گرژبوونی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان ئامریکا و تورکیە لەمه‌ڕ كڕینی سیستەمی بەرگریی ڕووسی

0
786

رۆژی كورد :
لە درێژەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئانکارا و واشنگتۆن، ئامریکا هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە وڵاتی تورکیە بە تەواوەتی لە پرۆگرامی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێف.٣٥ لابدات. پێداگری تورکیە بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری دژە مووشەکی ئێس.٤٠٠ لە ڕووسیە ئاڵۆزییەکانی نێوان هەر دوو ئەندامی پەیمانی ناتۆ  قووڵتر کردووە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا وەکوو دوایین بڕیار بە تورکیەی ڕاگەیاندووە ئەوپەڕی هەتا کۆتایی مانگی داهاتووی زایینی پاشگەزبوونەوەی خۆی لە کڕینی سیستەمی بەرگری دژە مووشەکی ئێس.٤٠٠ لە وڵاتی ڕووسیە ڕابگەیەنێت. بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری فەرانسە وەزارەتی بەرگری ئامریکا پێنتاگۆن ڕۆژی ڕابردوو جۆمعە ڕێکەوتی ٧ی حوزەیران ڕایگەیاندووە لە ئەگەری ئەوەی ئانکارا ئەم داخوازە لە ماوەی دیاریکراودا جێبەجێ نەکات، ئەوا کۆمەڵێک بایکۆت دژی تورکیە دابین دەکرێت.
پێنتاگۆن هۆشداری داوە ئەگەری ئەوە هەیە لە گەڵ کۆتایی هاتنی ئەوە ماوە دیاریکراوە فڕۆکەوانانی تورکیە کە بۆ ڕاهێنانی فڕین بە فڕۆکە شەڕکەرەکانی نوێی ئێف.٣٥ لە وڵاتی ئامریکا ماونەتەوە ناچار بکرێن ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن و بگڕێندرێنەوە بۆ تورکیە. بڕیار وایە ئەم فڕۆکە شەڕکەرانە بخرێنە بەردەس وڵاتانی ئەندامی پەیماننامەی باکووری ئاتلانتیك(ناتۆ).
وەزارەتی بەرگری ئامریکا ئاماژەی پێکردووە جیا لەم بابەتە کۆتایی بەشدارینەکردنی درێژخایەنی کۆمپانیاکانی تورکیە لە بەرهەمهێنانی فرۆکە نوێ شەڕکەرەکانی ئێف.٣٥ هەڵوەشاوە نابێت! پاتریک شاناهان بەرپرسی وەزارەتی بەرگری ئامریکا لە کۆبوونەوەی لە گەڵ هەواڵنێران دا باسی لەوە کردووە پێنتاگۆن ئەم بڕیارەی بە پێی نووسراوی فەرمیی بە هاوتای تورک زمانی خۆی خۆلوسی ئاکار ڕاگەیاندووە. ئەو هەروەها ئەوەشی زیاد کرد لە ئەگەری گوێڕایەڵ نەبوونی ئانکارا، دەوڵەتی ئامریکا بێجگە لە ڕاگرتنی خولی فێرکاری فرۆکەوانانی تورکیە بەرگری ئەکات لە پێدانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی جۆری ئێف.٣٥ بەم وڵاتە. تورکیە تا ئێستا داخوازی کڕینی بڕی ١٠٠ فڕۆکە لە جۆری ئەم فڕۆکە شەڕکەرە زۆر پێشکەوتووانەی ئاراستەی کۆمپانیای ئامریکایی لاکهید مارتین کردووە.
وڵاتی ئامریکا و ئەندامانی دیکەی ناتۆ نیگەرانی دەست پێڕاگەیشتنی ڕووسیان بە زانیارییە نهێنیەکانیان سەبارەت بە فڕۆکە شەڕکەرەکانی بە کارهاتوو لە لایەن ئەندامانی پەیمانی ناتۆ لە ڕێگای سیستەمی بەرگری ئێس.٤٠٠ەوە. واشنگتۆن خوازیاری ئەوەیە تورکیە بە جێگای سیستەمی بەرگری ڕووسی سیستەمی بەرگری دژە مووشەکی ئامریکایی ناسراو بە پاتریۆت بە کار بهێنێت.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیە جەختی تەواوی هەیە لە سەر ساتووسەودای چەکوچۆڵی لە گەڵ وڵاتی ڕووسیادا و ئەڵێت ئانکارا بە تەمای ئەوە نیە بەڵێنەکانی خۆی سەبارەت بەم بابەتە لە گەڵ مۆسکۆ هەڵوەشێنێتەوە. لەم نزیکانەدا ئەردۆغان ئاماژەی پێکردبوو مۆسکۆ پێشنیاری زۆر بەرچاوتری خستووەتە بەردەست وڵاتەکەی سەبارەت بە کڕینی سیستەمی بەرگری دژەمووشەکی.
کۆمپانیای ڕووسی بەرهەمهێنەری سیستەمی ئێس.٤٠٠ باس لەوە دەکات یەکەمین وەجبەی ئەم کەرەستانە تا دەوروبەری ٢ مانگی دیکە ڕادەستی تورکیە دەکرێت و ڕێکەوتنەکانیان لە گەڵ ئانکارا لەم پێوەندییەدا ئەکەوێتە بواری جێبەجێ کردن.
وەزیری بەرگری تورکیە نزیکەی دوو حەوتوو پێش ئێستا ڕایگەیاند هێزە سەربازییەکانی ئەم وڵاتە خولی فێرکاری سیستەمی ئێس.٤٠٠ یان لە وڵاتی ڕووسیە دەست پێکردووە. لە ئەگەری ڕادەست کردنی ئەم سیستەمە جێگای مشتوومڕە بە پێی پرۆگرامی ڕاگەیەندراو لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا، پێدەچێت دامەزراندن و وەگڕخستنی لە پاییزی ئەمساڵدا جێبەجێ بکڕێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.