یونسكۆ نەورۆزى بە کۆنترین نەریت و جەژنى جیهان ناساند

0
946

ڕێکخراوى زانستى، ڕۆشنبیرى و پەروەردەیى نەتەوەیە یەکگرتووەکان (یونسکۆ – UNESCO) نەورۆزى بە کۆنترین نەریت و جەژنى مەعنەویى جیهان ناساند.

ئەمڕۆ ٣٠ى نوامبری ٢٠١٦ ڕێکخراوى زانستى، ڕۆشنبیرى و پەروەردەیى نەتەوەیە یەکگرتووەکان (یونسکۆ – UNESCO) لە دانیشتێکیدا لەبارەى تۆمارکردنى نەورۆز وەک کۆنترین جەژنى جیهان ڕایگەیاند، نەورۆز “کۆنترین نەریت و جەژنى مەعنەویى جیهانە”.

بەپێى ڕاگەیاندراوەکەى یونسکۆ جەژنى نەورۆز لە ١٢ وڵاتى (ئەفغانستان، ئازەربایجان، هیندوستان، ئێران، عێراق، قه‌زاقستان، قرقیزستان، پاکستان، تاجیکستان، تورکیه‌، تورکه‌مەنستان و ئۆزبەکستان) لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و قاڕه‌ی ئاسیادا لە ڕۆژى ٢١ى مارس دا بەڕێوە دەچێ.

نەورۆز کە بە ماناى ڕۆژى نوێیە، لە ناو هەندێک لەگەلاندا بە ماناى جەژنى پێشوازیکردن لە بەهار و تێپەڕاندنى وەرزێک و دەستپێکردنى وەرزێکى نوێ بەڕێوە دەچێت.

پێشتر و لە ساڵى ٢٠١٠دا دەستەى گشتیى ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان جەژنى نەورۆزى وەک “جەژنى جیهانى”، کە بۆ سێ هەزار ساڵ لەوە پێش دەگەڕێتەوە، پەسەند کردبوو.

لە ڕاگەیاندراوەکەى یونسکۆدا باسى ئەو حکومەتە فەرمیانە کراوە کە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەندامن و ناویان وەک وڵات تۆمار کراوە، بەڵام لە ناو هەر یەک لەو وڵاتانەدا چەندین گەل و پێکهاتەى تر دەژین کە لە بەر هۆکارى جۆراجۆر خاوەنى دەوڵەت نین، بەڵام بەشێکن لە گەلان و پێکهاتەى ئەو ناوچانە و وەک گەلانى تریش جەژنى نەورۆز بەڕیوە دەبەن.

کورد و نەورۆز

گەلى کورد یەکێکە لەو گەلانە کە هەموو ساڵێک لە ڕۆژى ٢١ى مارس واته‌ی ١ی خاكه‌لێوه‌ دا جەژنى نەورۆز بە چەندین مەراسیم و ئاهەنگى گەورەى جەماوەرى بەڕێوە دەبات.

گەلى کورد جەژنى نەورۆز بە جەژنى نەتەوەیى، جەژنێکى ڕۆشنبیرى و کۆن، جەژنێکى سیاسى، سەرى ساڵی نوێ، ڕۆژى ڕاپەڕین، تێکۆشانى نەتەوەیى و ئازادى دەناسێت.

گەلى کورد هەموو ساڵێک لە یەکەم ڕۆژى بەهاردا دا یادەکان و ئاهەنگى جەژنى نەرۆز لە هەموو بەشەکانى کوردستان، زۆربەى هەرە زۆرى شارەکان و لوتکەى شاخەکاندا بەکردنەوەى ئاگر و هەڵپەڕکێ و بەشێوەى جەماوەری و بە لەبەرکردنى جلوبەرگى کوردى بەڕێوە دەبات.

سەمبول و ڕەمزى هاوبەشى نەورۆز لەناو گەلاندا ئاگرە. ئاگریش لە ناو گەلانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا پێگەیەکى تایبەت و پیرۆزى هەیە.

گەلى کورد لەلایەن حکومەتەکانى عێراق، ئێران، تورکیه‌ و سووریه‌وە لە چەند قۆناغى جیاوازدا جەژنى نەورۆزى لێ قەدەغە کراوە و لەسەر یادکردنەوەى نەورۆزدا لەلایەن گەلى کوردەوە، لە هەر یەک لەو وڵاتانەدا و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە چەندین کەس دەستگیر و زیندانیکراون. سەربارى ئەوەش کورد وەک یەکێک لە کۆنترین و دیڕینترین نەتەوەى ئەم ناوچەیە و سەربارى ئەوەى حکومەتى نەبووە بە بەردەوامى جەژنى نەورۆز وەک بەشێک لە کولتور و کەلەپورى خۆى بەڕێوە بردووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت