گۆڕانکاریەکانی دەوڵەتی ترامپ و داهاتوویەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا

0
636
ئامانج زیبایی

بە بڕیارێکی دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، دوو کەسی ناسراو و سەرکەوتوو لە کارەکانیاندا (پەمپئۆ- بۆڵتۆن) پۆستی وەزیری دەرەوە و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی کۆشکی سپی ـیان پێسپێردرا.

ئەم ئاڵوگۆڕیە گرنگە لە کاتێک دایە کە، بۆ ئامریکا پێوەندییەکانی لە گەڵ چین و ڕووسیە لە ڕیزبەندیی یەکەمی سیاسەتەکانی دەرەوە و سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی بەرگریی ئامریکادا خۆی دەنوێنێ.

دوو بابەتی تر کە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ئاسیادا بۆ ئامریکا بۆتە بابەتێکی گرنگ  و هەستیار کە ئەویش چەکی ناوەکیی کۆریای باکوور و کۆماری ئیسلامیی ئێرانن کە لە دانانی پەمپئۆ و بۆڵتۆن هۆکارێکی سەرەکی بوون.

ناکۆکیی نێوان تاران و واشینگتۆن تەنیا بە بابەتی ناوەکیی ئەو وڵاتەوە گرێ نەدراوە بەڵکوو کۆمەڵێک هۆکار( بابەتەکانی نەوت، کەنداو، زیاتربوونی دەستێوەردانەکانی ئێران لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل) بەشێکن لەم ناکۆکیانە کە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی کۆشکی سپی ڕاستەوخۆ لە گەڵی ڕووبەروون.

ئەوەی کە ئەم بابەتەی ئاڵۆزکردووە، ئەوەیە کە ئەم ناکۆکیانە وەک ئاڵقەی زنجیر بە یەکەوە تەنراونەتەوە و پێوەندیی نێوان ئێران و دوو لەو وڵاتانەی شۆڕای ئاسایشی خاوەن مافی ڤێتۆ( چین و ڕووسیا)ـیە. بۆیە بابەتی ئێران لە بابەتەکانی تر هەستیارترە و دانانی پەمپئۆ و بۆڵتۆن بۆتە هۆکارێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی کاربەدەستانی سیاسی و سەربازی لەئێراندا.

پێشتریش کە مایک پەمپئۆ، بەرپرسی (CIA) بوو، لە مەڕ دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوراستدا پەیامێکی بۆ قاسم سولەیمانی ناردبوو. بۆیە هەر لە داوی ناساندنی مایک پەمپئۆ وەک وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە لایەن سەرکۆمار ترامپەوە و لە یەکەم لێدوانی ترامپ حکومەتی ئێرانی وەکوو سەرچاوەی سەرەکیی پشێووی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین ناونا.

شێوەی بیرکردنەوەی مایک پەمپئۆ بەتایبەتی لە سەر ڕێکەوتنەکی نێوان ئێران و ئامریکا کە ناسراوە بە (5+1)، زۆرلە بیرکردنەوەی ترامپ نزیکە.

لە دوای دیاری کرانی پەمپئۆ وەک وەزیری دەرەوەی ئامریکا، جان بۆڵتۆنیش هاتە جێگای مەک مەستێر و بوو بە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی کۆشکی سپی. جان بۆڵتۆنیش هاوشێوەی پەمپئۆ بەوە ناسراوە کە خوازیاری هەڵسوکەوتی زۆر توندە بەرامبەر بە ئێران و دەڵێت، “ئێرانێکی بە بێ حوکمڕانی دەسەڵاتدارانی ئێستای دەوێت” و ئێران بە سەرچاوەی ئاژاوە و مەترسیەک بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناوزەد کرد.

لە دوای دەست بە کار بوونی مایک پەمپئۆ و بۆڵتۆن، ئەگەری گۆڕانکاری یان چوونەدەری ئامریکا لە ڕێکەوتنی 5+1 زیاتر بوو، هەر لەم پێوەندییەدا وەزیری دەرەوەی ئاڵمان و فەڕانسە سەردانی ئیسرائیل ـیان کردووە، تەنانەت مێرکل لە دوایین چاووپێکەوتنی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە سوئیس، لە مەڕ مەترسییەکانی هەڵوەشاندنەوە ڕێکەوتننەکەی 5+1 و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی تر لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا هۆشداری داوە بە نتانیاهۆ.

دیاری کرانی پەمپئۆ و بۆڵتۆن کاردانەوەی بەرپرسانی ئێرانیشی لێکەوتەوە، عەلائەدین بروجێردی سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلمانی ئێران، ڕایگەیاند کە ئامریکاییەکان بەنیازن گوشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر بکەن و پێشنیاری کرد کە پێوەندیەکانی ئێران لە گەڵ چین و ڕووسیە پەرە پێبدەن، ( لە مانگی ڕەشەمەدا، ڕووسیە بڕیارنامەی شۆڕای ئاسایشینەتەوە یەکگرتووەکانی لەمەڕ ئێران کە لە لایەن بریتانیاوە پێشنیارکرابوو ڤێتۆ کرد).

هەروەها جیهانگیری، جێگری یەکەمی ڕووحانیش لە پێوەندی لە گەڵ ئەم بابەتەوە ڕایگەیاند کە ئامریکا بۆ تاران وڵاتێکی جێگای متمانە نیە.

ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکرێت چاوەڕوانی بین، زیاتر کردنی گوشاری ئامریکا و هاوپەیمانەکانی ئەو وڵاتەن بۆ سەر ئێران وزیاتر کردنی گەمارۆ ئابووریە کان و هەروەها زیاتر بوونی ناکۆکیەکانی ئێران لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و سنووردارکردنی دەستێوەردانەکانی ئێرانە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا.

لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئێران و ئامریکا، ڕێکەوتننامەی 5+1 بۆ خۆی بە هەڵوەشاوە ئەژمار دەکرێت و پێش بە دوو کەرت بوونی هاوپەیمانان دژی ئێران دەگیردرێت.

لە کۆتاییدا، نابێت بارودۆخی ئابووریی ئێستای حکوومەتی تارانیش لەبەرچاو نەگرین کە تووشی جۆرێک لە داڕمان هاتووە و ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ نرخی دراوی ئەم وڵاتە لە داکشان دایە و نرخی شتوومەک لە هەڵکشان دایە، ئەم بارودۆخە ئەگەری هەڵگیرسانی شۆڕشێکی جەماوەری لە ناوخۆی ئێرانیشی زیاترکردووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.