کۆماری ئیسلامی هێمای توندوتیژیی دەوڵەتی دژ بە ژنان

0
1141
فوئاد شێربەگی
فوئاد شێربەگی

نووسینی: فوئاد شێربەگی

باوەکوو هەڵاواردن و چەوساندنەوە بەشێکی جیانەکراوە لە سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارین و هەموو دەوڵەتەکانی ئەو سەردەمەش پارێزەری بەرژەوەندییەکانی چینێکی تایبەت لە کۆمەڵگان بەڵام تێکۆشان و هەڵسورانی باڵی چەپی کۆمەڵگا توانیوێتی لانیکەمێک لە داواکارییە ڕەواکانی خۆی بەسەر ئەم سیستەمەدا بسەپێنێ و بەڕواڵەتیش بێ بە پەسەندکردنی بڕێک یاساوڕێسای پێشکەوتنخوازانە لە لایەن دەوڵەتانی جۆراوجۆرەوە بتوانێ بۆ دابینکردنی ژیانێکی کەمتر لەدەردورەنج بۆ مرۆڤی ئەوسەردەمە هەنگاوێکی ئەرێنی هەڵێنێ.

یەکێک لە لەبەرچاوترین شێوازەکانی هەڵاواردن، هەڵاواردنی ڕەگەزییە کە بەدوای گۆڕانی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرەکی کۆمەڵگا و دەستپێکردنی پیاومەزنی هەتا ئەمڕۆ دڕێژەی هەبووە و بووەتە سەرچاوەی زۆر شتی ناشیرین و بە شێوازی جۆراوجۆر کاردانەوەی نەرێنی لەسەر ژیانی ژنان داناوە و بە پێی سەردەم و شوێن پاساویان بۆ هێناوەتەوە.

یەکێک لە مەترسیدارترین ئەم کاردانەوانە توندوتیژی دژ بە ژنانە کە بە شێوازی جۆراوجۆر وەکوو جەستەیی، دەرونی، خێزانی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و هتد بەبێ ئەوەی بەوانەوە بەرتەسک بکرێتەوە لە ناو کۆمەڵگای ئەم سەردەمەدا دێتە بەرچاو.

لەوڵاتانی دێموکرات و پێشکەوتوو کە مافی مرۆڤ ڕێزی لێدەگیرێ، بە هەست بەو مەترسییە گەورەیە سەرەڕای ئەوەی ناتواندرێ ئەم تایبەتمەندییەی سەردەمی سەرمایەداری لەو بسردرێتەوە تێکۆشراوە بە پەسەند کردنی یاساگەلێک پێش بە پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە بگیرێ و لەڕێی یاسا دەوڵەتییەکانەوە لەمپەرێک لەبەرامبەر خەسارە کۆمەلایەتییەکانی توندوتیژی دژ بەژنان دابندرێ و لەگەڵ ئەوەشدا تێبکۆشرێت تاک بە کوڵتوری ڕیزلێنان لە مافی ژنان پەروەردە بکرێ.

ئەم هەنگاوە بەتایبەتی کاتێک ژن لەلایەن کەس یا کەسانێکەوە مەترسی توندوتیژی دێتەسەر، دەبێتە هۆکارێک بۆ پێشگرتن لەو دیاردەیە و پەرەسەندنی ئەم کوڵتورە و لە ئەگەری ڕوودانی وەها دیاردەیەکدا دەبێتە پەنا بۆ قوربانی و بەپێی یاسا تاوانبار سزا دەدرێ و پێش بە دووپاتبوونەوە یا توندتر بوونی ئەم توندوتیژییە دەگێرێ و ئەمە وەکوو ئەرکی دەوڵەت دەناسرێت بە پێی یاسا لەگەڵ دۆسیەکەبەرەوڕوو بێتەوە.

دەوڵەتانی پێشکەوتوو بە پەیڕەو کردنی یاساگەلێک کە بەرەنگاری هەرچەشنە توندوتیژییەک دژ بەژنان دەبێتەوە دەتوانن دەورێکی بەرچاویان لە سازکردنی کۆمەڵگایەکی شیاوی ئینسانی بۆ ژنان هەبێت کە لەم کۆمەڵگایەدا ژن بەهەست بە ئاسایش بەهەموو جۆرێک و بەدوور لە مەترسی لەسەر ژیانی بتوانێ بژی.

ئەوەی جێی تێڕوانینە ئەمەیە کە بەشێک لە وڵاتانی جیهان نە تەنیا ئەم یاسایانەی دژ بە توندوتیژی دژ بەژنانە و لەلایەن سەرچاوە جیهانییەکانەوە داندراوە ڕەچاو ناکەن بەڵکوو بە پشت بەستن بە داب و نەریتێکی سەردەمی پێش شارستانیەتی ئینسان و بەتایبەت ئایینەوە یاساورێسایەک بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنن کە ڕیک دژە ژنە و پەرەپێدەری هەڵاواردنی ڕەگەزی و کەڵتووری توندوتیژی دژ بە ژنانە و وەکوو بەهاکانی کۆمەڵگاش لەلایەن هەموو سیستەمی زاڵ بەسەر ئەم وڵاتانەدا پشتگری دەکرێت.

یەکێک لەم وڵاتانەی کە لەهەموو یاساکانیدا هەڵاواردنی ڕەگەزی لەبەرچاو گیراوە و توندوتیژی دژ بە ژنان وەکوو کردەوەیەکی پەسەنەدکراو بەپێی شەریعەتی ئیسلام بەهای پێدەدرێ و بە هەموو توانای هەموو بەشەکانی ئیدارەی حکومەتیشەوە پڕوپاگەندەی بۆ دەکرێ کۆماری ئیسلامی لە ئێرانە.

کۆماری ئیسلامی لە دەستوری وڵاتەکەشیدا نایشارێتەوە کە باوەڕی بە بەرامبەری ژن و پیاو نییە و لە ئەسڵی 20 دا لەباتی ئەوەی باس لەو بەرامبەرییە بکا دەڵی ژن و پیاو وەکوو یەک یاسا پشتگرییان لێدەکا بەڵام ئەم یاسایەی بە پێی شەریعەتی ئیسلام دژ بە ژنە و ژن بە نیوەی پیاو دادەنێ و لە عەقڵ و دین و دنیادا بە کەم بەهرە و نوخسیان دەزانێ.

هەر بە پێی ئەم تێڕوانینەی ئایینی ئیسلام بۆ ژن هەموو یاسا بنەڕەتتیەکانی کۆماری ئیسلامی داندراوە و هەر لە هەموویاندا نە تەنیا ڕستەیەک لە بەرگری لە مافی ژن نابیندرێ هەر هەمووی دژایەتی لەگەڵ هەموو بەها پەسەنکراوەکانی سەردەمی شارستانییەت لە زۆربەی وڵاتانی تری ئیسلامیش هەیە.

لە زۆرەملی کردنی پۆشاک و حیجابەوە بگرە هەتا ڕەوایی بە مێرددانی کچەمنداڵە 9 ساڵەکان لەلایەن باوکیانەوە بە پیاوانی تەمەندار و کوشتنی ژنان بە بیانووی نامووسییەوە و نیوەبەش بوونی ژنان لە بەشەماڵ و دییە و شایەدیدان لە داداگا و نەبوونی مافی کارکردن لە بەشێک لە کاروبارەکانی کۆمەڵگا و پێویستی بەرەزامەندی باوک یا مێرد بۆ کارکردن و سەفەرکردنی ژنان و دەیان شێوازی تری توندوتیژی دژ بە ژنان نە تەنیا لەیاساکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕێگای پێدراوە بگرە زۆر بە توندوتۆڵیش پشتیگیراوە و تێدەکۆشرێت وەکوو ئاکاری بەهاداری کۆمەڵگا بناسێندرێت و لە هەموو سیستەمی فێرکاری ئەم وڵاتە وەکوو بەهای کەسی پەسەندی کۆمەڵگا پەرەی پێدەدرێ.

لە وەها وڵاتێکدا کە توندوتیژی دژ بە ژنان وەکوو شێوازی پەسەندی دەوڵەت پڕۆپاگەندەی بۆ دەکرێ و ئاژیتاسیونێکی هەمەلایەنەی لەهەموو سیستەمی تەواو ژێردەسەڵاتی حکومەت بۆکراوە، ژنی بێپەنا و بێپشتیوان لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ هەرچەشنە توندوتیژییەک لە لایەن هەر کەس یا بەشێک لە کۆمەڵگاوە لەباتی ئەوەی پەنا بەرێت بۆ یاسا و حکومەت دەبێ خۆی لێبشارێتەوە و لەترسی سزادانی زیاتر دەنگی دەرنەیە.

ئەرکی هەموو لایەنێکی پێشکەوتنخوزە لە ئێران بە گشتیو لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی بە ناساندنی مافەکانی ژنان بەخۆیان و کۆمەڵگا و پەروەردە کردنی ژنان و پیاوان بە کۆلتوری پێشکەوتنخواز و شارستانییەت بۆ خۆیان دژ بەو کردەوەیەی کۆماتی ئیسلامی بوەستنەوە و هیوا بەستن بە دەوڵەت هیچ ئاکامێکی لێناکەوێتەوە و بە لە هەڵڵادانی کۆماری ئیسلامی لە هەموو جیهانی پێشکەوتوو، پێش بە بانگەشە درۆکانی ئەم دەوڵەتە بگرن.

ئەوەمان لە بیرنەچێت یەکێک لەسەرەکیترین پێوەرەکانی شارستانییەت و دێموکراسیخوازی ڕاستەقینە لەهەموو جیهاندا ڕێزگرتن لە مافی ژن و بەرامبەری ژن و پیاو لە هەموو بوارەکان دا لە ناو کۆمەڵگادایە و ژن نەتەنیا نیوەی کۆمەڵگایە دایکوو و هاوژینی نیوەکەی تریشە و چۆنێتی ڕوانینی هەر کۆمەڵگایەک لە ژن، داهاتووی ژیانی ئەم کۆمەڵگایە دیاری دەکا.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت