یادێک لە مامۆستا هەژار موکریانی شاعیری نەتەوەیی کوردستان

0
3156

ڕۆژی کورد: بە بۆنەی ساڵڤەگەری کۆچی دوایی مامۆستا هەژار موکریانی

بە کوردی دەژیم بە کوردی دەمرم
بە کوردی دەدەم وەرامی قــەبرم
بە کوردی دیسان زیندوو دەبمەوە
لەو دونیاش بۆ کورد تێ ھەڵدەچمەوە

مامۆستا هەژار موکریانی

عەبدوڕڕەحمان شەڕەفکەندی کوڕی مەلا محەممەدی بۆر لە ساڵی 1300ی هەتاوی لە گوندی تەرەغەی شاری مەهاباد (ئێستا سەر بە بۆکان) لە دایک بووه و لە ناو کۆمەڵی ژ.ک ـدا بە ناوی هەژار ناو و بانگی دەرکردووه. ھەژار برای گەورەی سادق شەرەفکەندی سکرتێریی گشتیی پێشووتری  حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو و شەوی یەکەمی ڕەشەمەی زستانی ساڵی 1369ی هەتاوی لە شاری کەرەج کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی شاعیرانی شاری مەهاباد, لە تەنیشت هۆنەری پایەبەرزی کورد, مامۆستا هێمن نێژراوه.

“عەبدولڕەحمانی شەرەفکەندی” کوڕی حاجی مەلا محەممەد بووە و لە ساڵی ١٩٢٠دا لە مەھاباد لە دایک بووە و بە لاویەتی لەگەڵ بنەماڵەکەی چوونە تەرەغە. لە ساڵانی سەرەتایی ژیاندا لە لای باوکیدا و دواتر لە مەکتەبخانەکاندا و لە بە دەست چەند کەس لە مامۆستا ئایینیەکان، دەرسی گولستان و بووستانی سەعدی خوێندوە. بەڵام بە پێی ئەو شتەی کە لە چێشتی مجێوردا باسی دەکات،  دەستکەوتێکی زۆر کەمی بووە. باوکی ھەژار کەسایەتیەکی خوێندەوار بووە و زانیویەتی بە کوردی بخوێنێت و بنووسێت، ھەر ئەمەش ھانی داوە کە کوڕەکەی خۆی (ھەژار) ھەر لە تەمەنی پێنج ساڵانەوە ئاشنا بە خوێندنەوە و نووسین بکات و دواتریش بینێرێتە مەکتەب و حوجرە. لە ساڵی ١٩٤٠ دەستی بە هۆنراوە وتن کردووە و هۆنراوەکانی ئەحمەدی خانی، وەفایی و مەلای جزیری کاریگەری لە سەر ھەستی بووە.

ھەژار ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان، تێیدا ئەندام بووە و بەشداری کارە حیزبییەکانی داوە. ئەو بڕوایەکی زۆر بە تینی بە ئامانجەکانی ژ.ک. بووە چون لە دوای ئەو ھیچ کات لە ھیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسیدا بە فەرمی نەبووەتە ئەندام. ھەژار لە کۆماری کوردستان‌دا دەوری ھەبووە و لەگەڵ ھێمن لە لایەن کۆمارەوە بە «هۆنراوەوانی نەتەوەیی کوردستان» دەناسرێن. دوای تێکچوونی کۆماری مەھاباد لە ئازاری‌ ١٩٤٧دا مەجبوور بە جێ‌ھێشتنی وڵاتی ئەبێ و ماوەی ٣٠ ساڵ لە باشووری کوردستان و دواییش لە شاری بەغدا نیشتەجێ بووە. لە پایزی ١٩٤٧ بۆ چارەسەر کردنی نەخۆشیی سیل بوو، دەچێتە لوبنان و دوای چاکبوونەوەی دەگەڕێتەوە عێراق ، پاشان جارێکی تر لە حکومەتی ئەوسای عێراق قاچاخ دەبێ، بەرەو سوریا ڕادەکات، و ماوەیەک لە سووریا دەمێنێتەوە دوای ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بە سەرکردایەتی مستەفا بارزانی و لە ساڵی ١٩٦١دا، ھەژار دەچێتە پاڵ شۆڕشەکە. کاتێک ڕێککەوتتنامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ لە نێوانی سەرکردایەتی شۆڕشی کورد و حکومەتی عێراق مۆرکرا، ناردرا بەغدا بۆ ڕێکخستنی کاروباری یەکێتی نووسەرانی کورد کە تازە لە ١٠ی شوباتی ١٩٧٠دا دامەزرا بوو، لە کۆنگرەیەکەی ئەو یەکێتییە بە سەرۆکی دەستەی بەڕێوبەر ھەڵبژێردرا و لە ھەمان کاتیشدا کرا بە ئەندام لە کۆڕی زانیاری کورد و توانی لە ساڵی ١٩٧٢دا پەرتووکی شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی لە فارسییەوە بکاتە  کوردی و لە چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد چاپی بکات.

لەدوای بە ئاکام نەگەشتنی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥دا ڕۆشتە شاری کەرەجی ئێران و تا کۆتایی ژیانی (ساڵی ١٩٩١) لەوێ مایەوە. ھەژار لە ژیانیدا گەلێ تاڵی و ئاوارەیی کێشاوە. دوای مردنی تەرمەکەی بەرەو موکریان ھێندراوە و لە گۆڕستان شاعیرانی شاری مەھاباد بە خاکی کوردستان ئەسپێردرا.

لەسەر گڵکۆی مامۆستا هەژار ئەم شیعرە بەرزە بەرچاو دەکەوت:

لاوەکان گەورەکچان نازداران

دڵبەران،دڵتەڕەکان،دڵداران
دەمەڕۆن تاوێ بمێنن لێرە
فاتحایێکی بخوێنن خێرە
لە نێو ئەم گۆڕە هەژار نێژراوە
زۆر لەڕێی ئێوە جەفای کێشاوە
ژینی خۆی کردە فیدای خۆشی کورد
لە ڕێی ئازادی بە ناکامی مرد
تو خودا کاتێ کە ئازادی و سەند
ڕەگەزی خۆێن مژەکان و هەڵقەند
کیژو کوڕ هەرچی بەلاما لادا
پێم بڵێ و پایێ بە قەبرم دادا
ئەی هەژار بەسیەتی مردن هەستە

موژدە بێ مەوتەنەکەت سەربەسته

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت