کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حدکا سەبارەت بە هێرشی ‌هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەر کۆڵبەران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

0
1245

ڕۆژی کورد: کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی کوردستان میدیا بڵاو بۆتەوە، داوای لە سەرجەم چالاکان، هەڵسووڕاوان ورێکخراوە مەدەنییەکان کردووە کە؛ سیاسەتی هێرش بۆ سەر کۆڵبەران و خەڵکی کاسبکاری ناوچە سنوورییەکان مەحکووم بکەن و سیاسەتی سەرکوتکارانەی ئەم ڕێژیمە لەقاو بدەن.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ڕاگەیەندراوی کۆمیسیۆنی ته‌شکیلات لە پەیوەندی لە گەڵ هێرش بۆ سەر کۆڵبەرانی کورد لە ناوچە سنوورییەکان

بۆ بیروڕای گشتی!

هەر وەک ئاگادارن، لە درێژەی سیاسەتی سەرکوت و داپڵۆسینی هێزەکانی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری شاری سەردەشت، کەوتنە بەر پەلاماری هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران و لە ئاکامدا چەند کۆڵبەری کورد کوژران و بریندار بوون.

ئەم هێرشە نامرۆڤانەی هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم، هەر چەند یەکەم جار و دوایین جار نییە کە ڕووبەڕووی خەڵکی کاسبکار و بێ‌دەرەتانی ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێتەوە و مافی ژیانیان لێ زەوت دەکات، لە ڕاستیدا درێژەی سەرکوتی سیستماتیکی گەلی بەشخوراو و ماف زەوت کراوی کوردە بە هەموو چین و توێژەکانیەوە.

بەردەوامیی ئەم سیاسەتە نامرۆڤانە و دژی گەلییە لە کاتێکدایە کە؛ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە درێژایی تەمەنی نگریسی خۆی، نان و ئازادیی زەوت کردووە و لە ئێستاشدا خەریکی چەواشەکاری و بەڕێوەبردنی شانۆی بەناو هەڵبژاردنە لە ئێراندا. گومانێک لەوەدا نییە کە هەموو تاکێکی ئازادیخواز و سەرجەم نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران، چیدی نابێ بەرانبەر بەم بێ‌مافییە و بێ‌بەری بوونە لە ژیان و نان و ئازادیی و کەرامەتی مرۆیی خۆیان، بێ‌دەنگی هەڵبژێرن. ئەرکی، شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازانەی هەر تاکێکی کوردە کە بەرانبەر بە سیاسەتی دوژمنکارانە و مرۆڤکوژانەی کۆماری ئیسلامی دەنگ هەڵبڕن و بە هەر شێوەیک کە بۆیان دەکرێ بەرەنگاری ئەم ڕێژیمە ببنەوە.

سیاسەتی قیزەون و نائینسانیی لێ ئەستاندنی مافی ژیان لە هەر شێوەیەکدا بێت، مەحکوومە و دژ بە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤە. لێرەوە داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ دەکەین بەرپەرچی ئەم سیاسەتەی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی بدەنەوە. چاوەڕوانیشمان لە سەرجەم چالاکان، هەڵسووڕاوان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان ئەوەیە کە؛ سیاسەتی هێرش بۆ سەر کۆڵبەران و خەڵکی کاسبکاری ناوچە سنوورییەکان مەحکوم بکەن و سیاسەتی سەرکوتکارانەی ئەم ڕێژیمە لەقاو بدەن.

داواکارین، سەرجەم چالاکان، تێکۆشەران و هەموو تاکێکی کۆمەڵگای کوردستان، بە هەست بە بەرپرسایەتی و ئەرکی نیشتمانی و مافخوازانەی خۆیان، لە بەرانبەر ڕێژیمێکدا کە ڕۆژانە نان و ئازادییەکان زەوت دەکات، هەڵوێست و ناڕەزایەتیی خۆیان دەرببڕن و یەکڕیز و یەکگرتوو، هەوڵی دەستەبەرکردنی مافی ئازادی و ژیان و پاراستنی کەرامەتی مرۆیی خۆیان بدەن و زیاتر لە هەموو کاتێک ڕیزەکانی خەبات پتەوتر بکەن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیسیۆنی تەشکیلات
٢٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت