کۆماری ئیسلامی لە ژێر هەڕەشەی داعشدا نیە

0
679

ن . مستەفا هیجری

لەم رۆژانەدا ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری کاروباری دەرەوەی عێراق بە پشتبەستن بە زانییاریەکانی دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە رایگەیاند کە چەند وڵاتێک ـ کە یەک لەوان کۆماری ئیسلامی ئێرانە ـ ئامانجی هێرشی داعشن.

هەر بەدوای ئەو راگەیاندنەدا هێندێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران خەبەری جۆراوجۆریان لە پشت راست کردنەوەی ئەو خەبەرە بڵاوکردەوە :
ـ عەبدولرەزاق فەزلی وەزیری ناوخۆ لە بەرنامەیەکی تەلەویزیونی شەوی ٢ی سەرماوەز باسی لە دۆزینەوەی چەند بۆمب لە خۆرهەڵاتی وڵات کرد کە بۆ تەقینەوە ئامادە کرابوون.

ـ رۆژی شەممە ٢٨ی خەزەڵوەر ناوەندی خەبەری دەوڵەتی (ایرنا) لە زمانی جێگری ئەمنییەتی ناوخۆی وەزارەتی ئیتلاعات خەبەری دۆزینەوە و لە ناوبردنی دوو تیمی تیرۆریستی لە خۆرهەڵات و خۆرئاوای وڵات راگەیاند.

ـ ناوەندی خەبەری خوێندکارانی ئێران (ایسنا) لە زمانی فەرماندەی گشتی سپای پاسداران وێڕای پشتڕاستکردنەوەی بوونی تۆرەکانی پشتیوانی تاقمی “دەوڵەتی ئیسلامی” لە ئێراندا و لە ناوبردنی یەکێک لەوان رایگەیاند کە :” باقی دیکەی ئەو تۆرانە لە ژێر چاوەدێری دان و ئەگەر پێویست بکا بەرخوردیان لەگەڵ دەکرێ”. ئەو فەرماندەی سپا هەروەها رایگەیاند ” لەوانەیە داعش بتوانی هێندێک کاری بچووک بکا، بەڵام ناتوانێ لە ئێراندا نائەمنی پێک بێنێ هاوشێوەی ئەوەی لە وڵاتانی دیکەدا دەیکا”.
ئەو چەند خەبەرە وەک نموونەیەکن و خەبەری لەم چەشنە زۆرن.

بەڵام بە پێی ئەو زانییاریانەی کە لەدەستی ئێمەدان، ئەم هەواڵە ـ هەڕەشەی داعش بۆ سەر ئێران ـ خەبەرێکی بەتەواوی سازکراوە و ئێران لە ئێستادا نەک هەر لە لایەن داعشەوە مەترسی لەسەر نیە، بەڵکوو وەک پێشوو مۆرە نفوزییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانانی لە نێو ئەو گرووپە تیروریستیەدا زۆرترین دەسەڵاتیان هەیە و دەوری سەرەکی دەگێڕن لەو پیلانانەی کە رێژیمی ئێران پێیان دەسپێرێ بەدژی کورد، عەرەبی سوننە و شوێنەکانی دیکە کە مەبەستی ئێرانە. کەوابوو مەبەستی کۆماری ئیسلامی لە سازکردنی ئەو خەبەرە چەواشانە و بڵاوکردنەوەی لە زمانی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێراق چییە؟

ـ کۆماری ئیسلامی لە تەبلیغاتی خۆیدا وای نیشانداوە کە لەبەرەی دژی داعشدایە و لە دژی ئەو هێزە شەڕ دەکا، وەک بەڵگەی ئەو دژایەتییەش کوژرانی چەندین ئەفسەر و گەورە فەرماندەی خۆی لە شەڕی دژ بە داعش لە سووریە بە نموونە دێنێتەوە. (دیارە رووداوی کوژرانی ئەو ئەفسەرانە ناگەڕێتەوە بۆ شەڕ دژی داعش، بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ هۆیەکی گرنگی دیکە کە لە کاتێکی گونجاودا ئاماژەی پێ دەکەین)، بەداخەوە تا ئێستا زۆر لایەنیش باوەڕیان بەو سیناریۆیە کردوە کە کۆماری ئیسلامی سازی کردووە.

لەم رۆژانەدا کە ئەمریکا و روسیاش گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی کە شەڕ لەو وڵاتە پێویستە کۆتایی بێت ( هەرچەند جارێ وادیارە لەسەر دەوری بەشار ئەسەد ناکۆکن) و بۆ ئەو مەبەستە هێندێک بەرنامەی کاریان راگەیاندووە کە بە هاوکاری نوێنەری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەیانەوێ لە چەند مانگی رابردوودا جێبەجێی بکەن.

لەم وەزعەدا ئێران دەیەوێ بە راگەیاندنی خەبەری لە ژێرهەڕەشەبوونی لە لایەن داعشەوە، سەنگی خۆی لە لای کایە بەدەستانی سەرەکی یەکلاکردنەوەی شەڕی سووریە قورستر بکا و بەشێکی زیاتر لە ئامانجەکانی خۆی لەو ئاڵوگۆڕەدا بپێکی بۆ ئەوەی یەکلابوونەوەی وەزعی سووریە ئەو هەموو یارمەتییە دارایی، سەربازی و سیاسیەی کە بۆ پارێزگاری لە بەشار و حکوومەتەکەی کردوویە مایەپووچ دەرنەچێ. بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی داعش لەسەر خۆی بە دراوسێ و دنیاش بسەلمێنێ دەبێ چاوەڕوان بین لەو ماوەیەدا خەبەری لە ناوبردنی هێندێک گرووپی وەهمی داعش لە سنوورەکانی ئێران، یان دەستبەسەر کردنی کەسانێک بە بیانووی بوونی پێوەندییان بە داعشەوە بڵاو بکاتەوە ـ وەک ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا رایانگەیاند ـ تەنانەت بە دوور نازانرێ کە هەر بۆ ئەو مەبەستە هێندێک تەقینەوە ساز بکا، کەسانێک کە مەبەستیە لە نێوخۆی ئێراندا تیرۆر بکا و تاوانەکەی بخاتە سەر ئەستوی داعش و … .

ـ خاڵێکی دیکە کە لەو پێوەندییەدا جێگای سرنجە ئەوەیە کە، هەرچەند هاندانی رووسیە لەلایەن کۆماری ئیسلامی بۆ دەستێوەردانی جیددی لە سووریە بە قازانجی مانەوەی بەشار ئەسەد شوێندانەر بوو، بەڵام بەو دەستێوەردانە، رووسیە لە جیاتی ئێران بوو بە یاریکەری سەرەکی لە یەکلاییکردنەوەی وەزعی سووریە لە ناو هێزەکانی ناوچەدا و ئێران خەریکە لەو پێوەندییەدا گرنگی خۆی لەدەست دەدا، بە تایبەت کەوا دەردەکەوێ رووسیە زۆریش بێمەیل نەبێ لەو کایەیەدا لەگەڵ ئەمریکا بسازێ و بەو چەشنە ئێرانی هاوپەیمانی بە کردەوە ببێتە هۆی وەرگرتنی ئیمتیاز بۆ رووسیە لەو کایەداو، ئێران هەستی بەو مەترسیی کردبێ، بۆیە پێویستی بەوەیە خۆی زیاتر دەربخا وەک لایەنێک کە گوایە مەترسی هێرشی داعشی لەسەرە، چوونکە لەگەڵ داعش لە شەڕ دایە.

ـ لە راستیدا نیگەرانی کۆماری ئیسلامی نەک لە هەڕەشەی داعش بۆ سەر وڵاتەکەی، بەڵکوو لە کۆتایی هاتنی شەڕی داعش لە ناوچەداو، تەنانەت لە ناوچوونی داعشە، داعشێک کە لەسەرەتای پێکهاتنییەوە یارمەتی زۆری لە لایەن ئێرانەوە پێکراوە و بۆتە هۆیەکی سەرەکی بۆ دەسەڵاتبەدەستی ئەو رێژیمە لە ناوچە بەتایبەت لە عێراق و سووریەدا. لە بەرەکەتی پێکهاتنی ئەو رێکخراوەدا کۆماری ئیسلامی توانیویەتی هێزێکی بەتوانا بە ناوی حەشدی شەعبی لە ئێراق پێک بێنێ و رۆژبە رۆژ بەهێزتری بکا و ئامانجەکانی خۆی پێ بپێکی، لە سووریەش بە هەزاران کەس لە هێزی سەربازی و سپای پاسدارانی جێگیر بکا بە بەهانەی شەڕ لەگەڵ داعش و، وەک بە ئاشکرا رایانگەیاندووە سووریە بۆ ئەوان لە پاریزگای خوزستانی ئێران گرنگترە و ئێستا بە وڵاتی خۆیانی دەزانن.

ئێستاکە دوورە دیمەنی کۆتایی شەڕی داعش و لە ئاکامدا گۆڕانی هاوکێشە سیاسی ـ نیزامییەکان لەو ناوچەیەدا دەرکەوتووە، لەوە بەدوا ئێران ئەو هێز و دەسەڵاتەی لەو وڵاتانەدا بە چ بیانوویەک دەپارێزێ؟ ئەوە گەورەترین نیگەرانی ئێرانە لەو ئاڵوگۆڕانە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت