گەڵاڵەکانی نوێنەرانی کۆنگرێسی ئامریکا بۆ بەرگری هەناردەی چەکوچۆڵ بۆ عەرەبستان

0
862

رۆژی كورد :
نوێنەرانی دێموکرات و ژمارەیەک لە نوێنەرانی کۆماریخوازی کۆنگرێسی ئامریکا هەوڵیان داوە بۆ بەرگری کردن لە ساتووسەودای چەک و تەقەمەنی ٨ ملیار دۆلاری ئامریکا لە گەڵ وڵاتانی عەرەبستانی سعوودی و ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی. ترامپ فرۆشتنی تەقەمەنی بە وڵاتی عەرەبستانی بە بێ رەزامەندی و دەنگی کۆنگرێس پەسەند کردووە.

دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا پێداگرە لە سەر فرۆشتنی چەک و چۆڵ و گواستنەوەی تەکنۆلۆجیای ناوەکی بۆ عەرەبستانی سعوودی. ئێستا باس لەوە دەکرێت کە نوێنەرانی دێمۆکراتی کۆنگرێسی ئامریکا هاوڕێ لە گەڵ ژمارەیەک نوێنەری کۆماریخواز گەڵاڵەیەکیان بۆ بەرگری لە هەناردەکاری چەک و تەقەمەنی بۆ وڵاتانی عەرەبستانی سعوودی، ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ئۆردۆن ئامادە کردووە.
هەواڵنێری ڕۆیتێرز ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٥ ی حوزەیران بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ئاماژەی بە هەوڵەکانی نوێنەرانی کۆنگرێس دا بۆ دژایەتی لە گەڵ فرۆشتنی چەن ملیار دۆلار چەک و تەقەمەنی بە وڵاتی عەرەبستان لە لایەن دەوڵەتی سەرۆک ترامپەوە. دۆناڵد ترامپ بە ڕاگەیاندنی بارودۆخی نائاسایی و بە ئاماژە بە هەڕەشە سەربازیەکانی چالاکیەکانی ڕژیمی ئێران بە بێ رەزامەندی و دەنگی کۆنگرێس ڕەزامەندی خۆی دەربڕیووە لە گەڵ فرۆشتنی زیاتر لە ٨ ملیار دۆلار چەک و چۆڵ بە وڵاتانی عەرەبستانی سعوودی، ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ئۆردۆن.
هەواڵنێری ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتەکەی خۆی دا بە دووپاتکردنەوەی سەرچاوەکانی پاڕلەمانی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە یەکەمین گەڵاڵە بۆ بەرگری لە فرۆشتنی چەکوچۆڵ بۆ عەرەبستان لە ڕۆژانی داهاتوودا ئاراستە دەکرێت. دەوڵەتی ئامریکا ڕۆژی ٢٤ ئایار بە ڕاگەیاندنی بارودۆخی نائاسایی لە گەڵ جێبەجێکردنی ٢٢ دانووستان و ساتووسەودای چەک و تەقەمەنی ڕەزامەندی خۆی دەربڕیبوو. ئەم بڕیارەی دەوڵەتی ترامپ تووڕەبوونی نوێنەرانی هەر دوو حیزبی دێموکرات و کۆماریخوازی بە دوای خۆی دا هێنا. ئەوان لە سەر ئەو بڕوایەن کە سەرۆک ترامپ بەم کردەوە ڕەوایی و دەسەڵاتی کۆنگرێس دەباتە ژێر پرسیار.
یەکێک لە هەنگاوەکانی نوێنەرانی کۆنگرێس پێداچوونەوەیە لە یاسای پشکنینی هەناردەکردنی چەک و چۆڵ دەرچووی ساڵی ١٩٧٦. ئەم یاسایە مافی ئەوە ئەدات بە سەرۆک کۆماری ئامریکا کە بە ڕاگەیاندنی بارودۆخی نائاسایی بە بێ ڕەزامەندی و دەنگی کۆنگرێس هەنگاو هەڵبێنێت بۆ هەناردەکردنی چەک و تەقەمەنی. نوێنەرانی کۆنگرێس بە تەمای ئەوەن سنوورێکی نوێ دیاری بکەن بۆ دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار و ئەو مافە تەنیا لە بابەتەکانی بە تەواوی نائاسایی ڕێگەپێدراو بزانن.
هاوکات ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٥ ی حوزەیران هەواڵنێری فەرانسە بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک باسی لە دەربڕینی ناڕەزایەتی نوێنەرانی پاڕلەمانی ئامریکا کردووە سەبارەت بە ڕەزامەندی دەوڵەتی ترامپ لە هەمبەر گواستنەوەی تەکنۆلۆجیای ناوەکی بۆ عەرەبستانی سعوودی. تیم کین سەناتۆری دێموکرات ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٤ ی حوزەیران بە دووپاتەکردنەوەی وەزارەتی وزەی ئامریکا وردەکاریەکانی سەبارەت بە ڕێکەوتنامەی گواستنەوەی تەکنۆلۆجیای ناوەکی بۆ وڵاتی عەرەبستان ئاشکرا کرد.
باس لەوە دەکرێن دەوڵەتی ئامریکا دوو جار دوای تێرۆری جەماڵ خاشۆقچی (رۆژنامەنووسی بە ڕەچەڵەک عەرەب دانیشتووی وڵاتی تورکیە) ڕەزامەندی دەربڕیووە لە سەر داخوازی کڕینی تەکنۆلۆجیای ناوەکی لە لایەن عەرەبستانی سعوودیەوە. جاری یەکەم ڕێکەوتی ١٨ ئۆکتۆبەری ساڵی زایینی ڕابردوو تەنیا ١٦ ڕۆژ دوای کوشتنی خاشۆقچی بووە و جاری دووهەم کە دەوڵەتی ترامپ ڕەزامەندی خۆی دەربڕیووە لە هەمبەر پێدانی تەکنۆلۆجیای ناوەکی بەو وڵاتە، ١٨ شوباتی ئەوساڵ بووە. تیم کین کە ئەندامی ڕێکخراوی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجۆمەنی سەنای ئامریکایە لە مانگی مارتی ئەوساڵەوە هەتا ئێستا چەن جار داوای ڕوونکردنەوەی کردووە لە وەزارەتی وزەی ئامریکا لە هەمبەر ئەم بابەتەوە. ئەو ڕایگەیاندووە وەزارەتی وزەی تا ئێستا ئامادە نەبووە بۆ هاوکاری لە گەڵ نوێنەرانی پاڕلەمان و وەڵامی داخوازەکانی نەداوەتەوە یان دوای دوو مانگ کاردانەوەی بووە بۆ داخوازی نوێنەرانی پاڕلەمان.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.