کۆنفرانسی لە دیرۆکەوە بۆ چیرۆک، چیرۆکی کوردی و چۆنیەتی کەڵک وەرگرتن لە گێڕانەوە کۆنەکان لە مهاباد بەڕێوە چوو

0
880

ڕۆژی کورد: ڕۆژی چوارشەممە 6ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆنفڕانسێکی ناوخۆیی لە ژێر ناوی “لە دیرۆکەوە بۆ چیرۆک، چیرۆکی کوردی و چۆنیەتی کەڵک وەرگرتن لە گێڕانەوە کۆنەکان” بە وتاربێژیی ڕەحیم عەبدوڕڕەحیمزادە و لە لایەن بنکەی فەرهەنگی و هونەری ئەدەبیی مەهاباد (ئەنجومەنی ئەدەبی) بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی هاژە، عەبدوڕڕەحیم زادە لە سەرەتای دانیشتنەکەدا وێڕای ئاماژە بەوە کە ڕەخنەی ئەدەبی لەخۆگری ڕەخنەیەکی گەورەتری دیکەیە وتی: ئەم جۆرە ڕەخنەیە زیاتر ئیرادگرانەیە و دەکرێ بڵێین هەنگاوی یەکەمە و باشە بەڵام بۆ ئەدەبیاتی تازەپێی مودێڕنی کوردی، ڕەخنەی پێشنیارگەرانە دەتوانێ زۆربەی کەمایەسییەکان پڕ بکاتەوە و ڕەخنەی ئێمە لەو بوارەوە کەم و کوڕی زۆرە.

ئەم ڕەخنەگر و لێکۆلەری بواری ئەدەب و هونەر ڕایگەیاند: چەند لایەنە یان چەند بۆعدی بوون لە ئاسەوار و شاکارەکانی گەورەی داستانی جیهان یەکێک لە خاڵە سەرەکی و گرینگەکانە و ئەم ئاسەوارە خاوەن لایەگەلێکن وەک ئەندێشە، مێژوو، ئۆستوورە و…

ڕەحیم عەبدوڕڕەحیم زادە هەروەها وێڕای ئاماژە بە پێناسەی بیرمەندان و ڕۆشنبیرانی جۆراوجۆر لەسەر ئۆستوورە وتی: ئەمڕۆ باس و لێدوان لەسەر ئۆستوورە بەم هۆیەیه کە بیرمەندانی سەدەی بیستەم بەولا ڕایان وایە ئۆستوورەکان لە مێشکی مرۆڤدا بوونیان هەیه و ئەساتیر لە زەینی مرۆڤ دوور ناکەونەوە بەڵکوو گۆڕانکارییان بەسەر دادێت.

ڕاشیگەیاند: نەتەوەیەک کە خاوەنی ئۆستوورە نەبێت و نەیناسێ بێ شک لە شوناسدا تووشی گرفتی جیددی دەبێت.

عەبدوڕڕەحیم زادە وێڕای ئاماژە بە ئۆستوورە لە نێو گەلانی جۆراوجۆری جیهانیدا وتی: ئامریکا خاوەنی ئۆستوورە نییە و خەریکی سازکردنی ئۆستوورە لە ڕێگەی هالیووده.

ئەو هەروەها به هێنانە گۆڕی ئەم پرسیاره که داخوا ئێمەی کورد خاوەن ئۆستوورە هەین یان نا؟ وتی: هەوڵ دەدرێ جیهانی ئۆستوورەناسی کورد به شارستانیەتی نێوان دوو چۆم “بین النهرین” گرێ بدرێ.

لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا وتی: ئێمەی کورد هەنگاوی جیددیمان لە بواری ئۆستوورەناسی هەڵنەهێناوەتەوە و لەم بوارەدا شپرزەیی و تێکەڵاوییەکی زۆر هەیە.

ئەم لێکۆلەڕە وتیشی: نووسەرانی ئێمە گەڕانەوەیان بۆ ئاسەواری ئۆستوورەیی کەمتره، لەحن لە ئەدەبیاتی کوردی یەکدەسته و چیرۆک نووسی کورد بە لەحنێکی شاعیرانە و ئینتزاعی چیرۆک دەنووسێ.

لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: دەکرێ لە ڕێگەی گێڕانەوە و ڕەوایەتە کۆنەکان جیاوازی بەدی بێنین، ئەم گەڕانەوەش نە تەنیا خراپ نییه بەڵکو دەتوانێ لە ئافراندنی ئاسەوارگەلێکی باش یارمەتیدەر بێت.

شایانی باسە کە لە کۆتایی کۆنفڕانسەکەدا، دانیشتنی زانستی نێوان ڕەحیم عەبدوڕڕەحیم زادە و هیوا قارەمانی دەستی پێکرد و دوای لێدوان لەسەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی چیرۆک، لە لایەن ئامادەبووان ڕووبەڕووی پرسیار بوونەوە و ئەوانیش لە کاتی دیاریکراودا وڵامەکانی خۆیان ئاڕاستە کرد.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت