کێشەکانی ناو ماڵی کورد هەر دێت و ئاڵۆزتر دەبێ/شرۆڤەی ڕۆژی کورد

0
959

شرۆڤەی ڕۆژی کورد

کێشە و پێکناکۆکیی ناو ماڵی کورد ئەویش لە کاتێکدا کە کورد هێدی هێدی خۆی ئامادەکردبوو تا بەرەو قۆناغی بەدەوڵەت بوون بڕوات، ڕۆژ بە ڕۆژ دەکەونە قۆناغێکی ناڕوون و لێڵترەوە، لێڵی و گێژاوێک کە بە ئاشکرا پرۆسەی نەیارانی کورد بۆ لەناوبردنی کورد و تێکدانی یەکگرتوویی کوردە، یەکگرتووییەک کە هیچ کات بە تەواوی نەهاتۆتە دی.

لە کاتێکدا کە شەڕ و گرژیی نێوان پەکەکە و پارتی لە سنووری سنوونێ و لە قەزای شنگال لە نێوان کوردستانی ڕۆژئاوا و کوردستانی باشوور بەردەوامە و تا ئێستاش هەر دوو لا بە شێوەی میدیایی ئاماژەی شەڕی کوردکوژی بۆ یەکتری دەکەن و هیچیان ئامادە نین لە وتە و هەڕەشە و داخوازییە ناڕوونەکانی خۆیان دابەزن، یەکیەتیی نیشتمانی بە بێ هیچ ڕوونکردنەوە و هۆکارێک، بیرە نەوتییەکانی کەرکووکی داگیر کردووە.

بیرە نەوتییەکانی کەرکووک کە نەوتەکەیان لەمەبەدوا ڕاستەوخۆ بەرەو ئێران دەڕوات و داگیرکردنیان تەنیا بە قازانجی کۆماری ئیسلامیە و دەکرێ بە ئەرمی کۆماری ئیسلامی کرابێ و لە ئەنجامیشدا دەرگایەکی ناکوردانە بێ بۆ هاتنی حەشدی شەعبی، حەشدێک کە سەفیری نوێی عێراق لە فەڕانسە بە نوێنەری مرۆڤایەتی و ڕزگاریدەری عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە باسی لێوە دەکات.

لەلایەکی تریشەوە لە هەنگاوێکی چاوەڕوانکراودا، شاندێکی یەكێتی، پێكھاتوو لە ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، حاكم قادر حەمەجان، عومەر فەتاح، بڵێسە جەبار فەرمان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ شاندی یەكگرتووی ئیسلامی پێکهاتوو لە عومەر محەمەد، مستەفا عەبدوڵڵا، خەرامان محەمەد جاف، عوسمان كاروانی، ئەنجام داوە و دەشڵێن كۆبوونەوەكەیان بۆ تاوتوێكردنی پڕۆژەی یەكگرتووە كە وەك نەخشە رێگا بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكان ئامادەیان كردووە.

نەخشە ڕێگاکە بە ڕوونی دیارە دیاریی چڵکنی تارانە، تارانێک کە دەستی لە شەڕی کوردکوژیی سنووری سنوونیشدا هەیە و مدیاکانی ڕژیم بە ئاشکرا ئەوە دەردەخەن. نەخشەرێگایەک کە ڕێک دوای ئەوەی کە لە ٢٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، شاندێکی باڵای یەکگرتووی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی سەردانی وڵاتی ئێرانیان کرد، هاتۆتە ئاراوە. لە هەمان کاتێشدا، تۆڕی میدیایی ڕووداو بانگەشەی ئەوە دەکات کە، “بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە ژمارەیەک چەکداری یەبەشە دەستکەوتوون، ژمارەیەک ئەفسەر سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، بە هاوڕێیەتی ژمارەیەک سەرکردەی حەشدی شەعبی، بەردەوام سەردانی بنکەکانی هێزەکانی یەبەشەیان کردووە و لەگەڵ فەرماندەکانیان کۆبوونەتەوە، هاوکات ژمارەیەک لە ئەفسەرانی سوپای قودس، لەگەڵ بەرپرسانی یەبەشە کۆبوونەتەوە، دوای ئەو کۆبوونەوانە فەرمانەکان بۆ هێزەکانی یەبەشە دەرکراون، بەمەبەستی پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە.”

بە لێکدانەوەیەکی کورتی هاوکێشەکان، واتا:

– دانیشتنی قاسم سلێمانی لەگەڵ پەکەکە  لە کۆنفرانسی کوردەکان لە مۆسکۆ.

– سەردانی بارزانی بۆ تورکیە و دانیشتن لەگەڵ ئەردۆغان

– سەردانی سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو بۆ ئێران

– دەست بەسەر بیرە نەوتییەکانی کەرکووک داگرتنی یەکێتی لە هەوڵێکی لەپڕ و بێ ڕاگەیاندن و لەناکاودا.

بە ڕوونی دەردەکەوێ کە لەو شەرەدا هەر هەموو لایەنە کوردییەکان لە باشوور و باکوور، تەنیا ئامرزای دەستی داگیرکارانن و بە بێ هیچ لێکدانەوەیەکی خۆیی و کوردانە و بە بێ هیچ زەروورەت و حەوجێیەکی مێژوویی، تەنیا مێژوویەکی ڕەش لە کوردکوژی لە سەدەیەکی هاوچەرخدا کە هەموو جیهان چاوی لەسەر کوردە، دەنووسنەوە. مێژوویەک کە بەشێک لە چاوەدێرانی سیاسی لایان وایە پارتی دێموکراتی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە تا ئێستا خۆی نەتەوەییتر لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەرخستووە، تەنانەت ئەگەر براوەی شەڕیش بێ، دۆراوی مێژووی کوردایەتییە.

ناوەندی ڕۆژی کورد سەرلەنوێ ئەو شەڕە مەحکووم دەکات و لامان وایە دەبێ هەموو لایەنەکان بیر لە وتە و بڕیاری مێژوو لەسەریان بکەنەوە و بە دان و ستان و بە ڕاگرتنی هەڕەشە و کپ کردنی چەکەکان، ناو ماڵی کوردی یەکبخەنەوە و بە دوژمنانی کوردی نیشان بدەن کە چیتر تاک و حیزبی کوردی ئیزن نادا ببێتە بووکەڵەی یارییە سیاسییەکانی داگیرکەران و هیچ هێزێکی تر.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت