کۆتایی کۆبوونەوەی رووسیا، ئێران و تورکیە سه‌باره‌ت به‌ سووریە لە وڵاتی قەزاقستان

0
752

رۆژی كورد :
دوازدەهەمین خولی کۆبوونەوەکانی ئاستانا لە پێتەختی وڵاتی قەزافستان بە دەرکردنی داخویانێک کۆتایی پێ هات. رووسیا، تورکیە و ئێران لە سەر گۆڕینەوەی دیلەکان و ناردنی یارمەتیە مرۆڤ دۆستانه‌کان بۆ ئەدلەب ڕاوێژیان کرد، هاوکات هەر سێ وڵات پەیوەستکردنی بەرزاییەکانی جۆلان بۆ سەر وڵاتی ئیسرائیلیان شەرمەزار کرد.

کۆبوونەوەی دوو رۆژەی دوازدەهەمین خولی کۆبوونەوەکانی سووریە لە ئاستانا رۆژی جۆمعە ٢٦ ئاپریل کۆتایی پێهات، لەم کۆبوونەوە دا نوێنەرانی هەر سێ وڵاتی رووسیا و تورکیە و ئێران و هاوکات چەن وەفدی دەوڵەتی بەشار ئەسەد و دژبەرانی ناوبراو بەشداریان کرد.
 ئەلێکساندر لائۆرنتیف نێردراوی ڤلادیمێر پۆتین بەرپرسی شاندی رووسیا و عەلی ئەسغەر خاجی ئالیکاری مەزنی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی وەکوو بەرپرسی شاندی ئێرانی بەشداری کۆبوونەوەیان کرد. هەروەها لە وڵاتی تورکیە سەدات ئۆناڵ جێگری وەزیری دەرەوی ئەو وڵاتە وەکوو شاندی وتووێژ بەشداری کۆبوونەوەی کرد. جێگای ئاماژەیە نۆێنەرانی ڕێکخراوەی نەتەوه‌ یه‌كگرتووه‌كان و خاچی سوور وەکوو چاودێر بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد.
 هەواڵنێری فەرانسە دوای کۆتایی هاتنی ئەم کۆبوونەوە لە شاری نوور سۆڵتان (ئاستانا) لە ڕاپۆرتێکی خۆی دا باس لەوە ئەکات کە لەم کۆبوونەوەیە دا پێکهێنانی كۆمیته‌یه‌ك بۆ ڕێکخستنی یاسای بنەڕەتی وڵاتی سووریە بەرەوپێش چوونێکی بەرچاوی نەبووە، رووسیا و ئێران و تورکیا لە مەڕ پێکهێنانی كۆمیته‌ی یاسای بنەڕەتی لە کۆتایی بڵاوکراوەکەی خۆیان ڕایانگەیاندووە کە هاوکات لە گەڵ نێردراوی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یه‌كگرتووه‌کان لە سەر کاروباری سووریە ڕاوێژیان کردوووە و جەجتیان لە سەر ئەوە کرد کە وتووێژەکان لە مەڕ پێکهێنانی كۆمیته‌ی یاسای بنەڕەتی سووریە لە ژنێڤ درێژەی پێدەدرێت.
 دیاری کردنی ئەندامانی کۆمیتەی یاسای بنەڕەتی سووریە وەک یەکێک لە کێشە مەزنەکانی سەر ڕێگای چارەسەرکردنی ئاڵۆزیە سیاسیەکانی وڵاتی سووریە بووە و لە بواری دیاری کردنی ئەندامانی ئەم کۆمیتە دا جیاوازی بۆچوونێکی زۆر هەیە. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێداگرە لە سەر ئەوەی کە نوێنەری هەموو هێزە سیاسیەکانی سووریە ئەبێت لە نووسینەوەی یاسای بنەڕەتی داهاتووی وڵاتی سووریە دا بەشدار بن بەڵام دەوڵەتی بەشار ئەسەد بە دەیان جار ناره‌زایه‌تی خۆی بە وەرگرتنی ئەندامانی چەن هێزی ئۆپۆزیسیونی دژبەر و ناکۆکی خۆی بە توندی دەربڕیووە. ئەلێکساندر لائۆرنتیف نێردراوی ڤلایدیمیر پۆتین لە یەکەم رۆژی کۆبوونەوەکەدا بە ئاشکرا باسی لە ناکۆکی و ناڕوونیەکی زۆر لە وتووێژەکان دا کرد، بەڵام لە ڕاگەیەندراوی دواهەمین کۆبوونەوە دا هەموو لایەنەکان جەختیان لە سەر ئەوە کرد لە کۆبوونەوەی داهاتوو لە ژنێڤ ئەندامانی بەشداری کۆمیتەی یاسای بنەڕەتی دیاری بکرێن. رووسیا و تورکیە و ئێران داکۆکیان کرد لە هەوڵەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕێاریان دا کۆبوونەوەی داهاتوو لە ژنێڤ بەڕێوە بچێت.
 بابەتەکانی دیکەش وەکوو ئاڵووگۆرکردنی بەندکراوەکان و ناردنی یارمەتی مرۆڤ دۆستانە و هەروەها باس لە سەر باروودۆخی ئەدلەب هاوکات لە کۆبوونەوەی قەزاقستان خرایە بەر باس و وتووێژیان لە سەر کرا.
 هەر سێ وڵاتانی رووسیا و ئێران و تورکیە هاوکات لە گەڵ هەموو ناکۆکیەکانیان دوای ساڵی ٢٠١٧ چەندین کۆبوونەویان لە سەر ئاشتی و برایەتی سووریە لە ئاستانای پێتەختی وڵاتی قەزاقستان بەڕێوەبردووە کە تا ئێستا ١٢ کۆبوونەوەیان کردووە و ئەم دانیشتنانە بە کۆبوونەوەی ئاستانا ناودێڕ کراوە، ئاستانا ناوی پێشووی پێتەختی وڵاتی قەزاقیستانە کە لە مانگی مارچی ئەمساڵدا بۆ ڕێز گرتن لە خزمەتەکانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە ناوەکەی بە نوور سۆڵتان گۆڕدرا. دانیشتنەکانی ئاستانا یا نوورسۆڵتان شان بە شانی دانیشتنەکانی ژنێڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامە و درێژەی پێ ئەدرێت بە بێ ئەوەی ئاکامێکی بەرچاوی لێکەوتبێتەوە.
 لە  بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەمجارە دا نوێنەرانی هەر سێ وڵاتی رووسیا، ئێران و تورکیە لە بڵاوکراوەی کۆتایی کۆبوونەوەکەیان دا بە فەرمی ناسینی پەیوەستکردنی بەرزاییەکانی جۆلانیان بۆ سەر ئیسرائیل لە لایەن ئامریکاوە بە توندی شەرمەزار کرد و باسیان لەوە کرد کە پەیوەست کردنی بەرزاییەکانی جۆلان بۆ سەر ئیسرائیل لە لایەن ئەو وڵاتەوە پێشێل کردنی ئاشکرای دوابڕیارنامەی ٤٩٧ شۆڕای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و ئەبێتە هۆی مەترسی لە سەر ئاشتی و برایەتی و ئاڵۆزی باری ئەمنی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە کوتایی دا هەموو لایەنەکانی بەشدار هاوڕا جەختیان لە سەر  ڕاگۆێستنی دەسەڵاتی سیاسی سووریە لە ژێر چاودێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و ڕایانگەیاند کە کێشەی وڵاتی سووریە لە ڕێگای هێزی سەربازی چارەسەر ناکرێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.