کۆماری ئیسلامی و حەوتووی بەناو یەکگرتوویی (شیکاریەک لە ئیسلام و کۆماری ئیسلامی)

0
667

خوێنەری هێژا، وت و وێژی بەردەستت، بەرهەمی یەکێک لە سمینارەکانی گەورەژووری (ڕاوێژ) ـە لە کاناڵی تلێگرام و لە تێیدا لە لایەن هەڵمەت مەعرووفی یەوە، پرسیار ئاراستەی بەشداربووان (٢٠٠ کەس) کراوە، بەو هیوایە بۆ تۆی ئازیزیش بەکەڵ بێت

سێڵاو: سڵاوی خودای مه‌زن له‌ هه‌موو ئۆگرانی ئازادی و خۆم به‌ به‌خته‌وه‌ر ده‌زانم ئه‌م شه‌و له‌ خزمه‌ت دۆستانی ئازیزو شاره‌زا وزانا له‌ بوواره‌ جۆراوجۆره‌کان دام. من له‌ خزمه‌ت ئێوه‌دامه‌ به‌ گوێره‌ی توانایی خۆم تا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ بده‌مه‌وه‌ که‌ سه‌باره‌ت به ‌ئیسلام و حه‌وتووی وه‌حده‌ت ده‌یهێننه‌ به‌ر باس.

ڕاوێژ: مامۆستا بەر لە مژاری سەرەکی با پرسیارێک بکەین کە لە مێشکی زۆر کەس دایە. ئیسلام چەند جۆرە کە هەندێک هەمێشە خۆ لە ئەوانەی تر بە ڕاستتر دەزانن؟

سێڵاو: ئیسلام یه‌ک جۆره‌ و دابه‌ش نابێت به‌سه‌ر چه‌ندین ته‌وه‌رو. جۆری ئیسلامی ته‌نیا ئه‌و ئیسلامه‌ قه‌بوڵه‌ که‌ باوه‌ڕمه‌نده‌کان، ته‌واوەتی ده‌ستووراتی خودای گه‌وره‌ به‌ درووستی ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

ڕاوێژ: ئەو یەک ئیسلامە کە درووستترە و دابەشیش نابێ کامە؟ بە چی بیناسینەوە؟ با کەمێک باس لە ڕا جیاوازەکان بکەم. مامۆستا دەفەرمووی ئایینی ئیسلام یەکە و نابێ بە دوو هەموو ئایینزا ئیسلامی و فرقە و تاقمەکانی تریش وا دەڵین بەڵام ئەوەی کێشەیە، پێوەرەکانن کام پێوەر هەیە کێ ڕاستە؟ ئیسلامی سعوودیا، ئێران، تاڵبان، داعش و ….تاد ئەگەر ئیسلام یەکە ئەو هەموو فرقە و ئایینزایە چین کە وا دەکات چوار مەزهەبی سووننی و دەیانی شیعە بوونیان هەبێ؟ ئەوانە کۆمەڵە پرسیارێکن

کە دواتر دەگا بەو ئاقارەی کە جیاوازی زۆریان بۆتە هۆی کێشە و کەسانێک ناچارن داوای یەکگرتوویی بکەن و حەوتوویەکی بۆ تەرخان بکەن.

سێڵاو: پێشەکی با باسێک لە سەر وشەی ئیسلام بدەین. کاتێک بگەڕێینەوە سەر قورئان، ئیسلام بە مانای ئاشتەوایی ،گوێڕایەلی، و ئیخلاس دێت و هەرکەس خاوەنی ئەم سێ خاڵە بێت، ئیسلامی ڕاستەقینە بە ئەژماردێت، ئاشتەوایی گرنگترین تەوەرە لە ئیسلامدا هەروەکوو دەفەرموێت یا ایهاالذین امنوا ادخلوا فی السلم، بقره 208 واتە ئەی ئەوانەی باوەڕمەندن وەرنە ناو ئایینی ئاشتی..

ڕاوێژ: مامۆستا ئەوانە کۆمەڵە درووشمێکن کە هەر ئایینێک دەیاندا، گاپەرەستەکانیش وا دەڵین بەڵام ڕاستی ئیسلام ئەوە نیشان نادات. ئیزن بدەن با لە مژارەکەمان دوور نەکەوینەوە دەچینەوە سەر باسی یەکگرتوویی، دیارە ناهاوبیری لە ئیسلامدا هەیە کە کەسانێک دێن باسی حەوتووی یەکگرتوویی دەکەن. یەکگرتوویی واتاکەی چێە؟ پێناسەیەکمان ئەگەر بە کورتی بۆ بکەن.

سێڵاو: لە تێبینی پرسیاری پێشوو لە بارەی ئیسلامی ڕاستەقینەدا دەڵێم هەر هەموو لایەنێک ئەمڕۆکە خۆی بە ئیسلامی ڕاستەقینە دەزانێت بەڵام پێویستە ئێمە بە باشی سەرنج بدەینە ئایەتەکان وحەدیسەکان و لەگەڵ زانست ومەنتق وئەقڵی خۆمان لێکیان بدەینەوە ئەوجا بۆمان دەردەکەوێت کامە ئیسلام ڕاستەقینەیە واعتصموا بحبل الله

جمیعا ولا تفرقوا. من باوه رم به وەحدەت هەیە چوونکە دەستوورێکی خوداییە، بەڵام وەحدەت بە چ مانایەک؟ ئەم جۆرە وەحدەتەی کە کۆماری ئیسلامی باسی لێوەدەکات. وەحدەتێکی کە لە ناو دەسەڵاتی ئێراندا هەیە بەمانای فریودان و چەواشەکارییە تاکو هێزو توانای تەواو بەدەست بێنێت.

ڕاوێژ: بۆ چەند جۆر یەکگرتوویی هەیە؟ مەگەر ئەوەی ئەو دەیڵێ چ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەوەی ئێوە هەیە؟ قورئان یەک قورئانە. چۆنە وشەکان ئاوا ناکۆکیان تێدایە؟ مەگەر سەرچاوەی هەمووتان هەر قورئان نیە؟

سێڵاو: ئەمە درووشمێکی عەوام فەریبانەیە کە دەیهەوێت خەڵکی نووستووی ئێران بە ناوی ئیسلام فریو بدات. لە حاڵێکدا باس لە وەحدەت دەکرێت کە پێنج میلیۆن سووننە لە تاران دەژین کەچی ئیزنی درووستکردنی تەنیا مزگەوتێک نادات و تەنیا شوێنی نوێژکردنی باوەڕمەندانی ئەم مەزهەبەشێ لەگەڵ خاک یەکسان کرد.

ڕاوێژ: زیاتری شی بکەنەوە بۆ دەبێ کۆماری درۆیەکی ئەوتۆ بکا و دروشمیکی ئاوا قەبە بدات؟

سێڵاو: یەکگرتووی بە مانای رێز گرتنە لە باوەڕی یەکتری، بەڵام بە پێچەوانە هەرکەس لە ناوخۆ، وەحدەتی کۆماری ئیسلامی ویلایەتی رەهای فەقیە قەبوڵ نەکات ئیتر دووژمنە هەرچەند موسوڵمانیش بێت. دەزانین کە رژیمی بە نێو ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتایی بەدیهاتنییەوە هەڵگری هیندێک درووشمی عەوام فریوانە بوو، وەک ناردنی ئیسلام بۆ دەرەوەی سنوورەکانی، ئەوەش کاتێک دەستەبەر دەبێت کە بتوانێت خۆی بە ئیسلامەوە بچەسپێنێت هەربۆیە حەوتووی وەحدەتیشی هێنایە کایەوە.

ڕاوێژ: مامۆستا من لەو ئایەتە( واعتصموا بحبل الله جمیعا و لا تفرقوا) وا تێدەگەم کە ئەگەر من نەمهەوێ دەست بە گوریسی (اللە) وە بگرم و بە پێی مافی چارەی خۆ نووسین ئایینێکی تر هەڵبژێرم یان ئەوەتا ببم بە ئاتێئیسیت (خودا ناباوەڕ) ، ئەو کات ئەو فەرمانەم لەسەر بەرێوە دەچێ کە ئەلقاعیدە و داعش و کۆماری ئیسلامی دەڵێین. ئەوانیش دەڵێن چونکە ئێوە لە ژێر چەتری اللە دا نین دەتانکوژین، ئایا لێرەدا ئیسلام خۆی هۆکارێک نیە بۆ پەرتەوازەیی و یەک نەگرتوویی؟

سێڵاو: ڕاسته‌ ئه‌م یه‌کگرتووییه‌ بۆ باوەڕمه‌ندانه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌ مانای بێ رێزی کردن به‌ بیروباوەڕی غه‌یره‌ ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌کان نییه.‌ ئیسلام هاو شێوه‌ی موسوڵمانان رێز له‌ به‌ها پیرۆزه‌کانی دیکه‌ ده‌گرێت، ئەلقاعیده‌ و داعش زۆر جیاوازن له‌ ناوه‌رۆکی ئیسلامی ڕاستین

ڕاوێژ: لە باسەکە دوور دەکەوینەوە بەڵام جولەکەکانی بە نی قورەیزە لە کاتی دەسەڵاتداری پێغەمبەری ئیسلام لە مەدینە دەرکران، ئەوە دەچێتە چوارچیوەی یەکگرتوویی جیاباوەڕانەوە؟.

سێڵاو: ئیسلام دژی تووندئاژۆییه‌ وئیدانه‌ی تووند ئاژۆکان ده‌کات وله‌ خۆیان ناگرێت قالی تعالی یا ایهالذین آمنوا ادخلوا فی السلم کافة: بقره‌ 208 واته‌ ئه‌ی ئه‌وکه‌سانه‌ی باوه‌ڕمه‌ندن وه‌رنه‌ ناو ئایینی ئاشتی، دیاره‌ خودای گه‌وره‌ مه‌به‌ستی ئاشته‌وایی بووه‌ بۆ کۆمه‌ڵگایی مرۆڤایه‌تی به‌ گشتی بۆیه‌ باس له‌وه‌ده‌کات ده‌ڵێت ئایینی ئاشتی. تووندوتیژی ئیدانه‌ده‌کات وده‌فه‌رموێت ادع الی سبیل ربک بالحکمة والموعظة الحسنة وجادلهم بالتی هی احسن: نحل 125 “واته ‌بانگه‌وازی ئایینه‌که‌ت بکه‌ به‌ حکمه‌ت و زمانی نه‌رم وقسه‌ی جوان و مشتوومڕی دژبه‌ره‌کانت بکه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر شیاو..

ئه‌وه‌یکه‌ باس له‌ کوژرانی جووه‌کانی سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر ده‌کرێت له‌ ڕاستیدا درووستکراوی شوێنیزمی عه‌ره‌بییه‌ ئه‌گینا زۆر له‌ ناوه‌رۆکی قورئان به‌دووره‌ ئێمه‌ باس له‌ ئاشتی ده‌که‌ین هه‌روه‌ک له‌ ئایه‌تی پێشووتردا ئاماژه‌م پێکرد چۆن ده‌کرێت ئیسلام هاوکات له‌ گه‌ڵ نه‌رمی و لێبوورده‌یی و ئاشته‌وایی واتەیەکی تر وه‌ک تووند ئاژۆیی ببێت؟ دیاره‌ شه‌ڕکردن و کوشتن به‌ بێ خوێن ڕشتن نابێت به‌ڵام ئیسلام پێوه‌رێکی بۆ شه‌ڕ کردن له‌ گه‌ڵ دژبه‌رانی خۆی داناوه‌ که‌ ده‌فه‌رموێت وقاتلوا فی سبیل الله‌ الذین یقاتلونکم ولا تعتدوا ان الله‌ لا یحب المعتدین واته‌ شه‌ر له‌ گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌ بکه‌ن که‌ شه‌ڕیان پێ فرۆشتوون به‌ڵام زیاده‌ڕه‌ویش مه‌که‌ن چونکه‌ خودا زیاده‌ڕۆه‌کانی خۆش ناوێت ئایا ئه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ کوشتنی به‌ بێ هۆی جووله‌که‌کان یه‌ک ده‌گرێتەوە؟

ڕاوێژ: ئایا ئەو شوینیزمی عەرەبیە لە ئایەتە مەدەنیەکانی قورئان سەرجاوە ناگرێ؟..

سێڵاو: به‌ باوەڕی من به‌ڵێ و تەنانەت درووست بوونی ئه‌حزابی سیاسی ئیسلامیش ده‌یانهه‌وێت ئیسلام بۆ مه‌به‌سته‌ نگریسه‌کانی خۆیان به‌کار بێنن، ئیسلام باس له‌ دۆستایه‌تی له‌ گه‌ڵ بێ باوه‌ڕان ده‌کات و ئه‌مر به‌ نوێنه‌ره‌که‌ی خۆی ده‌کات که‌ ئه‌م کاره‌ ئه‌نجام بدات و ان احد من المشرکین استجارک فأجره‌ سوره‌ی ته‌وبه‌ ئه‌گه‌ر بێ باوەڕه‌کان دۆستایه‌تی تۆیان کرد تۆش بیکه.

ڕاوێژ : مامۆستا یەکگرتوویی ئیسلامی چ قازانجی بۆ کورد وەک مرۆڤێک کە بەشێکی زۆریشی مسوڵمانە هەیە لە حاڵێکدا کە ساڵەهایە ڕێکخراوی یەکگرتوویی وڵاتانی ئیسلامی هەیە و هەر ئەوانیش بوون کە لە هەمبەر کیمیا بارانی هەڵەنجە بێدەنگ بوون؟

ژووری ڕاوێژ له‌ تێلێگرام
ژووری ڕاوێژ له‌ تێلێگرام

سێڵاو: به‌ باوه‌ڕی من ئیسلامی سیاسی جا هه‌ر لایه‌نێک بێت له‌ ژێر کاریگه‌ری شوێنیزمی عه‌ره‌بیدایه‌ ئه‌گه‌رچی به‌یداخی کوردایه‌تیش هه‌ڵگرن.

ڕاوێژ: مامۆستا بە ڕای ئێوە باشتر نیە وەک سکۆلارەکان و لیبرالەکان لە جیاتی باس لە یەکگرتوویی ئیسلامی، باس لە یەکگرتوویی مرۆڤایەتی بکەین و هەوڵی بۆ بدەین؟ خۆ ئەوە لە کورد نزیکترە.

‌سێڵاو : من باوه‌ڕم وایه‌ ئیستا که‌ ئیسلام بۆته‌ که‌ره‌سته‌ی هیندێک خودا نه‌ناس که‌ هه‌ر که‌سه‌و ده‌یهه‌وێت به‌ قازانجی خۆی که‌ڵکی لێوه‌رگرێت هه‌ر بۆیه‌ پێم باشتره‌ تا ئه‌و کاته‌ی مرۆڤێکی ڕاسته‌قینه‌ و به‌توانا له‌ ئیداره‌ی یاسای ئیلاهی ده‌سه‌ڵات دەگرێتە دەست، ده‌سه‌ڵاتێکی سکۆلار بێت وئایین ته‌داخولی کاروباری حکومه‌تی نه‌کات، ئه‌وه‌ش به‌ومانایه‌ نییه‌ که‌ ئیسلام ناتوانێت دادپه‌روه‌ری بکات به‌ڵکو هه‌روه‌ک وتم نه‌بێته‌ که‌ره‌سته.

ڕاوێژ: ڕایەکی جێگای ڕێزە و لاشم وایە بەو شێوەیە تا دونیا بە دونیایە دەبێ دەسەڵات بە دەست کەسی سکۆلارەوە بێ. مامۆستا هەردوک دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی توانیویانە ڕەنگی دین و ئیسلام بدەن بە ناسیونالیزمی خۆیان و تەنانەت دەیان و سەدان جار بە دژی بزوتنەوەی کورد ی بەکاری بێنن. پێتان وانییە ئێمەی کورد کە هێشتا دەوڵەتمان نییە نابێ زۆر خۆمان بە دین و مەزهەبەوە ببەستینەوە، چونکە دەبێتە هۆی پرش و بڵاوی کۆمەلگای فرە مەزهەبی کورد؟؟ وا باشتر نییە کە مەزهەبەکان بەرینە خزمەت نیشتیمان؟‌..

سێڵاو : بۆچی! من هه‌میشه‌ وتوومه‌ تورک عه‌ره‌ب فارس که‌ڵکیان له‌ ئیسلام وه‌رگرت و ئیسلامیان به‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان کرد به‌ڵام کورد رێک به‌ پێچه‌وانه‌ خۆی به‌ قوربانی ئیسلام کردووه‌، ئیسلام به‌ بێ جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی مافی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ک و نژادێکی وه‌ک یه‌ک دیاری کردووه‌ یا ایهالناس انا خلقناکم من ذکر وانثی وجعلناکم شعوبا وقبائل ان اکرمکم عنداالله‌ اتقکم. واته‌ ئه‌ی مرۆڤه‌کان من ئێوه‌م به‌ بێ جیاوازی ره‌گه‌زی  له‌ نێر ومێیه‌ک دروست کردووه‌ و کردوومن به‌ عه‌شیره‌ و نژاد و نه‌ته‌وه‌ی جیاواز به‌ بێ جیاوازیش ئه‌و که‌سه‌ له‌ لای من به‌رزه‌ که‌ خواترسی زیاتر بێت چ عه‌ره‌ب چ کورد چ ژن چ پیاو. له‌ ئیسلامدا به‌رته‌ری نییه‌ ژن یان پیاو ، ره‌ش یان سپی ، کورد یان فارس هه‌موو یه‌کن. لا فضل لاحد علی احد، لا فضل لابیض علی اسود، ولا لاسود علی ابیض…… الا بتقوا الله‌.

ڕاوێژ: با بێینەوە سەر باسی سەرەتا، دانانی حەوتووی یەکگرتوویی (وەحدەت) پێویستەیە یان پیلان؟ ئامانج لە دانانی دەگەڕێننەوە بۆ سەر چی؟ وەک خۆتان لەگەڵ یەکگرتوویی کورن یان ئیسلامیەکان بە گشتی؟

سێڵاو: حه‌وتووی وه‌حده‌ت به‌و مانایه‌ که‌ ئه‌و حه‌وت رۆژه‌ی نێوان له‌ دایک بوونی پێغه‌مبه‌ر واته‌ له‌ 12 تاکو 17ی ره‌بیع 1 بۆ ته‌بایی ناو ماڵی مه‌زهه‌بی سنی و شیعی دانراوه‌ که‌ چی ته‌نیا ناوێکه‌ وهیچ بنه‌مایه‌کی نییه‌، رژیم نه‌ باوەڕی به‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد هه‌یه‌ نه‌ به‌ مه‌زهه‌بی سنی و نه‌ رێزیشی لێده‌گرێت که‌واته‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ بووه‌. ئه‌م شوعاره‌ پیلانێکی دزێوی کۆماری به‌نێو ئیسلامی ئێران هیچ بایخێکی ئایینی نییه‌.

ڕاوێژ: مامۆستا ببوورن، ئیسلامێک کە هەموو شتی (بە بانگەشەی خۆی) بۆ جیهان و هەتا هەتایە داڕشتووە، چۆنە لە دایک بوونی پێغەمبەرەکەی ناڕوونە؟

سێڵاو: ئیسلام واته‌ شه‌رع که‌ بریتییه‌ له‌ قورئان و حه‌دیس. ‌ له‌ قورئان و حه‌دیسیشدا باسی دیاری کردنی ڕێکی له‌ دایک بوونی پێغه‌مبه‌ر نه‌کراوه‌ ته‌نیا ئیکتفا به‌ ڕای سه‌حابه‌کان ده‌کرێت ئێمه‌ سونه‌کان پێمان وایه‌ له‌ دووازدەهووم و  شیعه‌کان پێیان وایه‌ له‌ حەڤدەهوومدا له‌ دایک بووه،‌ هه‌ر که‌سه‌ و ڕای خۆی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌ له‌ کام رۆژ له‌ دایک بووه‌ خۆ ده‌ستووری ئایین له‌ سه‌ر ئه‌م پرسه‌ دانه‌ڕێشتراوه‌ هه‌روه‌ها مێژووی ده‌قیقی هیچ پێغه‌مبه‌رێکی دیکه‌ش دیار نییه‌ بۆ وێنه‌ مه‌سیح و هه‌تا که‌سه‌ بلیمه‌ته‌کانی تریش ئه‌وه‌ هه‌مووی ده‌گه‌رێته‌وه‌ وته‌ی مێژوو.

ڕاوێژ: مامۆستا سەردەمەکان زۆر جیاوازن و لە ئیسلام دا ئەبووهورەیرەکان هەموو شتیان بە دەقە و خولەک نووسیوە و لە سەردەمی عوسمانی کوڕی عەفانیش دا هەموو قورئان نووسراوەتەوە، کەواتا دەکرا ڕۆژی لە دایک بوونیشی دیار بێ. ئەوە باسێکی جیاوازە و لێرە ناچینە سەری ئەگینا لەمەڕ ساڵی لە دایک بوونی پێغەمبەری ئیسلام قسە زۆرە و باسێکی نیو کات ژمێری گەرەکە. ئەو پیلانە (هفته وحدت) بە چ مەبەستێک داڕژراوە و کۆماری ئیسلامی چەند تێیدا سەرکەوتوو بووە؟ هەرچەند کۆماری ئیسلامی بۆخۆی دەڵێ نا پیلان نییە و هەموو ساڵێک گەلێک بەرنامە وفستیڤالیش دەگیڕێ لەو حەوتوویەدا، دەکرێ بڵێین ئێوە بە ڕەشی دەڕوانن و ئەوان نیەتیان خێرە؟

سێڵاو: به‌ڵێ ڕاسته‌ رژیم ساڵیانه‌ خه‌ڵک له‌ ده‌وری ئه‌م درووشمە کۆ ده‌کاته‌وه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری خه‌ڵک له‌به‌ر هۆکاری جۆراوجۆر لەو‌ بۆنەیەی رژیم به‌شدار ده‌بن. ئێمه‌ وه‌ک کورد زۆر حه‌ز به‌ یه‌کگرتووی ده‌که‌ین به‌ڵام ئه‌وه‌ رژیمه‌ به‌ شێوه‌ی ئێمه‌ بیر ناکاته‌وه‌. هه‌رچه‌ند ویلایه‌تی فه‌قیه‌ دژایه‌تی مه‌زهه‌بی سوننی ده‌کات به‌ڵام رژیم ده‌یهه‌وێت له‌ ژێر سێبه‌ری ئه‌م جۆره‌ پیلانانه‌دا به‌ جیهان نیشان بدات له‌ ئێراندا هیچ کێشه‌یه‌کی مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی بوونی نییه.

ڕاوێژ: بۆچی مامۆستا هێندە پێداگری لەسەر لە یەک ئیسلامی ڕاستەقینە دەکەن. ئیسلام سەرەتا وەک نەمامێکی بچووک وابوە کە هەر کەس لە قەدەر بەژ و باڵای خۆی خزمەتی کردووە و گەورەی کردووە و ئێستا بۆتە دارێکی گەورە و بەهێز. پێتان وانییە کە ئەگەر پێداگری لە سەرئیسلامی ڕاستین بکەن دەبێ بیکەنە نەمامەکەی هەوەڵ جار؟؟؟ چ کێشەیەک هەیە کە هەمو بیروڕا ئیسلامیەکان لە پەنای یەکتری کۆک بن و تلۆرانس ببێتە فەرهەنگێکی ئیسلامیش؟؟ ناکرێ لە باتی سیراتی موستەقیم (ڕێگای ڕاست)، باس لە سیراتە موستەقیمەکان (ڕێگا ڕاستەکان) بکەین؟؟؟‌.

سێڵاو: باس له‌ ئیسلام کرا. وتم ئیسلام به‌ واتای ئیخلاس، گوێرایه‌ڵی، ئاشته‌وایی. سه‌یرکه‌ن هه‌ر سێک وشه‌ هانمان ده‌دات بۆ پێکه‌وه‌ژیانی مرۆیانه‌ ، ئیسلام له‌ ڕاستیدا عه‌قیده‌ وبیرو باوەڕی تاکه‌ که‌ له‌ نێوان خودا ومرۆڤدا‌ و مه‌به‌ستی ئیسلام له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات نه‌بووه‌، به‌ڵام دواجار ئه‌م ناوه‌رۆکه‌ش له‌ خۆ په‌یدا ده‌کات یان ده‌یکه‌ن. له‌ باوەڕی ئیسلامیدا که‌ خولیای سێ بابه‌ته‌ دادپه‌روه‌ری، یه‌کسانی، ئازادی، هه‌ر یاسایه‌ک بتوانێت ئه‌م سێ خاڵه‌ گرنگه‌ بۆ کۆمه‌ڵگا دابین بکات ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی ئایینیش نه‌بێت درووسته‌ و ئیسلام قه‌بوڵی ده‌کات، هه‌روه‌ک محه‌ممه‌د عه‌بده‌ ده‌ڵیت چووم بۆ رۆژئاوا ئیسلامم بینی به‌ڵام موسوڵمانم نه‌بینی که‌ گه‌رامه‌وه‌ موسوڵمانم بینی به‌ڵام ئیسلامم نه‌بینی، به‌و مانایه‌ ئه‌وه‌ی له‌ وڵاتانی دێموکراتیک دا هه‌یه‌ هه‌مان شته‌ که‌ ئیسلام ده‌یهه‌وێت بۆ کۆمه‌ڵگا، ئه‌گه‌رچی خه‌ڵکه‌که‌ش باوەڕمه‌ند نین به‌ خودی ئیسلام.

ڕاوێژ: مامۆستا هەر دەسەڵاتێک بۆی هەیە هەوڵی خۆی بدات بۆ درێژ کردنەوەی تەمەنی خۆی (بەداخەوە هەڵبەت ڕێگای خراپ زۆرن) بەڵام ئێمەی کورد، مامۆستای ئایینی کورد (سووننە و شیعە) چیتان کردووە بۆ پێکهێنانی یەکگرتوویی کورد (بە ئایین و ئایینزای جیاوازەوە)؟ حەوتوو هیچ، چرکەشتان بۆ تەرخان کردووە؟ پێتان وا نیە نەبوونی گوتاری نەتەوەیی و یەکدەست لە لایەن ئێوەوە بۆتە هۆکاری ڕەخسانی دەرفەت بۆ ئەم و ئەو؟

سێڵاو: زۆر شتمان کردووه‌ سه‌یری مێژووی شۆرشه‌کانی کوردستان بکه‌ هه‌ر هه‌موویان یان له‌ ته‌کیه‌ یان حوجره‌کانڕا هاتوونه‌، به‌ڵام بۆچی هیچمان بۆ نه‌کراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ خۆمان به‌ قوربانی پیرۆزییه‌کانی ئیسلام کردووه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی دراوسێکانمان.

ڕاوێژ: لێرەدا بابەتێکی زۆر هەستیارتان ورووژاند کە بەداخەوە کاتمان نەماوە. ئەگینا ئیسلام تەنیا ئایینی شمشێر بە دەست و خاوەن سپا بووە و پێغەمبەری ئیسلام خۆی فەرماندەی پێنج غەزوە بووە، چۆن دەفەرموون ئیسلام نەیویستووە سیاسی بێ؟

سێڵاو: شمشیر ناتوانێت باوەڕی مرۆڤ تاکو کۆتایی بگۆرێت و ئیسلامیش هیچکات هه‌وڵی ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ به‌ زۆر خۆی بسه‌پێنێت به‌ڵکو به‌ دادپه‌روه‌ری ویه‌کسانی نێوان خه‌ڵکه‌ جیاجیاکان توانی سه‌رکه‌وتوو بێت. به‌ڵام به‌ره‌نگاریشی له‌ ئایین وبۆچونی خۆی کردووه‌ وله‌و پێناوه‌شدا خه‌ڵکانێک تێدا چوون.

‌ڕاوێژ: کەواتە کورد خوێندنەوەی هەڵەی لە هەستی ئیسلامی و رادەی مسوڵمان بوونی کردووە و دەبێ چاو بە خۆیدا بخشێنێتەوە بۆ بوونی ئایەندەیەکی گەش، کێشەی کورد سیاسیە نەک ئایینی.

سێڵاو: وتم ئیسلام هیچ کێشه‌ی له‌ گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌یه‌ک نییه‌ ئازادی نه‌ته‌وایه‌تی و بوون به‌ خاوه‌ن کیانی خۆت له‌ خواسته‌کانی ئیسلامه‌ کورد خۆی نه‌یتوانیوه‌ ئه‌م ڕاستیانه‌ بدۆزێته‌وه‌ ئه‌گینا شؤر‌شه‌کانی کوردستان هه‌رهه‌موویان ئێستاشی له‌ گه‌ڵ بێت پشتیوانی ده‌نگی مزگه‌وتی له‌ گه‌ڵه‌.

ڕاوێژ: مامۆستا گیان سپاس بۆ بوونتان و ئامادەبوون لەو بەرنامەیە. ئێوە لەو دەگمەن مامۆستایانەن کە خۆتان قوربانی نیشتمان کردووە نەک ئایین سپاس بۆ بوونتان و سپاس بۆ هاتنتان بۆ ئەو بەرنامەیە و بە هیوای یەکڕیزی و یەک گوتاری کورد بە گشتی بە بێ لەبەر چاوگرتنی ئایین و ئایینزاکان. ئاگاداری کێشەکانی لای ئێوەش بووم و دەزانم بە چ زەحمەتێک هاتن و مانەوە و بەشدار بوون دیسان سپاس و سپاس و سپاس بە ناوی خۆم و ژووری ڕاوێژەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت