گەمارۆی نوێی ئەمریکا بۆ سەر ڕووسیە و سووریە

0
811

ڕۆژی کورد: وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە ڕاگەیێندراوێکی نوێدا، چەند بەرپرسی حکومەتی بەشار ئەسەد و هەروەها بەرپرسانی بانکێکی ڕوسی، خستە ناو لیستەی گەمارۆکانی خۆی.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی فەرانسە، لەو لیستەدا، شەش بەرپرسی کابینەی بەشار ئەسەد دەبیندرێن کە لە ناویاندا مەئموون حەمدان، وەزیری ئابووری، عەلی غانم، وەزیری نەوت و درید دەرغام، سەرۆکی بانکی ناوەندیی سووریە، بەدیدەکرێن.

هەروەها هێڵی هەوایی شام وینگزی سووریەش بە تاوانی راگواستنی چەکدارە بیانییەکان بۆ ناو سووریە و بە مەبەستی بەشداری لە شەڕی ناوخۆیی، لەو لیستە دان.

هەروەها ڕامی مەخلووف، کە بە گوێرەی ئەو ڕاگەیێندراوە، یەکێک لە کەسانی پەیوەندیدار بە بەشار ئەسەدە و بەرپرسیارەتیی ڕاگواستنی نەوت لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی داعش ـی لە ئەستۆیە، لەو لیستەدایە.

لەو لیستەدا، هەروەها ناوی ٩ کەسایەتیی دەستەی بەڕێوەبەریی بانکی ڕووسیی تێمپ بانک، بەرچاو دەکەوێ کە تاوانی دابین کردنی خزمەتگوزاریی ماڵی بۆ بەشار ئەسەدیان خراوەتە پاڵ.

تێمپ بانک کە بڕیارە لقێکی خۆی لە قیشم ـی ئێران بکاتەوە، پێشتریش لە ناو لیستەی گەمارۆکانی ئەمریکادا بووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت