کۆماری ئیسلامی: لە هەمبەر قسەکانی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، هەڵوێستی شیاومان دەبێ

0
787

ڕۆژی کورد: دوای لێدوانی تێزرا می، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لە دواهەمین کۆبوونەوەی وڵاتانی کەنداو، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەروا دژکردەوە نیشان دەدەن و بەرپرسی کومیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی مەجلیسیش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ داوای دەرکرانی باڵوێزی بریتانیا لە ئێران دەکات.

تێرزا می، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە دانیشتنەکانی ساڵانی شۆڕای هاوکاریی وڵاتانی کەنداو لە بەحرەین، باسی لە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاری کردن لەگەڵ وڵاتانی کەنداو لە هەمبەر سەرەڕۆییەکانی ئێران لە ناوچە، دەربڕیبوو و کۆماری ئیسلامیش باڵوێزی ئەو وڵاتەی بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کرد و گازندەی توندی ئێرانی پێ ڕاگەیاندبوو.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی، محەممەدباقر نەوبەخت، وتەبێژی دەوڵەت، ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٣ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، قسەکانی تێزرا می لە مەڕ ئێران بە خۆ تێهەڵقوتاندن زانی و گوتیشی ئەو لێدوانانە، تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکەیان لێدەکەوێتەوە، ئەوە لو حاڵێکدایە کە ئێران هۆکاری سەرقامگیریی ناوچەکەیە.

نەوبەخت هەروەها گوتیشی: “زۆر سەیرە کەسێک لەوپەڕی ئەوروپاوە بێت و لەسەر ناوچەی ئێمە، قسە بکات، ئێمە هەڵوێستی شیاو لەگەڵ قسەکانی ئەومان دەبێت”.

پێشتر، محەممەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەوبارەوە هەڵوێستێکی زۆر توندی گرتبوو و گوتبووی: “هەندێک لە ناوچەکە، بەوپەڕی هیچ و پووچیەوە، خاتوونێک دێننە ناوچەکە تا پێیان بڵێ ئاسایشتان بۆ دابین دەکەین”.

تێزرا می، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، لە دانیشتنی ساڵانی شۆڕای هاوکاریی وڵاتانی کەنداو، راستەوخۆ ئاماژەی بە ناوی ئێران وەک ئەکتەری سەرەکیی ئاژاوەنانەوە لە ناوچەکە کردووە و گوتوویەتی: “دەمهەوێ دڵنیاتان بکەمەوە کە من ئاگاداری سەرجەم ئەو هەڕەشانە هەم کە ئێران ڕووبەڕووی هەمووی خۆرهەڵاتی ناڤین و کەنداوی کردۆتەوە”.

پێشتریش نزیک بە ٢٠٠ نوێنەر و لۆردی بریتانیا لە کۆنفرانسێک کە ڕۆژی پێنج شەممە 27ی خەزەڵوەری 1395ی هەتاوی لە مەجلیسی گشتیی ئەو وڵاتە لەمەڕ دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران پێکهات، لە ڕێگای دەرکردنی ڕاگەیێندراوێکەوە داوایان کرد لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەمەڕ لەسێدارەدانەکان و کوشتنی بەندکراوە سیاسییەکان لە ئێران بکرێت.

لەو کۆنفرانسەدا کە بە سەرۆکایەتیی قەشە جان پریچارد، ئوسقۆفی پێشووی ئاکسفۆرد پێکهات، نوێنەرانی پارلمان کە لە هەموو حیزبەکانی ئەو وڵاتە پێکهاتبوون، لۆردەکان و ڕێبەرانی ئایینیی ئینگلستان، دڵەڕاوکێی جیدیی خۆیان لەمەڕ ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران و بەتایبەت لەسێدارەدانی بە ئاشکرا و هەروەها لە سێدارەدانی گەنجان و مێرمنداڵان و ژنان، دەربڕی.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت