یارییەکانی یانەی سەرداری بۆکان بەهۆی باری ئەمنییەوە هەڵوەشێندراوە

0
1077

یانەی سەرداری بۆکان، ناسراو بە سەرداری کوردستان، جیا لەوەی کە پشتیوانە سەرەکییەکەی لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە کوژرا، ئێستا خودی یانەکەش بە هۆی کوردستانی بوونی، کەوتۆتە ژێر گوشاری ڕژیمی تارانەوە.

ڕۆژی کورد: یاریی تۆپی پێی نیوان سەرداری بۆکان و شارەوانیی ورمێ کە بڕیاربوو رۆژی پێنج شەممە 5.10.2017 لە شاری بۆکان بەڕێوەبچێت لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی پارێزگای ورمێ ـوە هەڵوەشاوە و هەموو یارییەکانی تۆپی پێی بۆکان بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

سەرچاوەیەکی نزیک بە یانەی سەردار رایگەیاند بەهۆی خۆپیشاندانی هەزاران کەسیی ئەم دوایانەی شاری بۆکان بە بۆنەی رێفراندۆمی باشووری کوردستانەوە و ئەمنییەتیی بوونی کەشی بۆکان، هێزەکانی ئیتلاعات و سوپای پاستارانی ئێران لە هەموو چەشنە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی نیگەران بوون.

هەروەها هێزەکانی حکومەتی ئێران ترسی ئەوەیان لێنیشتووە کە بە بۆنەی یارییەکانی یانەی سەردارەوە، خەڵک بۆ ئازادبوونی گیراوانی ئەمدوایانە جارێکی دیکە بڕژێنە شەقامەکان.

ماوەیەک لەمەوبەریش هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات و سوپای پاستاران لە شاری بۆکان، یاریی دۆستانەی نێوان سەردار و سەیدسادقی باشووری کوردستانیان لە ترسی سەرهەڵدانی خەڵک دژ بە حکومەت، هەڵوەشاندەوە.

یانەی سەرداری بۆکان تاکە یانەی تۆپی پێی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە ئاستی دەستە دووی ئێران دا یاریی دەکات و بە هەزاران هاندەری لە سەر ئاستی رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە.

لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا، ئەبووبەکر لوتفی، پشتیوانی خۆبەخش و لاینگری ناسراوی  یانەی سەرداری بۆکان کە بە سەرداری کوردستانیش ناسراوە، دوای ئەوەی کە لەلایەن چەند هێرشکەرێکی نەناسراوەوە هێرشی کرایە سەر، گیانی لە دەست داوە.

هۆکاری کوشتنی ئەو چالاکوانە وەرزشی و ڕەخنەگرە و لاینگری دڵسۆزەی سەرداری بۆکان، هەتا ئێستا ناڕوونە و پۆلیس ڕایگەیاندووە بە دوای تاوانباراندایە.

بەپێی ئەو هەواڵە، دوو کەسی ماتۆڕسواری نەناسراوەوە، ڕۆژی دووشەممە ۳ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، هێرشیان کردۆتە سەر ئەبووبەکر لوتفی و بە شێوەیەکی دڕندانە پەلاماریان کردۆتە سەری و لە ئەنجامی ئەو پەلامارەدا، ناوبراو گیانی لە دەست داوە و بە ئامادەبوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی بۆکان، بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە ڕۆژی کوردی گوت: “ئەو ماتۆڕسوارانە دوای هێرش کردنە سەر کۆچکردوو ئەبووبەکر لوتفی و لێدان و کوتانی زۆر و دڕندانەی ناوبراو، ژاریان دەرخوارد داوە و هۆکاری سەرەکیی مەرگی ئەبووبەکر لوتفی، دەرخوارد دانی ژار بووە”

ئەبووبەکر لوتفی یەکێک لە چالاکترین و ناسراوترین لاینگران و پشتیوانانی یانەی سەرداری کوردستان بوو کە لە سەرەتای سازدرانی یانەی سەردارەوە بە هەموو شێوەی مادی و مەعنەوی پشتیوانی یانەی “سەرداری کوردستان” بوو.

ئەبووبەکر لوتفی، بەڕادەیەک دڵسۆز و پشتیوانی یانەی سەردار بوو کە هیچ بەرپرسێکی شار لە ڕەخنەی توند و بوێرانەی ناوبراو بێبەش نەبوون. کۆچکردوو لوتفیم تەنانەت چەندین جار ڕەخنەی توند و بوێرانەی لە قەسیم عوسمانیم نوێنەری ڕژیم لە بۆکان و سەرهەنگی سپای تیرۆریستیی قودس و هەموو ئەو کەسانە دەگرت کە بە هەر جۆرێک سەبارەت بە سەرداری کوردستان کەمتەرخەم بوون و هەر بەوبۆنەشەوە چەندین جار لە لایەن ئیتلاعاتەوە بانگێشت کراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت