کۆماری ئیسلامی بە دژی ئەمریکا، بوودجەی بەرنامە مووشەکییەکانی زێدە کرد

0
702

ڕۆژی کورد: پارلمانی کۆماری ئیسلامی، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، وەک دژکردەوە بە نوێترین گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بە پەسندکردنی گەڵاڵەیەک، بوودجەی بەرنامە و تاقیکارییە مووشەکی و هەروەها ڕاکێتییەکانی زیاتر کرد.

ئەو گەڵاڵەیە بە ٢٢٨ دەنگی هاوڕا و ئەرێ و یەک دەنگی نەرێ و دوو دەنگی بێ لایەن، لەناو ٢٤٢ نوێنەری ئامادە لە ناو مەجلیسی ئێران، پەسند کراوە.

لە مادەی ١٤ی ئەو گەڵاڵەیەدا هاتووە: “دەوڵەت و هێزە چەکدارەکانی ئێران ئەرکدار دەکرێن بەوەی کە بە مەبەستی پاراستنی تەناهی و بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیی وڵات و پشتیوانی لە هاوپەیمانان لە هەمبەر تیرۆریزم، ڕێگاچاری پێویست لەمەڕ بەهێزکردنی تواناییە بەرگریکارانەکانی کۆماری ئیسلامی لە بواری ئافەندی و پەدافەندی وەک هەوایی، زەریایی، ویشکانی، مووشەکی و خستنە گەڕی پەدافەند لە هەمبەر هێرشی ناوکی و سازکردنی پێشڕانەکان، باتریی ناوکی، وێنەگەریی نۆترۆنی و پزشکی ناوکی، بە هێز و جیدی بوونێکی زۆرەوە، پلاندارێژی بکەن و بە کردەوە کار بکەن”.

لەو گەڵاڵەیەدا، ئەمریکا بەوە تاوانبار کراوە کە کردەوەی تیرۆریستی بە دژی مسوڵمانان و بەتایبەتی بە دژی مسوڵمانە ڕەش پێستەکانی ئەو وڵاتە ئەنجام داوە.

بەو پێی پێدەچێ ئەوجار کۆماری ئیسلامی هەوڵ بدات تا مسوڵمانە ڕەش پێستەکانی ئەمریکا بە دژی ئەو وڵاتە هان بدات و گرووپی ئیسلامی لەو وڵاتە بخاتە ئاراوە.

حەسەن ڕوحانی، سەرۆک کۆماری ڕژیمی ئێرانیش دەڵێ، “هەر کەس ئەو هاوکێشەیە تێک بدات ئەوا خۆی زیان دەکات.” ڕوحانی وێڕای بانگەوازی لە ئەمریکا بۆ ڕەچاوکردنی ڕێکەوتننامەی ڤیەن، هۆشداری دەداتە ئەمریکا دە شڵێ، ئەمریکا ئەو ڕێکەوتننامەی بە لاوازی جێبەجێ کردووە.

حەسەن ڕوحانی، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار لەگەڵ بەرپرسانی سپای تیرۆریستیی پاسداران، بەتایبەت لەسەر نووسرانی درووشمی “ئیسراییل دەبێ نەمێنێ” لەسەر مووشەکەکان، کێشە و دمەقاڵەی بووە بەڵام ئێستا دەردەکەوێ کە ڕوحانی بە کردەوە لە پشت بەرنامە مووشەکی و ناوکییەکانی ئێرانە.

مەجلیسی کۆماری ئیسلامی هەروەها گەڵاڵەیەکی لە ژێر ناوی “ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کردەوە تێرۆریستی و تێکدەرانەکانی ئەمریکا” پەسند کردووە.

ئەوە یەکەم جارە کە پارلمانی ئێران، بە ئاشکرا و بە فەرمی ئەمریکا بە بکەری کردەوەی تیرۆریستی لە خۆرهەڵاتی ناڤین لە قەڵەم بدات.

تا ئێستا ڕوون نیە مەبەست لە کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەمریکا چیە و ئێران دەیهەوێ چۆن بەرنگاریان بێتەوە.

ناساندنی ئەمریکا وەک بکەری کردەوەی تیرۆریستی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە کاتێکدایە کە ئەو ڕژیمە خۆی بە پشتیوانی کردنی حیزبووڵا، تاڵبان، حوسییەکانی یەمەن و دەیان گرووپی تیرۆریستی لە سووریە و هەروەها حەشدی شەعبی لە ئێراق، تاوانبارە.

واشنگتۆن لە کۆتاییەکانی مانگی جوولای، گەمارۆی نوێی بە دژی بەرنامە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی، لەسەر ئێران داناون.

گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکا، کەسەکان، ڕێکخراوەکان و سەرجەم هەڕەشەکانی لە حاڵی بەڕێوەچوونی ئێرانیان لە خۆ گرتووە.

تا ئێستا ڕوون نییە ئەو بوودجە نوێیەی کە کۆماری ئیسلامی بۆ چالاکییە مووشەکییەکانی تەرخان کردووە، چ چەشنە گۆڕانکارییەک لەو بەرنامانەدا پێک دێنێت.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت