یادێک لە نەمر، کاکە سوارە ئیلخانیزادە، هەناسەیەکی بەتین بۆ ئەدەبی کورد

0
1777

بەبۆنەی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی سوارە ئیلخانیزادە

سوارە ئیلخانیزادە (١٩٣٧-١٩٧٥) هۆنەر و شاعیری ناسراوی کورد، کوڕی ئەحمەد ئاغای ئیلخانیزادە لە ساڵی ١٩٣٧ لە دێی تورجان لە ناوچەی بۆکان لە دایک  بووە. پاش ساڵێک لە گوندی قەرەگوێز نیشتە جێ دەبن. سوارە خوێندنی سەرەتایی لە لای ماموستای تایبەتی دەست پێ کردووە و پاشان لە بۆکان و تەورێز درێژەی بە خوێندن داوە و لە زانکۆی تاران باوەڕنامە لە بواری مافدا وەرگرتووە.

یەکێک لەو شاعیرانەی کە لە تەمەنێکی کورتدا، توانی جێ پەنجەی خۆی لە ئەدەبیاتی کوردیدا بنەخشێنێت، بە تایبەتیش لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، سوارەی ئێلخانیزادەیە. سوارە لە نێو ئەدەبدۆستان و هاوڕێکانیدا بە کاکە سوارە ناسراوە، زۆرجار لەلایەن رەخنەگرانەوە بە گۆرانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناوی دەبرێت. سوارە توانی لە نوێکردنەوەی شیعری کوردیدا ، رچەشکێنی بکات لە رۆژهەڵاتدا و بەبەردەوامی سێبەری شیعرەکانی سوارە، باڵیان کێشاو بە سەر شیعری کوردی لەو بەشەی کوردستاندا.

شیعر و نووسراوەکانی لە گۆڤارە بە ناوبانگەکانی ئەو سەردەمەی ئێران سۆخەن و کوردستاندا چاپ کراون، ئەوجا لە بەشی کوردی ڕادیۆ تاران دامەزراوە و بۆتە بەرپرسی بەرنامەی تاپۆبۆمەلێڵ. لەو ڕێگایەوە بەشێک لە جوانترین شاکارەکانی ئەدەبیاتی کوردی بە دەنگێکی گەرم و شێوەیکی وەستایانە بڵاوکردۆتەوە، ئەوەش لە کات و زەمانێکدا کە چاپ و بڵاوکردنەوەی ھەر شتێک بە زمانی کوردی زیندان و جەزرەبەی لە دوا بووە.

لە شەوەزەنگی بێ دەنگی دا لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان شیعر و پەخشانەکانی بە تایبەت لە ناو لاوەکاندا بیروھزر درووست دەکا! و تا ئێستاش “دەڵێم بڕۆم لە شارەکەت” و دەیان شیعری تری، هەر ڕازێنەرەوەی کۆڕ و کۆبوونەوە و بکەرەوەی کوڵی دڵی ئەڤیندارانن.

“ خەوە بەردینە‌ ، شار، کچی بەیان“ ئەسکەندەر شاخی ھەیە، کەویار“ تاکە شیعر و پەخشانی  بەناوبانگن، شانۆنامەی “ سەیدەوان“ و لێکۆڵینەوەکانی لە مەڕ ئەدەبیاتی کوردی بە تایبەت ئەدەبیاتی زارەکی کوردی لە تەک شیعرەکانی فارسی دا ھێز و توانای شاعیر و نووسەر و ڕووناکبیرێک دەنوێنن کە جێگای ھەردەم سەوز دەمێنێ.

لە ڕووی سیاسییەوە، لەگەڵ ئەوەی، کاکە سوارە، کوڕی عەشیرەتە و سەر بە بنەماڵەیە و خۆی گوتەنی “گۆچی تاوی گه‌رمی به‌رده‌واره‌که‌ی عه‌شیره‌تل به‌ داره‌ ته‌رمی کووچه‌کانی شا‌ره‌که‌ت ڕانه‌هاتووه‌ له‌شم” بەڵام ئەو کەسێکی چەپ و ئازدیخواز بووە، هاوکات کەسێکی نیشتیمانپەرەوە بووە، شانبەشانی هەژارانی کوردستان دژی چەوساندنەوەی چینایەتی و نەتەوەیی وەستاوەتەوە و هەر ئەوەش وایکردووە “بچێتە دێ کە مانگەشەو بزێتە ناو بزەی”.

سوارە بە منداڵی تووشی نەخۆشی دەبێ و پاش سێ ساڵ لە جێگادا کەوتن، ژیان لە ئامێز دەگرێتەوە، بەڵام ژان لە ھەموو ساڵەکانی ژیانیدا لە گەڵی گەورە دەبێ! زیندان و زیندانبانەکانی ڕژیمیش لەشی تێک دەشکێنن، ھەتا سەرئەنجام لە نێوان ڕێگای ئێدارەی ڕادیۆ و تەلەوزیۆن و ماڵەکەیدا لە لایەن ھاوکارێکی خۆیەوە بەر ماشێن دەدرێ و چەند رۆژ پاشان لە زستانی ١٣٥٤(١٩٧٥) دوادەمەکانی ژیانی تەواو دەکا و بەرەو بۆکان دەیگەڕێننەوە و لە گومبەزی گوندی حەمامیان لە سەر بەرزاییکی وەک نالەشکێنە بەخاکی دەسپێرن، زیرەک و سوارە لە سەر دوو بەرزاییەوە دەڕواننە یەک .سوارەی ژین کورت بە تەمەن درێژی لە ناو فەرھەنگ و ئەدەبیاتدا دەمێنێتەوە، بە تایبەت ئەدەبیاتی گەلەکەی خۆیدا.

لەو لینکەدا دەتوانن شیکاریەکی بەنرخ لەسەر شیعرەکانی سوارە بخوێننەوە.

یەکێک لە هۆنراوە بەرزەکانی سوارە، “بۆ ٢ی ڕێبەندان”ـە کە بە بۆنەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان هۆنیویەتییەوە:

یرەوەریی دووی ڕێبەندان
دەمخاتە سەر بەستە و بەندان
ڕێبەندانی ڕێنوێنە
لە داگیرکەر سەرشێوێنە

ھەڵات ھەڵات لە ھەموو دیاران
پێ پلیکەی دێو، تەختی تاران‌
دوژمنی کورد جێ پێی لێژە
با بگێڕین گەڕەلاوێژە
ھۆ ھۆ شوانە بە نەغمەی تەڕ و پاراووت
بە بلـوێری لە خەم و دەردا سووتاوت
بارووژێنە گیانی خەوتووی گەزیزەی ھەرد
بە (سوارۆ)ێک، بە (حەیران)ێک، دامرکێنە بڵێسەی دەرد
ھۆ ھۆ جووتێر چەوساوەی خەمان
خاڵە! ڕێبواری خەیاڵت نیشتەجێ بوو
خەمان نەمان
بە ئارەقی نێو چاوانی بەرز و تەرزی کرێکارانت
چناری ھیوا باشین بێ
لە کۆزی ڕووی دەردەدارانت
ئەی کچی جوان!
ئەی یەزدانی داوێن پاکی!
دیلانی بگێڕە
بەسەر چوو
دیلـی و زەلیلـی و خەمناکی
ئەو ھەوری یەی لە دەوری دارت پێچاوە
لە دەوری دەستت ھاڵێنە
بە دەم سووڕانی سەماوە
شایی دەگەڕێ لە ھەموو دێیان
گیان ھاتوەتە ئاسۆی گوێیان
دیلان دەگەڕێ لە ھەموو ماڵان
پیرۆزبایی لە ھاواڵان
* *
. . . ڕێبەندان!
بەو زستانەم دڵ بەھارە
لە ھەموو سنووران ھاوارە
لە دوژمنان ڕێبەندانە
بۆ کوردەواری گۆوەندانە
شایی نەدار و ھەژارە
ئەوجار ھەژار خۆی سەردارە
مەڵبەند بەھاری تێزاوە
«قازی» ‌مەزن ھەروەک کاوە
ھێزی کۆمەڵی لەپشتە
ھەودای خاوی ھیوا گشتە
قورینگ چلـەی زستان دەبڕن
چاویان لە کوردستان دەبڕن
بە پۆل گوڵی لە شەتاوان
دەخەمڵێنن دەم چۆماوان
بیستوومە لە کۆنەپیاوان
سەرگوریشتەی خاوەن ناوان:
«لە سەخڵەتا خۆشیی دیارن
ھەر زۆرە کوژەی زۆردارن» ‌
نەزیلـەی باپیران وایە
«شەو بۆ مێردان وەک قەڵایە»
شەوەی شەو لەشی گوشیبووین
ڕێبەندان ڕێگای تەنیبووین
گیانمان خارا بە دەرد و ئێش
ڕێگای ئازادین گرتەپێش
پاش چەند ساڵ لە نوور دووریمان
ھەڵبوو چرای جەمھووریمان
با بگێڕین زەماوەندێ
با بۆتان بڵێم سەربەندێ
ئەوجار چینی فەلا و کرێکار
قەت ناڵێن خۆزگەمان بەپار
دەری ھاویت تۆــ وی دژی
ڕەنجبەر بژی
بژی
بژی
سوارە ئیلخانیزادە

 تاران، ڕێبەندانی ١٩٦٨

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت