کەڵکاژۆی ڕژیم لە سنوورنشینان لە بەرەبەری هەڵبژاردن و هەروەها دوای خەبای چەکداری لە کوردستان دەستی پێکردەوە

0
699

ڕۆژی کورد: لە حاڵێکدا بەشێکی بەرچاو لە قوتابخانەکانی کوردستان لە سەرمای سەختی زستاندا سووتەمەنییان نیە و قوتابی و بنەماڵەکانیان ناچارکراون خۆیان سووتەمەنی دابین بکەن، لە بەرەبەری هەڵبژاردن و بۆ پەلکێش کردنی خەڵک بەرەو سەندووقەکانی دەنگدان و لەبیربردنەوەی بەڵێنە جێبەجێ نەکراوەکانی حکومەت، جێگری سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، حکومەت بڕیاریداوە ڕێگە بە هەناردەکردنی سنوورداری سووتەمەنی بدات و داهاتەکەی لەنێو دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان دابەش بکات و ئەو بڕیارەی حکومەت سەرەتا لە پارێزگای سنە جێبەجێ  دەکرێت.

جەمشید ئەنساری، جێگرانی سەرۆک کۆماری ئێران، گوتووشیەتی: “بەشێک لە قازانجی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان بەو بەشە لە دانیشتیوانی سنوورەکان دەدرێت کە تا 20 کیلۆمیتر مەودایان لەگەڵ هێڵی سنووری هەبێت”.

 بەپێی چەند ماڵپەڕێکی ناوخۆیی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای هەرەوەزی گوندنشینەکانی مەریوان ـیش لەمبارەوە گوتوویەتی: “پڕۆژەکەی حکومەت دادپەروەرانە نییە و هەندێک لە بنەماڵەکانی دانیشتووی سنوورەکانیش بۆ وەرگرتنی پارەکە ناونووس نەکراون”.

بەپێی ئەو هەواڵە کە بنکەی هەواڵنێری سنووریی بانە بڵاوی کردۆتەوە، ئەم پرۆژەیە 17 هەزار و 400 بنەماڵە لە شارەکانی: سەوڵاوا، سەقز، بانە و مەریوان دەگرێتەوە. هەر بنەماڵەیەکیش بڕیارە 240 هەزار تمەنی پێ بدرێت.

بەڵێنیی تەرخان کردنی ئەو پارەیە بۆ گوندە سنوورییەکان لە حاڵێکدایە کە خەڵکی مەریوان بە گشتی لە هەمبەر هاتووچووی تانکەرەکانی مەرگ ناڕازین کە ساڵانە مەرگی دەیان هاووڵاتیی ئەو دەڤەرەی لێدەکەوێتەوە.

لەلایەکی تریشەوە سنوورنشینانی کوردستان کە بە گشتی هیچ پیشەسازی و دەرفەتێکی کاریان نیە، ناچار بە کۆڵبەری و فرۆشتنی قاچاغی بەشێک لە کەلوپەلەکان و لە ناویاندا، بەرهەمە نەوتییەکانن کە ئەو هەنگاوە ئەگەر کردەیی بکرێت، ئەو دەرفەتەیان لێ دەستێندرێتەوە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت