردندا بوون. بەرپرسانی دەسەڵاتداری ئێران دەیان جار ناوبراویان بە بەردەستە و دەستەبەری فەرمانەکانی ئامریکا تاوانبار کردبوو. عەلی ئەکبەر وێلایەتی لە مانگی ئایاری ٢٠١٥ بە ناساندنی ناوبراو بە یەکێک لە بێدەسەڵاترین بەرپرسانی ئاژانس لە مێژوو دا تاوانبار کردبوو، کە هەڵسووکەوتەکانی بە پێی وتە و فەرمانی دەسەڵاتدارنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکایە و گوێ لە مشتی ئەو وڵاتەیە.
سەرەڕای هەموو ئەوانەش دوابەدوای واژووکردنی ڕێکەوتننامەی بەرجام ئامانۆ وەکوو داکۆکیکارێکی ڕاستەقینەی ئەو ڕێکەوتنە داکۆکی لە ڕێکەوتننامەکە کرد و دەرچوونی ئامریکای لەو ڕێکەوتننامەیە بە زەبرێکی گەورە بۆ ڕێکەوتنە چەن لایەنەکانی نێودەوڵەتی ناوبرد.
یۆکیۆ ئامانۆ لە دایک بووی ساڵی ١٩٧٤ و دەرچووی بەشی یاسا لە زانکۆی توکیۆ پێتەختی وڵاتی ژاپۆنە و جگە لە زمانی ژاپۆنی زاڵبووە بە سەر زمانەکانی ئینگلیزی و فەرانسەوی دا. ناوبراو ساڵی ١٩٧٢ی زایینی وەکوو وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی ژاپۆن دیاریکرا و چەندین پلە و پایەی جیاوازی لەم وەزارتخانەیەدا وەئەستۆ گرتووە.
لە پۆستەکانی ناوبراو ئەتوانین ئاماژە بە بەڕێوەبەری بەشەکانی زانست و وزەی ناوەکی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی کاروباری زانستی و کونترۆڵی چەک و تەقەمەنی ئەم وەزارەتخانەیە بکەین. ئامانۆ کەسێکی لێهاتوو لە گەڵ ئەزموونگەلێکی زۆر لە بوارەکانی چەک لێئەستاندن و نەهێشتنی بڵاوەکردنی چەکی ناوەکی و هەروەها دانانی سیاسەتی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی وزەی ناوەکی بووە. ناوبراو بەردەوام بەشداری وتووێژ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانی کردووە لە بوارەکانی گەشەپێدانی ئێن پی تی (پەیماننامەی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکی)، کۆنواسیۆنی بەرگری بڵاوبوونەوەی چەکی بایۆلۆژیکی و ژەهراوی(BTWC) و هەروەها پەیماننامەی بەرگری گشتی تاقیکاری ناوەکی (TBTC) و پەیماننامەی چەکە ناسراوەکان و چاکراوەی ئەو پەیماننامە بەشدار بووە.
دوو کەس کە ئەگەری زۆری هەیە ببنە پاڵوێراو بۆ جێگری پۆستەکەی یۆکیا ئامانۆ بریتین لە کۆرنێل فرووتا بەرپرسی باڵای هاوئاهەنگی سیاسەتەکانی ئاژانسی وزەی ناوەکی لە وڵاتی ڕۆمانی و ڕافائێل گرووسی نوێنەری وڵاتی ئاڕژانتین لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکیین.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.