یاسادانەرانی ئەمریکا لە هەوڵی گۆڕینی پێکهاتە و بەڕێوەبەریی دەنگی ئەمریکا و ڕادیۆ دان

0
795

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، یاسادانەرانی ئەمریکا بەنیازن لە ماوەیەکی کورتدا، گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە پێکهاتەی دەنگی ئەمریکا و ڕادیۆ فەردادا بدەن.

ئەو گۆرانکارییە بریتی دەبێ لە گۆڕینی بەڕێوەبەریی ئەو ڕاگەیێنانە و درانیان بە کەرتی تایبەت و بەو پێیە چیتر لە کەرتی دەوڵەتیدا نامێننەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا، ناڕەزەیاتیگەلێکی بەرچاو لەمەڕ شێوەی چالاکی و سیاسەتی ئەو میدیا فارسی زمانانە لە ناو خەڵکی ئێران و بەتایبەتی نەتەوە بندەستەکان هاتۆتە ئاراوە و دەگوترێ ڕەوتی ئیسلاح تەڵەبی ئێرانی بەتەواوی خۆیان خزاندۆتە ناو ئەو ڕاگەیێنانە و ئەدەبیاتێکی هاوشێوەی کۆماری ئیسلامیان تێدا بەکار دەبرێت.

پێدەچێ بەڕێوەبەریی دەنگی ئەمریکا و ڕادیۆ فەردا، لە داهاتوویەکی نزیکدا هاوبەش بێت و مەبەستیش لەو کارە خێراتر گەیاندنی هەواڵ و زانیاری و هەروەها وەشانی خێراتری سیاسەتەکانی ئەمریکا بێت.

یەکەم هەنگاوی یاسادانەرانی ئەمریکا لەم پێناوە بریتی بووە لە هەڵوەشاندنەوەی شۆڕای ٩ کەسیی ڕاگەیێنە دەوڵەتییەکانی ئەمریکا کە بە BBG ناسراوە.

لە ئەگەری هاتنە ئارای ئەو گۆرانکاری و جێبەجێ کرانی ئەو بڕیارە، دەنگی ئەمریکا و ڕادیۆ فەردا، ناچار دەبن بەشێکی بەرچاو لە فەرمانبەرەکانیان وەلا بنێن.

لە ئێستادا، ستارە درەخشش، بەڕێوەبەری گشتیی بەشی فارسیی دەنگی ئەمریکایە بەڵام تا ئێستا هێچ دژکردەوەیەکی لە هەمبەر بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە نەنواندووە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت